جەنگە بازرگانییەكەی ترەمپ بەسەر ئەمریكادا دەشكێتەوە

10:19 - 2025-04-16
ئابووری
16 جار خوێندراوەتەوە
لە جەنگی بازرگانیدا زیانی گەورە بەر هەردوو لایەنەكە دەگات

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

هەر لایەنێك تەرازووی بازرگانییەكەی كورتهێنانی زیاتر بوو ئەوا ئەو لایەنە لاوازترە، كەواتە لەم جەنگەدا چین لەبەر ئەوەی سەرڕێژی بازرگانی هەیە، كەمتر زیانی پێ دەگات و ئەمریكاش دۆڕاوی ئەو جەنگە دەبێت كە خۆی هەڵیگیرساندووە


لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ لە خولی دووەمی سەرۆكایەتی ئەمریكادا دەستبەكار بووە، جەنگێكی بازرگانی بێوێنەی دژی وڵاتانی جیهان بەرپاكردووە، هەر لە سەرەتای جەنگەكەشەوە پسپۆڕان و شارەزایانی ئابووریی بە گومانن لە سەركەوتنی ئەمریكا لەم جەنگەدا، چونكە ئەو جەنگە كە خۆی لە سەپاندنی گومرگێكی زۆر بەسەر كاڵای هەناردەكراوی وڵاتانی جیهان بۆ ئەمریكا دەبینێتەوە، پشێوی و ئاڵۆزییەكی زۆری لەسەر ئاستی جیهان ناوەتەوە.
ساڵی 2018 لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەیدا دۆناڵد ترەمپ تویتێكی نووسیبوو، كە دەڵێ: «كاتێك ئەمریكا چەندین ملیار دۆلار زیانی پێ دەگات لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا، ئەو كاتە ئیدی جەنگی بازرگانی شتێكی باش دەبێت و بردنەوەی ئەو جەنگەش زۆر ئاسانە.» هەفتەی رابردووش كاتێك سەپاندنی گومرگ بەسەر كاڵای چینیدا رێژەی %100ی تێپەڕاند و جەنگی بازرگانی گەیشتە قۆناغێكی مەترسیدار، سكۆت بیسنت وەزیری خەزێنەی ئەمریكا بیانوویەكی هاوشێوەی هێنایەوە و وتی: ئەگەر چین سەپاندنی گومرگ بەسەر كاڵای ئێمەدا زیاد بكات چ زیانێك بە ئێمە دەگات؟ هەناردەی كاڵای ئێمە بۆ چین، یەك لەسەر پێنجی هەناردەی ئەوانە بۆ ئەمریكا.

كارتێكی دۆڕاویان بەكار هێناوە
راپۆرتێكی دامەزراوەی (راند) بەو شێوەیە لێكدانەوە بۆ لێدوان و بیانوەكان دەكات، كە لایەنێكی ململانێكە لە توانایدا هەیە ئاستی جەنگەكە بەرزتر بكاتەوە و زیانی كوشندە بە لایەنەكەی دیكە بگەیەنێت و لایەنەكەی دیكەش توانای بەرپەرچدانەوەی نییە. ئەگەر ئەم لێكدانەوەیە راست بێت، ئەوا چین و كەنەدا و هەر وڵاتێكی دیكەش ئەگەر بیانەوێت گومرگی هاوشێوە بخەنە سەر كاڵای ئەمریكا كارتێكی دۆڕاویان بەكار هێناوە، بەڵام واقیعەكە پێچەوانەی ئەوەمان پیشان دەدات، چونكە ئێستا وەك دەردەكەوێت چین باڵادەستە لەو جەنگەدا، لەبەر ئەوەی ئەمریكا پشت بە چین دەبەستێ لە هاوردە كردنی هەندێك كاڵای سەرەكیدا، ئەو شمەك كاڵایانەش بۆ ئەمریكا بە ئاسانی دەست ناكەون و ئەگەر خۆشی دروستیان بكات، بە نرخێكی گونجاو بۆ تەواو نابێت.

 كۆمەڵگەكەی خۆی دەخاتە مەترسییەوە
راپۆرتەكەی دامەزراوەی (راند) جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریكا تۆكمە و ورد و بەجێ نییە، لەبەر دوو هۆكار: یەكەمیان ئەوەیە، لە جەنگی بازرگانیدا هیچ لایەنێك سەركەوتوو نابێت، چونكە زیانی گەورە بە هەردوو لا دەگات، هەردوو لاش زیاتر ئەو شمەك و خزمەتگوزارییانە لەدەست دەدەن، كە گرنگ و سەرەكین بۆ ئابوورییەكانیان و سەرەنجام تاك و كۆمپانیاكان باجەكەی دەدەن، بە كورتی، جەنگی بازرگانیش هاوشێوەی جەنگی سەربازی، ئەو وڵاتەی هەڵیدەگیرسێنێت كۆمەڵگەكەی خۆی دەخاتە مەترسییەوە.
هۆكاری دووەمیش ئەوەیە، ستراتیژەكەی ئیدارەی ترەمپ، كە پێی وایە لە جەنگی بازرگانیدا هەر لایەنێك زۆرترین كاڵا هاوردە بكات زیانی كەمتر پێدەگات، هەڵەیە، بە واتایەكی دیكە ئیدارەی ترەمپ پێی وایە لەبەر ئەوەی ئەمریكا تەرازووی بازرگانییەكەی لەگەڵ چیندا ناهاوسەنگە، كەواتە لەم جەنگەدا كەمتر زیانی پێ دەگات، ئەمەش هەڵەیەكی زۆر زەقە، چونكە راگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی داهاتی وڵاتەكە كەم دەكاتەوە و هێزی كڕینی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە لاواز دەكات.

بەراورد
بەراوردێك لە نێوان ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەریدەخات، كە جەنگی بازرگانی لە قازانجی ئەمریكا نییە، ئەوەتا لە ساڵی 2024دا هەناردەی ئەمریكا بۆ چین 199.2 ملیار دۆلار بووە، بەڵام هاوردەی ئەمریكا لە چینەوە 462.5 ملیار دۆلار بووە، كەواتە تەرازووی بازرگانی ئەمریكا 263.3 ملیار دۆلار كورتی هێناوە، خۆ ئەگەر بە تیۆرە باوەكەی ئابووری لێكی بدەینەوە، كە دەڵێ: هەر لایەنێك تەرازووی بازرگانییەكەی كورتهێنانی زیاتر بوو ئەوا ئەو لایەنە لاوازترە، كەواتە لەم جەنگەدا چین لەبەر ئەوەی سەرڕێژی بازرگانی هەیە، كەمتر زیانی پێ دەگات و ئەمریكاش دۆڕاوی ئەو جەنگە دەبێت كە خۆی هەڵیگیرساندووە. 

سەرچاوە: noonpost.com

بابەتە پەیوەندیدارەکان