راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
ماوەی چەند ساڵێكە، لە شارە جیاوازەكانی عیراق پەتای خوێنبەربوون بڵاودەبێتەوە، ئەمساڵ دوو هاووڵاتی بە پەتاکە لە شاری کەرکوک گیانیان لە دەستداوە.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 14 حاڵەتی توشبوون بە پەتای خوێنبەربوون لە عیراق تۆمار کراوە و زۆرترین رێژەی توشبوون لە پارێزگای زیقار بووە.
هۆکاری زوو بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە
ئەم نەخۆشییە بە شێوەیەكی بەربڵاو بەهۆی بەركەوتنی مرۆڤ لەگەڵ رەشەوڵاخ دەگوازرێتەوە، بە گەستنی گەنە و قڕنە كە لە پێستی ئەو ئاژەڵانەدا هەن، بە تایبەتی لەو ئاژەڵانەوە كە بە شێوەی قاچاخ لە وڵاتانی سووریا و ئێرانەوە دەهێنرێنە عیراق، لەبەرئەوەی لەکاتی هێنانە ناوەوەیان پشکنینیان بۆ ناکرێت و كۆنترۆڵكردنیشی ئەستەمە.
سامان یابە عەلی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پەتای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی ترسناكی جیهانییە و وەك دیاردەیەكی بەرچاو سەریهەڵداوە، لە عیراق رێژەی بڵاوبوونەوەی بەردەوام لە زیادبووندایە.
وتیشی: سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگەکان و کڕینیان لەلایەن هاووڵاتیانەوە هۆکاری سەرەکی زوو بڵاوبوونەوەی پەتاکەن.
ئەمساڵ 14 حاڵەتی توشبوون بە پەتای خوێنبەربوون لە عیراق تۆمار کراوە، زۆرترین رێژە لە زیقار بووە و دوو کەسیش لە کەرکوک گیانیان لە دەستداوە
نیشانەکانی توشبوون بە پەتای خوێنبەربوون
حاڵەت هەیە کەسی توشبوو بە پەتای خوێنبەربوون نیشانەکانی بە ئاشکرا تێدا دەرناکەوێت ئەو کەسانە دەبنە سەرچاوەیەک بۆ گواستنەوەی پەتاکە، بەڵام بە گشتی نیشانەکانی لە کەسی توشبوودا هاوشێوەی ئەنفلۆنزایە، وەك سەرئێشە، سك ئێشە، تای توند و رشانەوە بۆ ماوەی پێنج رۆژ، پێویستە لە كاتی بوونی ئەو نیشانانە لە هەر کەسێکدا بە پەلە سەردانی پزیشك بكات، ئەگەرنا قۆناغە مەترسیدارەكە دەردەكەوێت، ئەویش خوێنبەربوونی توندە لە لوولە وردەكانی خوێن، پووك، چاو و گوێیەكاندا و بە رێژەی 60 ٪ دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك دەڵێت: لە رووی تەندروستییەوە كەركوك وەك پێویست خزمەت نەكراوە، لەبەرئەوە لیژنەكانی تەندروستی ناتوانن كۆنترۆڵی هەموو بازاڕەكان بكەن، بە تایبەتی کوشتارگە و دوکانی گۆشت فرۆشەکان، هەروەها خەڵکێکی زۆر لە دەرەوە و بە تایبەتی لە ناوچەكانی سەر رێگەی بەغدا (كۆرنیش) و خوارووی كەركوك ئاژەڵ سەردەبڕن و بە ئاشكرا لەسەر شەقامە گشتییەكان دەیفرۆشن.
سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە
بێجگە لەوانە، پێویستە شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵەکان دەرمانڕێژ بكرێن، بەهۆی بوونی جۆرەها مێشولە و خشۆك لەناو گەوڕەكاندا، کە لە رێگەی پێوەدانەوە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ.
د.سەباح نامیق بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتیی لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لیژنەیەك لە قایمقامییەتی كەركوك، هێزەكانی پۆلیس، تەندروستی و ڤێتێرنەریی پێکهێنراوە بۆ رووخاندنی ئەو گەوڕانەی كە بە نا یاسایی دروستكراون، لەبەرئەوەی سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لەوێوە سەرهەڵدەدات، هەروەها ژمارەیەک کەس دەستگیرکراون کە بە نایاسایی ئاژەڵیان سەربڕیوە و لەسەر شەقامەکان گۆشتەکەیان فرۆشتووە.
دوای گیانلەدەستدانی کارمەندێکی تەندروستی نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک بە پەتای خوێنبەربوون، وەزارەتی تەندروستی عیراق بڕیاریدا هەماهەنگی لەگەڵ تەندروستی كەركوك و سەرپەرشتیاری پرۆسەكەدا بكات لە شارەکە.
سامان یابە عەلی وتی: لیژنەکان كەوتوونەتە پاككردنەوە و لە ناوبردنی گەوڕی ئاژەڵەكان و ئەو شوێنانەی كە ئاژەڵی لێ سەردەبڕن، هەروەها دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بە نایاسایی لە ناوەوە و دەرەوەی شار ئاژەڵ سەردەبڕن، هەروەها پاککردنەوەی گەوڕە یاساییەكان و دەرمانکردنی، پاشان كوتانی ئاژەڵەكان لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی بەڕێوبەرایەتی ڤێتێرنەری كەركوكەوە.
لیژنەیەك لە قایمقامییەتی كەركوك پێکهێنراوە بۆ رووخاندنی ئەو گەوڕانەی كە بە نا یاسایی دروستكراون، ژمارەیەکیش دەستگیرکراون کە لەسەر شەقامەکان ئاژەڵیان سەربڕیوە و گۆشتەکەیان فرۆشتووە
خۆپاراستن لە پەتای خوێنبەربوون
بەپێی زانیارییە پزیشكییەكان، پێویستە مرۆڤ بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە پەتای خوێنبەربوون، چەند رێکارێک بگرێتەبەر لەوانە، پۆشینی پۆشاک و دەستکێشی تایبەت لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ، پۆشینی پۆشاکی قۆڵدرێژ لەو شوێنانەی گومانی بوونی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت، رشاندنی ژینگەی کارکردن و دوورکەوتنەوە لە ژینگەی گوماناوی، دوو هەفتە بەر لە سەربڕین پشکنین بۆ ئاژەڵ بکرێت، دوورکەوتنەوە لە کەسی توشبوو و دەستشۆردن لە دوای سەردانی نەخۆش، هەموو جۆرە گۆشتێك بەر لە خواردن، بە تەواوی بكوڵێنرێت.
فەلاح حەسەن پزیشكی ڤێتێرنەری بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی پەتاکە پێویستە لەسەر حكومەتی عیراق رێكارەكان خێراتر بکات، لە رێگەی چاودێریی و سزاو كۆنترۆڵی پزیشكییەوە، هەروەها پێویستە سزای ئەو جۆرە كەسانەش بدرێت كە سەرپێچی لە بڕیارەكانی تەندروستیدا دەكەن، بە تایبەت لە چێشتخانە، میوانخانە و دوکانی گۆشتفرۆشەكاندا.
ساڵی رابردوو وهزارهتی تهندروستیی عیراق رایگەیاند، نزیکەی 200 کەس لە عیراق تووشی پەتای خوێنبەربوون بوون و زیاتر لە 25 کەسیان بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لە دەستداوە.