سه‌رۆك بافڵ له‌ ناو كه‌ژاوه‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ له‌ كه‌ركوك: پارێزگارێكمان هه‌یه‌ كه‌ خزمه‌تی هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌كات

11:21 - 2025-03-26
کوردستان
91 جار خوێندراوەتەوە
سه‌رۆك بافڵ له‌ كه‌ركوك سه‌ردانی ناوشاری كرد و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كه‌ركوكییه‌كان وگه‌نجانی شاره‌كه‌ كرد

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە یاوەری د.هاوڕێ شێخ دارۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی، جەلال شێخ ناجی سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری، سەردانی شاری كەركوكی كرد و لەلایەن رەفعەت عەبدوڵڵا، ئاسۆ مامەند، رزگار حاجی حەمە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی و هەڤاڵانی یەكێتییەوە بە گەرمی پێشوازیلێكرا. 
لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیدا بۆ كەركوك، كە مەبەست لێی بەدواداچوون بوو بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی یەكێتی و دانانی پارێزگار كە لە كاتی هەڵبژاردندا بە كەركوكییەكان درابوو، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لەگەڵ زانایان و مامۆستایانی پایەبەرزی ئایینیی كەركوك، كۆبووەوە. 
سەرۆك بافڵ، رۆڵی بەرچاوی زانایان و مامۆستایانی ئایینی بەرزنرخاند لە پاراستنی بەهابەرزەكان و ئاشتی كۆمەڵایەتی و بەهێزكردنی گیانی برایەتی و رایگەیاند: یەكێتی هەمیشە بە چاوی رێز و پڕبەهاوە لە مامۆستایانی ئایینی دەڕوانێت كە لە بوارە جیاجیاكاندا خزمەت دەكەن و بەشێكی گرنگن لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە. 
بافڵ جەلال تاڵەبانی، ستراتیژیی یەكێتی لە كەركوك روونكردەوە و وتی: لەم شارە خۆشەویستە ستراتیژمان بەشداریی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانە لە بەڕێوەبردندا و جەخت لە پاراستنی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە كەركوك و پابەندبوون بە زامنكردنی مافی هەمووان دەكەینەوە.
هەر لە درێژەی سەردانەكەیدا بۆ كەركوك، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەردانی ناوشار و چەند شوێنێكی جیای كرد و چاوی كەوت بە كەركوكییەكان و گەنجانی شارەكە و لە نزیكەوە گفتوگۆی لەگەڵدا كردن لەبارەی ئیدارەی نوێ و خزمەتگوزاریی لە شارەكە و پێداویستی خەڵك و ئەو كێشانەی كە رووبەڕوویان دەبێتەوە. 
سەرۆك بافڵ بە كەركوكییەكانی وت: بە سیاسەتی چەپكەگوڵەكەی مام، ئیدارەی كەركوك دەدەین و خزمەتی دەكەین، بۆیە ئیدارەی نوێ و پارێزگار لە ماوەیەكی كەمدا توانییان لە هەموو رووەكانەوە خزمەتی بەرچاوی شارەكە بكەن و حكومەتی خۆجێییان خستە خزمەت خەڵكی خۆشەویستی كەركوك. 
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە درێژەی قسەكانیدا، سوپاسی رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوكی كرد و پشتیوانی خۆی بۆ دووپاتكردەوە و وتی: لای ئێمە كەركوك قودسی كوردستانە و هەر بەوجۆرە دەمێنێتەوە، هەمیشە خزمەتكردنی كەركوك كاری لەپێشینەمانە، چونكە كەركوكییەكان شایەنی هەموو خزمەتێكن.

 

پارێزگاری كەركوك بۆ کوردستانی نوێ: سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، هەمیشە لە خەمی خەڵكی كەركوكدایە

رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەك چۆن پێشووتر، سەرۆك بافڵ، لە خەمی دانانی ئیدارەیەكی نوێ بوو بۆ كەركوك، ئێستاش لە خەمی گوزەرانی خەڵكی كەركوكدایە بەسەرجەم پێكهاتەكانییەوە.
وتیشی: سەردانەكەی سەرۆك بافڵ بۆ كەركوك، شتێكی تازە نییە، چونكە بەڕێزیان بەردەوام سەردانی شارەكەیان كردووە، ئامانج لەم سەردانەش لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا بۆ ئەوە بوو كۆبوونەوە لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی ئەنجام بدات، چونكە مامۆستایانی ئایینی رۆڵی باشیان لە نێو كۆمەڵانی خەڵكدا هەیە، هەروەها كۆبوونەوە لەگەڵ چین و توێژەكانی شارەكە دەكات بۆ گوێگرتن لە كێشە و داواكارییەكانیان، راشیگەیاند: سەرۆك بافڵ رایسپاردین وەك چۆن لە پێشووتردا ئیدارەی كەركوك كاری خزمەتگوزاریی بۆ سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە كردووە، هەر بەوجۆرە بەردەوام بێت، سەردانەكەشی خۆی لە خۆیدا پاڵپشتییە بۆ ئیدارەی خۆجێیی كەركوك.
هێمن ئەحمەد

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان