ئەلفای ئەدەبی منداڵان

ئەدەبی منداڵان، پێشەکییەکی زۆر کورت

11:10 - 2025-03-27
ئەدەب و هونەر
286 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان

ئەو ناونیشانەی سەرەوە، ناوی کتێبێکی خاتوو (کیمبەرلی رینۆڵدز)ە، کە یەکێکە لە کتێبە پڕ بایەخەکان دەربارەی ئەدەبی منداڵان بە شێوەیەکی زۆر کورت و پوخت، رێبەرێکی هەمەلایەنەیە تیشک دەخاتە سەر گرنگیی ئەدەبی منداڵان و کاریگەرییەکانی لەسەر گەشەی کەسی و کۆمەڵایەتی منداڵان. کتێبەکە بە رووماڵکردنی بابەتەکانی وەک مێژوو، کەلتور و گرنگیی خوێندنەوە، تێڕوانینێکی بایەخدار پێشکەش بە هەر کەسێک دەکات کە ئارەزووی پەروەردەکردنی منداڵان و پەرەپێدانی توانا ئەدەبییەکانیان دەکات. کتێبەکە بە پێناسەکردنی ئەدەبی منداڵان دەستپێدەکات وەک کۆمەڵە بەرهەمێکی ئەدەبی کە مەبەست لێی منداڵانە دەناسێنێت، رینۆڵدز ئاماژە بەوەدەکات کە ئەدەبیاتی منداڵان تەنها دەقی سادە نییە، بەڵکو هونەرێکە ئەزموونەکانی مرۆڤ بە شێوەیەک دەردەبڕێت لەگەڵ ئاست و بیرکردنەوە و تێگەیشتنی منداڵدا بگونجێت.هەروەها مێژووی ئەدەبی منداڵان لە سەرەتای بونیادنان و هاتنەکایەوەی دەگرێتەوە، پێداچوونەوە بەو بەرهەمە ئەدەبییانەدا دەکات کە بەشدارییان لە داڕشتنی ئەم بوارەدا کردووە، باس لە هەندێک لە نووسەرە دیارەکانی وەک (لویس کارۆل و ج. رلینگ)دەکات و چۆن بەرهەمەکانیان ئاسۆ یئەدەبی منداڵانی فراوانتر کردووە. لەبارەی رەهەندە کەلتوریی و کۆمەڵایەتییەکانەوە رینۆڵدز ئاماژە بەوە دەکات کە ئەدەبیاتی منداڵان رەنگدانەوەی ئەو کەلتور و کۆمەڵگایەن کە سەر بە خۆیەتی، لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان، وەک چین و رەگەزی کۆمەڵایەتی، چۆن کاریگەرییان لەسەر بابەت و شێوازە ئەدەبییەکان هەیە کە لە کتێبی منداڵاندا بەکاردەهێنرێن. هەروەها تیشک دەخاتە سەر گرنگیی نوێنەرایەتیکردنی فرەچەشنی لە ئەدەبیاتی منداڵاندا، چۆن یارمەتی منداڵان دەدات خۆیان لەچیرۆکەکاندا ببیننەوە.
تیشک دەخاتە سەر سوودە زۆرەکانی خوێندنەوە بۆ منداڵان، بەوپێیەی پەرەپێدانی تواناکانی زمان و داهێنان و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە بەرز دەکاتەوە. رینۆڵدز جەخت لەوە دەکاتەوە کە خوێندنەوە هانی منداڵان دەدات بۆ گەڕان بەدوای جیهانی دەوروبەریان و تێگەیشتن لە ئەزموونی کەسانی دیکە، ئەمەش بەشدارە لە گەشەکردنی هاوسۆزیی و هۆشیاری کۆمەڵایەتی.
لەبەشێکی دیدا باس لە کاریگەریی تەکنەلۆژیای مۆدێرن دەکات لەسەر ئەدەبیاتی منداڵان، وەک کتێبی ئەلیکترۆنی و یارییە پەروەردەییەکان. باس لەوە دەکات چۆن ئەم میدیایانە دەتوانن سوودبەخش بن لە سەرقاڵکردنی منداڵان، بەڵام پێویستیان بە چاودێریی هەیە بۆ دڵنیابوون لە ناوەڕۆکی کوالیتی.
رینۆڵدز جەخت لەسەر گرنگی رۆڵی مامۆستا و دایک و باوک دەکاتەوە لە بەرەوپێشبردنی خوێندنەوەی منداڵان، باس لەو ستراتیژیانە دەکات کە دایک و باوک و مامۆستایان دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ پەروەردەکردنی خۆشەویست کردنی خوێندنەوە لای منداڵان، وەک خوێندنەوەی چیرۆکەکان بە دەنگی بەرز و گفتوگۆکردن لەسەر ناوەڕۆکەکانیان. 
سەرچاوە:
ادب الاطفال: مقدمة قصیرة جدا- پرۆفیسۆر کیمبەرلی رینۆڵدز، وەرگێرانی بۆ عەرەبی: یاسر حەسەن
کتێبەکە دەزگای (الهنداوي) چاپ و بڵاوی کردوەتەوە، بەشیکی کتێبەکە بە ناونیشانی (مشتومڕی ئاکاریی لە ئەدەبی منداڵاندا) لەلایەن نووسەری ئەم گۆشەیەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لە دۆسێی ژمارە (8966) رۆژنامەی ( کوردستانی نوێ  )دا لە 25/7/2023 بڵاوکراوەتەوە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان