مامۆستا جه‌عفه‌ر*
رێكه‌وتێكی مێژوویی سه‌یره، ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداری جیهانی شیعر و ئه‌ده‌بی كوردی بم، سێ شاعیری كورد له دوو سه‌ده‌ی جیاوازدا، له مانگی نۆڤه‌مبه‌ردا كۆچی دواییان كردووه:
1- نالی مه‌زن 1873/11/23
2- گۆران 1962/11/18
3-جه‌میل ره‌نجبه‌ر 1980/11/18
ئه‌و كاته‌ی من له شاخ بووم، سێ شاعیری لاوی به‌هره‌مه‌ندی جوانم له نزیكه‌وه ده‌ناسی، پاشان وه‌كو ئه‌ستێره‌ی به‌ری به‌یان، به‌دوای یه‌كتریدا شه‌ربه‌تی شه‌هیدبوونیان نۆشی:
1- حه‌مه ئه‌مین پۆڵا (مامۆستا شه‌ماڵ)
2- حسێن مه‌ولوود كۆكه‌یی (مه‌لا عه‌لی)
3- جه‌میل ره‌نجبه‌ر
بێگومان چوار شاعیری ترم له‌وێ ناسیووه و هه‌ر چواریان له مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتی كاریان كردووه. هیوای ته‌مه‌ن درێژی و ته‌ندروستی باش بۆ سییانیان ده‌خوازم، چواره‌میان چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ژیانئاوایی لێكردین:
1- هه‌ڤاڵ كوێستانی
2- حسێن به‌فرین
3- ناسر حه‌فید
4- ئه‌بو به‌كر خۆشناو
مامۆستا جه‌میل ره‌نجبه‌ر، كادیرێكی پێشكه‌وتووی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتی بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوڕێی شه‌هید غاندی برام بوو، من حیسابی مامۆستا و برای گه‌وره‌م بۆ ده‌كرد. ئه‌و پیاوێكی هه‌تا خوا حه‌ز بكات جوان، ئێسك سووك و رۆشنبیر بوو. له هه‌موو بۆنه‌یه‌كدا، گه‌وره‌یی و میهره‌بانی خۆی ده‌نواند. كه‌سێكی جوامێر، وره‌به‌رز، كۆمه‌ڵایه‌تی، كراوه، دڵپاك، عاشقی خاك و وڵات بوو. به ده‌ستێك تفه‌نگی له شان ده‌كرد، به ده‌سته‌كه‌ی تری شیعری بۆ خه‌بات و شۆڕش و هه‌ژاران ده‌نووسی. مرۆڤێكی ساده، خاكی و سه‌ربه‌رز بوو. رۆژانه به‌سه‌ر باره‌گاكانه‌وه، به‌سه‌ر ده‌سته ده‌سته‌ی پێشمه‌رگه‌كاندا ده‌گه‌ڕا. گوێی بۆ ئه‌زموون و خه‌ونه‌كانی یه‌ك به یه‌كیان راده‌دێرا. ئێواران به ده‌سته‌واره‌یه‌ك نوكته و قسه‌ی خۆش و ده‌نگوباسی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواوه بۆ ناو هێلانه‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕایه‌وه. زۆربه‌ی كات، ئه‌و ده‌موچاوه گه‌شه، خه‌نده و ئۆخژنی لێ ده‌باری، نوكته و قسه‌یه‌كی خۆشی ده‌گێڕایه‌وه، هه‌مووان له قاقای پێكه‌نینیان ده‌دا.
شه‌هید بوونی جه‌میل ره‌نجبه‌ری شاعیر و رووناكبیر و كه‌سایه‌تیی جوان و سه‌نگین، كه‌لێنێكی زۆر گه‌وره‌ی بۆ كۆمه‌ڵه و یه‌كێتی دروست كرد
زۆرجار بۆ سوعبه‌ت پێیده‌گوتم كاتێك ئێمه پێكه‌وه له‌سه‌ر بابه‌تێك ده‌دوێین، ئه‌رێ ئه‌وه تۆ بۆ بیرت له شوێنێكی تره؟ منیش بۆ سوعبه‌ت قسه به‌ناوبانگه‌كه‌ی دیكارتم بۆ ده‌گێڕایه‌وه (من بیرده‌كه‌مه‌وه، كه‌واته من هه‌م!) ئێوه زۆرجار بیر له ئێستا ده‌كه‌نه‌وه، من جه‌نجاڵی داهاتووی نادیار، زۆرتر سه‌رقاڵم ده‌كات.
جه‌میل ره‌نجبه‌ر ماوه‌ی پتر له سێ ساڵی له زیندانی رژێمی فاشیی به‌سه‌ربرد. ئه‌میش وه‌كو مه‌لا عه‌لی، گرتن و ئازاردان وره‌ی نه‌ڕووخاند. ئه‌شكه‌نجه‌دانی فاشیانه، نه‌یتوانی ده‌ستی له كۆلكه‌زێڕینه‌ی شیعر پێ هه‌ڵبگرێت. له كونی تاریكی ئه‌شكه‌وتی زیندانه‌وه، په‌پوله‌ی شیعری بۆ ده‌ره‌وه ره‌وانه ده‌كرد.
له هه‌ولێر به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رپێی یه‌كتریمان ده‌ناسی. پاش شه‌ش حه‌وت ساڵ له مه‌مله‌كه‌تی زه‌ڵێ و خڕی ناوزه‌نگ به دیداری یه‌كتری شادبووینه‌وه. ئه‌و له‌ترسی دووباره گرتنه‌وه، زوو هه‌گبه‌ی شیعری له‌سه‌ر شان دانا و دایه شه‌قه‌ی باڵ. ئه‌وه‌ی راستی بێت ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی تازه له زیندان ئازاد كرابوون، من و شه‌هیدی جوانه مه‌رگ ئازاد هه‌ورامی ناومان لێنابوون ”گروه زیندان”، له شاخیش پێكه‌وه سه‌ریان به‌یه‌كه‌وه نابوو. له كتێبی (به خه‌ونی گه‌وره‌وه كه‌وتینه رێ) شیكاری خۆمم بۆ ئه‌م گروپه كردووه. لێره به پێویستی نازانم سه‌رله‌نوێ ئه‌و داستانه شه‌نوكه‌و بكه‌مه‌وه.
مامۆستا جه‌میل ره‌نجبه‌ر، ته‌پوتۆزی ته‌كه‌تول و ده‌سته‌گه‌ری و فراكسیۆنبازیت به ده‌موچاویه‌وه نه‌ده‌بینی. زۆر رێزی له خۆی ده‌گرت. سیاسه‌تی ته‌بایی و راگرتنی دڵی هه‌مووانی لا زۆر گرنگ بوو. ئه‌و رۆژه‌ی بۆ لام هات و نیازی رۆیشتنی بۆ ده‌شتی هه‌ولێری پێڕاگه‌یاندم، دڵم زۆر ته‌نگ بوو. زانیم ئیتر ئێمه یه‌كتری نابینینه‌وه. ئه‌و شه‌ڕی هه‌لیكۆپته‌ری نه‌بینی بوو، پێیوابوو ده‌شتی هه‌ولێری شۆڕشی ئه‌یلوول و ده‌شتی هه‌ولێری ساڵی 1980 یه‌كێكه.
هێزێكی گه‌وره‌ی 200 پێشمه‌رگه‌یی به‌سه‌ركردایه‌تی كاك عومه‌ری سه‌ید عه‌لی پێكهێنرا، به‌ره‌و ناوچه‌ی ئاكۆیان و كێوه‌ڕه‌ش جووڵا، هێزی ئاوا به ئاسانی ده‌بێته ئامانجی په‌لاماری سوپای رژێم. رۆژی 1980/11/18 ئه‌و هێزه له ئاسمانه‌وه به هه‌لیكۆپته‌ر په‌لامار ده‌دات و زیانی هێزی پێشمه‌رگه به‌داخه‌وه زۆر قورس ده‌بێت، جه‌میل ره‌نجبه‌ر و چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی تر شه‌هید ده‌بن و كاك عومه‌ری سه‌ید عه‌لی به‌خه‌ستی بریندار ده‌بێت.
شه‌هید بوونی جه‌میل ره‌نجبه‌ری شاعیر و رووناكبیر و كه‌سایه‌تی جوان و سه‌نگین، كه‌لێنێكی زۆر گه‌وره‌ی بۆ كۆمه‌ڵه و یه‌كێتی دروست كرد. ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی كۆكه‌ره‌وه و خۆشه‌ویست و راكێشه‌ر بوو. ده‌یتوانی رێكخستن و هێزی پێشمه‌رگه به‌ره‌و ئاستێكی باڵا به‌رێت. به رۆیشتنی ئه‌و ئه‌ستونده‌گی تاوڵی پلانه‌كانمان درزێكی زه‌قی تێكه‌وت و تا ئه‌مڕۆش شوێنه‌واری دیاره.
نووسین و لێدوان له‌سه‌ر دیوانی شیعره‌كانی جه‌میل ره‌نجبه‌ر به پێویست ده‌زانم، ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌ستۆم گرتووه، با بۆ هه‌لێكیتر بمێنێت.
*ئه‌ندامی یه‌كێتی نووسه‌رانی جیهان
شه‌هید جه‌میل ره‌نجبه‌ر، لەگەڵ پۆلێک سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگەی شۆڕش