بەبۆنەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە، رەیان کلدانی پیرۆزبایی لە سەرۆک بافڵ دەکات

07:34 - 2025-04-14
کوردستان
62 جار خوێندراوەتەوە

رەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابلیۆن، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، بەبۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە.
کلدانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: بەناوی خۆمان و لە رێگەی بەڕێزتانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین بەبۆنەی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە.
 ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم دەستکەوتە مێژووییە تاجەگوڵینەی خەباتێکی درێژ و قوربانیدانی گەورەی رۆڵەکانی هەڵەبجەی سەربەرزە، و بە "هەنگاوێکی گرنگە بەرەو چەسپاندنی دادپەروەری و داننان بەو ئازار و مەینەتیانەی ئەم شارە چەشتوویەتی، هەروەها هێمایەکی نیشتمانی و مرۆییە".
کلدانی هەروەها نووسیویەتی: "هەڵەبجە بۆ دەیان ساڵ، سیمبولی خۆڕاگری و ئیرادەی پتەو بووە لە بەرەنگاربوونەوەی ستەم و زۆرداری. ئەمڕۆ، بەهۆی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییە چڕەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزە نیشتمانییەکانی ترەوە، ئەم رێچکە نەمرە بە دانپێدانانی فەرمی بە پارێزگای هەڵەبجە لە عیراقدا تاجەگوڵینەی لەسەر نرا، کە ئەمەش بەشێک لە مافە مێژوویی و مەعنەوییەکانی بۆ دەگەڕێنێتەوە".
سەرۆکی بزووتنەوەی بابلیۆن جەختیکردەوە کە بڕیارەکە تەنها وەک رێزگرتنێک نییە بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانەی لە کۆمەڵکوژییەکەی هەڵەبجەی شەهیددا گیانیان بەختکرد، بەڵکو هەنگاوێکی بنەڕەتیشە بەرەو ئاوەدانکردنەوە، بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام، و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ دانیشتووانی پارێزگاکە کە ماوەیەکی درێژ چاوەڕێی ئەم ساتە بوون".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ڕەیان کلدانی پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان لە هەڵەبجە کرد بۆ ئەم "دەستکەوتە مێژووییە" و هەوڵی هەموو لایەنەکانی لە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە پیرۆزەدا" بەرز نرخاند.

بابەتە پەیوەندیدارەکان