دوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە، سەرۆک بافڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
ئەمڕۆ بە شانازییەکی زۆرەوە بەشداربووم لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە لە شاری سلێمانی.
لە رێوڕەسمەکەدا لەبری برای خۆشەویست و شۆڕشگێڕم مەزڵوم عەبدی خەڵاتی زێڕینی بلەم وەرگرت کە ئەمساڵ یەکێک بوو لەو کەسایەتییانەی ئەم شانازییەی بێبەخشرا.
ئەم رێوڕەسمە کە لە ساڵیادی ژیانئاوایی مامۆستای کوردایەتی و رۆشنفیکری گەلەکەمان مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد رێکدەخرێت، دەرفەتێکی گەورە و مێژووییە تاوەکو هەموو ئەو کەسایەتییانەی خزمەتی گەلی کوردیان لە بواری سیاسی، کولتووری و فەرهەنگی کردووە، ئاوەڕیان لێبدرێتەوە و بە شکۆوە خەڵاتی بلەیان پێشکەشبکرێت، ئەمە هێمای ئەوەیە کە ئێمە دۆستەکانمان و هەموو ئەوانە لەیادناکەین کە لە هەموو قۆناغەکاندا لەگەڵمان مانەوە و بەرگرییان لە شوناس و مانەوەمان کردووە و بەشێکن لە سەروەرییەکانی کوردستانەکەمان.
دەستخۆشی و پێزانینی بێپایان بۆ رێکخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن دەردەبڕم بۆ رێکخستنی ئەم رێوڕەسمە شایستەیە بە خەبات و مێژووی ژیانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد کە سەرکەوتووانە ژمارەیەک کەسایەتییان دەستنیشانکرد تاوەکو خەڵاتی بلەیان پێببەخشرێت کە هەریەکەیان رەمزێکی دیار و نموونەیەکی پڕشانازین بۆ گەلەکەمان.
ئەمڕۆ خەڵاتی زێڕینی بلە بەجیا بەخشرا بە شەڕڤان و هەڤاڵی شەهیدمان عەڤدۆ ئەحمەد عەبدی 'شەڕڤان کۆبانێ' کە لەپێناوی سەربەرزی گەلەکەمان ژیانی خۆی بەخشی، هەروەها کەسایەتی ئایینی و مەرجەعی باڵای شیعەکان و دۆستی کورد سەید موحسین حەکیم کە بە فەتوایەک خوێنڕشتنی کوردی حەرامکرد، ناو و یادەوەریی هەردووکیان بە رێزەوە بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەهێڵینەوە.