گۆرانیی وەک سەرەتایەک بۆ ئاشنابوون بە زمانی کوردی

11:49 - 2025-04-10
ئەدەب و هونەر
63 جار خوێندراوەتەوە

داستان بەرزان


لە ئەمڕۆدا کێشەکانی بەردەم زمانی کوردی زۆرن، یەکێک لە بەرچاوترین ئەو کێشانە نەزانینی شێوەزار و بنزارەکانی ئەم زمانەیە لەلای بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەرانییەوە، کە سەرەنجام بە زیانی گەورەی زمانیی دەگەڕێت و دواجار لەوێوە دەگۆڕدرێت بۆ مەترسییەکی گەورە لەسەر کیانی نەتەوەیی گەلی کورد، لە کاتێکدا بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناهەمواری تەواوی پارچەکانی کوردستان لە ناوچەکەدا، هەنگاوە سەرەتاییەکانی چارەسەر و کەمکردنەوەی مەترسییەکان بەر لە هەر شتێک لە تاک بە تاکی ئێمەی کوردەوە دەستپێدەکات.
کەنگێ ئاساییە بەکارهێنەرانی هەریەک لە شێوەزارەکانی(کرمانجی سەروو، کرمانجی خواروو، گۆرانی و لوڕ...)، کە چوار بەشە سەرەکییەکەی زمانی کوردین، بەشی تێگەیشتنێکی سەرەتایی لە شێوەزارەکانی یەکتر تێنەگەن؟ لەوەش بترازێت بەکارهێنەرانی شێوەزارەکانیش ئاگاییان لە بنزارەکانی ناو خۆیان نییە.
لەو سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین: زۆینەی تاکی کورد تەنیا چارەکێک لە زمانەکەی خۆیان دەزانن، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی سیاسەتی دەستەڵاتی سەردەست لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان زۆرینەیان لە فێربوونی زمانی کوردی بێبەشکراون. بۆچی مرۆڤی کورد ئامادەیی تێدا بێت لە سەدان ساڵ پێش ئێستاوە بەهۆی گۆرانیی (تورکی، عەرەبی، فارسی)یەوە فێرە بەشێک لە زمانی هەر یەک لەو نەتەوانە بێت؟ کەچی لە ئەمڕۆیەکدا کە خزمەتگوزارییە تەکنەلۆژییەکان لە رێگای مۆبایل و هاوچەشنەکانییەوە گەیشتوونەتە دوورترین جوگرافیا و سەختترین شوێنەکان، هەمان ئەم مرۆڤە ناتوانێت لە رێگای (کەناڵی یوتوب) و هاوجۆرەکانییەوە گوێگرتن لە گۆرانییەکانی ناو هەمان زمانی خۆی بکاتە ئامرازێک بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە زمانەکەی خۆی؟  بێگومان لە سەردەمی ئێستادا جیاواز لە هەر قۆناغێکی تر گوێگر بە ئاسانی دەتوانێت فێرببێت، بە مەرجێک ئامادەیی تێدا هەبێت.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاگاداربین: بۆ ئەوەی ئاشنای کوردییەکی خاوێن و بێخەوش بین، هاوکات سەلیقەی هونەریی و زانیارییمان سەبارەت بە گۆرانیی کوردی فراوان بکەین، گرنگە ئەو گۆرانییانەی گوێیان لێدەگرین رەسەنبن و ریشەیان لەنێو زمان و کەلتوری کوردییەوە سەرچاوەی گرتبێت، ئیدی لە هەر پارچەیەکی کوردستان و لە کام شێوەزارەکەی زمانی کوردی بێت.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان