دووەمین دیداری گشتی یەکێتییی نیشتمانیی کوردستان، بە ئامادەبوونی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی لە هۆڵی یانەی پێشمەرگە لە سلێمانی دەستیپێکرد.
سەرەتای مەراسیمەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال و شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد. پاشان د.یوسف گۆران، سكرتێری لیژنهی باڵای دووهمین دیداری یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وتەی دەستپێکی دیداردا رایگەیاند: "پاش بەستنی 9 کۆنفرانس لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و بەشداریکردنی زیاتر لە 12 هەزار و 500 ئەندام و لایەنگری یەکێتی ئەمڕۆ لە شاری شاران لە سلێمانی گەیشتینە دیداری گشتی یەکێتی و دووەمین دیدار بەڕێوەدەبەین، بەناوی ئەندامانی لیژنەی باڵای دیدارەوە بەخێرهاتنتان دەکەین".
دواتر قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی رایگەیاند: "لە دیداری پێشوودا هەر لێرەوە پێموتن یەکێتی حزبێکە بە ئاسانی لاواز ناکرێت، کاتی بەستنی دیداری یەکەم کاتێکی زۆر هەستیار بوو بۆ یەکێتی، رووبەرووی چەندین تەحەدی ناوخۆیی و دەرەکی ببوینەوە، کەس پێی وانەبوو بتوانین لەو کاتەدا و بەهەبوونی ئەو هەموو کادرە و 13 لیژنە دیدار بەڕێوەببەین و تاوتوێی هەموو پرسە گرنگ و هەنوکەییەکانی ناو یەکێتی و هەرێمی کوردستان بکەین، بەڵام کردمان و کردتان".
لە بەشێکی تری دانیشتنی یەکەمی دیداردا لەرێگای ڤیدیۆیەکەوە پەیامی عومەر شێخ موس، دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشکەشکرا و رایگەیاند: "بەگەرمی پیرۆزبایی بەستنی ئەم دیدارەتان لێ دەکەم، هیوای سەرکەوتنی گەورەتان بۆ دەخوازم، ئومێدەوارم لەسەر رێباز و پرەنسپە سەرەتاییەکانی یەکێتی بەردەوام بن بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان، ئاڵای یەکێتی هەموو کات بەرز و شەکاوە بێت، سەرکەوتوو سەرفراز بن".
دواتر د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند: "یەکێتی حزبێکی گەورە و گرنگی کوردستانی عیراقەو مێژویەکی پڕ سەروەری هەیە، تکا ئەکەم ئەو مێژووەی بپارێزرێت و رێگا بەکەس نەدرێت ئەو مێژووە تێکبدات، یەکێتی لەسەرەتای دروستبونییەوە باوەڕی بە دیموکراسی و مافی چارەی خۆنوسی و مافی مرۆڤ هەبووە، رۆڵێکی سەرەکی و کاریگەری لە پاراستنی مافی کورد و پێشکەوتنی بوارەکانی سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربونەوەی دیکتاتۆریەت هەبووەو هەزاران رۆڵەی تێکۆشەری شەهید بووە".
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوى ئەنجوومەنى پارستنى بەرژەوەندیە باڵاکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان وتارێکى پێشکەش کرد و رایگەیاند: "دیدارى دووەمى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، ئەمڕۆ ئێمە نەک تەنها بۆ بۆچون و رێکخستن لێرەین، بەڵکو بۆ نوێبوونەوە کۆدەبینەوە و چەند گونجاوە کە ئێمە لە بەهاردا ئەم کارە بکەین، وەرزێکە کە هەڵگرى رووحى گەنجبونەوە و هیوا و لە دایکبون و نوێبوونەوەیە، وەک چۆن ئێستا شاخ و دۆڵەکانى کوردستان دواى زستانێکى دور و درێژ زیندوو دەبنەوە، یەکێتییەکەشمان دەچێتە قۆناغێکى نوێى گەشەکردن و یەکڕیزى و یەک ئامانجەوە، خوشک و برایان یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە ئاسودەیى لەدایک نەبووە، لەخۆڕاگریدا لەدایکبووە، لە هۆڵەکانى ئیمتیازاتدا دروست نەبووە، بەڵکو لە دۆڵى شۆڕش و دڵى خەونبینیندا دروست بووە، یەکێتیى ساڵى 1975 دامەزرێنراوە".