‎ پیسبوونی ژینگەی كوردستان بە کوێ گەیشتووە؟

10:56 - 2025-04-28
دیدار
6 جار خوێندراوەتەوە
سەرکاو فەیروز

دیداری/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی

لە ماوەی رابردوودا یادی رۆژی ژینگەی کوردستان کرایەوە، بۆیە ئەو پرسیارەی لەمڕۆدا لە بارەی ژینگەی کوردستانەوە دەبێت بکەین ئەوەیە، ئایا مەترسییەكانی سەر ژینگەی كوردستان لە چ ئاستێكدایە و رێژەی پیسبوونی ژینگە چەندە و بە کوێ گەیشتووە؟ هەروەها چی بکرێت بۆئەوەی ژینگەکەمان لە پیسبوون بپارێزین؟ 
لەو بارەیەوە لە دیدارێكدا سەركاو فەیروز پسپۆڕ لە ئاوهەوا و ژینگەدا بۆ كوردستانی نوێ وتی: سەرەڕای خاوێنیی ژینگەی کوردستان بەهۆی زۆر دەست پێڕانەگەیشتنی پێشکەوتنە پیشەسازییەکان و کەمیی کارگە پیشەسازییە گەورەکان کە دەبنە هۆی دەردانی گازی کاربۆن و پاشماوە رەقەکان، ئەوە وایکردووە مەترسییە ژینگەییەکان لە چاو وڵاتانی پێشکەوتوودا کەمتر بن، بۆیە دەتوانین بڵێین کوردستان لەو جۆرە ژینگانەیە کە کاریگەرە بە پیسبوونی ژینگە، واتە خۆی هۆکاری سەرەکی پیسبوون نییە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە کوردستان بە دووربێت لە مەترسییە ژینگەییەکان، بەڵکو چەندین مەترسیی ژینگەیی لە ئارادان و کاریگەرییان لەسەر رەگەزە ژینگەییەکانی هەیە، وەک گازی مووەلیدەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و زۆریی ئۆتۆمبێل و بەکارهێنانی بەرهەمە پلاستیکییەکان و فڕێدانیان لە سروشتدا، کە کاریگەریی گەورەیان لەسەر پیسبوونی ژینگە هەیە، لەوانە مادەی  (pete) کە بۆ دەبەی پلاستیک بەکاردێت و یەکجار بەکاردەهێنرێن، ‎جۆرێکی تریان (pvc) بۆ دەبەی خاوێنکەرەوەکان بەکاردێت کە بەکارهێنانی درێژخایەنە و مەترسیدارە، جۆری سێهەم (cppe) ئەمجۆرەیان بۆ دروستکردنی زەرف و سفرەی سەفەری بەکاردەهێنرێت، بێگومان ئەم بەرهەمە پلاستیکییانە دەبنە هۆی پیسبوونی خاک و هەوا و ئاو لە رێگەی جیاوازەوە کاریگەرییان لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگە دەبێت و رۆژبەڕۆژ نەخۆشییە مەترسیدارەکان زیاد دەکەن و لە حاڵەتەوە دەبنە دیاردە و لە هەڵکشاندان.
رێژەی ستانداردی جیهانی بۆ سەوزایی
سەرکاو فەیروز سەبارەت بەوەی ئایا رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ستانداردی جیهانی؟ وتی: بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەکان پێویستە رێژەی سەوزایی (20 - 30 %) کەمتر نەبێت، هەرچەندە تا ئێستا ئامارێکی نوێی دروست نییە بۆ دیاریکردنی رێژەی سەوزایی هەرێمی کوردستان، هەر پارێزگایە و بە جۆرێک ئامارێک بڵاودەکاتەوە، بەڵام بەداخەوە تائێستا لایەنێکی فەرمی نییە بە دروستی داتای گشتی بڵاوبکاتەوە، تەنها وەزارەتی کشتوکاڵ نەبێت لە ساڵانی رابردوودا رێژەیەکی گشتیی رووپێوی کوردستانی بڵاوکردەوە کە 
12.4 % بوو، بەڵام پێموایە لە ئێستادا ئەو رێژەیە زیاتر بووبێت و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە نێوان (12-14 %) دا بێت، بەڵام ئەم رێژەیەش ناگاتە رێژەی ستاندارد، هەرچەندە لەسەر ئاستی ناوچە جیاوازەکان ناوچەی وا هەیە رێژەی ستانداردی تێپەڕاندووە و هەیە رێژەکەی زۆر لەخوار ستانداردەوەیە.
هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە
سەرکاو فەیروز باسی لەوە کرد هۆکارە دەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان زۆر بەڕوونی دیارە و لەگەشەکردندایە، ئەویش بەهۆی وڵاتانی دراوسێوەیە، بۆ نموونە لە ئەنجامی بەرپابوونی شەڕی داگیرکردنی کوەیت و شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عیراق و ئێران، دواتریش شەڕی ئازادکردنی عیراق، بەکارهێنانی چەکە سەربازییە قەدەغەکراوەکان لەو جەنگانەدا بووە هۆی بڵاوبوونەوەی رێژەیەکی زۆر لە باروت و مادە ژەهراوییەکان لە هەوادا، هاوکات جووڵەی ئامێر و کەرەستە سەربازییە زەبەلاحەکانیش بووە هۆی هەڵوەشاندن و وردکردنی دەنکۆڵەکانی خاکی بیابانەکان و بڵاوکردنەوەی تەپوتۆز و گەردەکانی خاک بەشێوەیەک با لەگەڵ خۆی هەڵیاندەگرێت و دووبارە لەشێوەی خۆڵباریندا لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت، کاریگەرییەکەشی لەسەر چەند ناوچەیەکی گەرمیان بەدی دەکرێت، کە نزیک بوونەتەوە لە بەبیابان بوون، جگەلەوەی خۆڵبارین راستەوخۆ مرۆڤ تووشی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە دەکات، بەتایبەت ئەو کەسانەی نەخۆشی رەبۆ و تەنگە نەفەسییان هەیە، هەروەها مەترسییەکانی داگیرکاریی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی باشوور و رۆژئاوای کوردستان، بەپێی ئامارەکان بێت لە ساڵی (2010 - 2019)، 100 ملیۆن دۆنم دارستان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێرانەوە سووتاون.
‎چارەسەر چییە؟
سەبارەت بەوەی چی بکرێت بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە و کاریگەرییە خراپەکانی مرۆڤ بۆ ژینگە سەرکاو فەیروز وتی: پێویستە زیاتر کاربکەین بۆ بە کەلتورکردنی چالاکییە ژینگەییەکان، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەنگاوی جددی بنرێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان، ئەوەش بە چالاکیی کاتیی و نەوعی ناکرێت، بەڵکو پێویستە حکومەت ئەم کارانە بکات لەوانە:
1. لە رێگەی دەسەڵاتی یاسادانانەوە بە یاسا رێنماییە ژینگەییەکان بەسەر کۆمپانیا و ئەو کەسانەدا بسەپێنێت کە هۆکاری پیسبوونی ژینگەن.
‎2. لە رێگەی دیبلۆماسییەوە لەگەڵ وڵاتانی تورکیا و ئێران رێکەوتن بکرێت، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ کێشەکانی سنوور، ئاو، دارستانی سروشتی.
‎3. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکرێت فشار لەسەر وڵاتانی دراوسێ دروست بکەن، تا دەستهەڵبگرن لەو تاڵانکارییە ژینگەییەی لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان دەیکەن. 
4. راگەیاندنەکانیش پابەند بکات بە بەرنامەی ژینگەیی بەردەوام بۆ هۆشیارکردنەوەی خێزان. 
‎5. لە بواری پەروەردەدا بابەتە ژینگەییەکان بۆ پڕۆگرامەکانی خوێندن زیاد بکرێت، وانەی تایبەت بە ژینگە بەردەوام بوترێنەوە.
‎6. ساڵانە کۆنفرانسی ناوخۆیی ببەسترێت و کێشە ژینگەییەکان دیاری بکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

تەنانەت گەشتیاریش ژینگە پیس دەکات

بابەتە پەیوەندیدارەکان