رەنج جەعفەر
حەیران دەرێم ..، نا..نا..، هەر بەڕاستی چ دەرێی، لەبەر ئەوەی نا حەیران بێژنی و هیچ لە حەیران نەزانی، ئەرێ پیرە قەرات ئەوڕۆ بنی باژێڕە..؟، ئەرێ شڵ و مل و چاو بەكل و كیژە نازدار حەیران ما، هەتا عارەبۆك و حەیران بێژان شتۆكەك هەستیان بجولێ و جارەكی دی دەست بێخنە بنا گێیان و تێهەركەنە حەیرانێ و كیژە دەشتەكییەكانیش لە هەیوانێ هەستەكی بەدەنێ، داخوە كوڕە ماروێران كو سوتایە لە بۆ جێ ژوانێ.
لەوەش گەڕێ، بەسەر كێندرێی شەمامك و كەندێناوە و قەراجیدا هەربرێی، رێ و بانی ئەو دەشتی هەولێرەی كە پێشترێ هەر لە گەڕەكی كوران دەردەچووی، هەتا چاو بڕی دەكرد دەشتەكی كاكی بەكاكی بوو، ئەوڕۆ ڕێی مەخمووری بگرە هەتا دەگەیە قۆڕیتان هەر كەس نازانی نە شارە و نە گوند، ئەو هەموو خەركە بەسەریەكدیدا كەتییە، هەر كوەكی بەناو ئەو ئاواییانەدا دەڕۆی گریانت لە بۆیان دێ، لە بەر ئەوەی نا خەڵكەكەی بێ دەرامەت و فەقیرن، فەقیر حەبیبی خودایە و لە هەموو زەمانەكی هەر هەبووە.
با هەندەك بینەوە سەر مەسەلەی خۆمان، لە باش قۆڕیتان نازانم بە گوند یا گەڕەكەكی شار ناوی بینم، دەشتایی دەسپێدەكا، هەتا دەگەیە بن زورگەزراوی، ئەو پاراوگە و كۆگانەیە كە زۆریان بێ مۆرەتن و بڕۆكەك پشتیان نەبی دوكەری نەفتەكەیان بە لولەیدا ناچیتە دەرێ، ئەو دەردە گەورەیەی لەو خەتەیە هەر لەوێ راناوەستی، لە راست ئەو راستە رێیە هاتا رێی موسرێ و لە چەپی جادەی مەخمووری هەتا دەگاتە ئەو دیوی راستە رێی كەركوكێ، لەوێشەوە بڕۆ بن پردێ، بۆن بۆنی ئەو چەڕە دوكەرە نەفتەیە.
هەر كوەكی بەناو ئاواییەکانی ڕێی مەخمووری بگرە هەتا دەگەیە قۆڕیتان دەڕۆی، گریانت لە بۆیان دێ، لە بەر ئەوەی نا خەڵكەكەی بێ دەرامەت و فەقیرن، فەقیر حەبیبی خودایە و لە هەموو زەمانەكی هەر هەبووە
ئێ باشە گوندەكان بە بلۆك و چیمەنتۆ ئاوەدان بن لە هەر گوندەكی دەگەڕێی دوو قالبە خشت نابینییەوە، دیواری خشت سەر و سیمای گوندەكان بوو، مەگەر لە خەونی منداری بیبینی، لەوەش گەڕێ، هەر كوەكی رادەمینێی، كیسەی نایلۆنی رەش و شین و رەنگەكانی دی لە دڕك و حوشترالوك و خڕنوكی ئارایە، دە وەرە شەوەكی بڕۆ لە گوندەكی بمینێوە، بزانە دەتوانی خەوەكی خۆشی سەربانی جاران بكەی، وەهای دابنێ لە گوندەكی سەرەڕێی ئەو لۆرییانەی لە بەینی رێی كەركوك و موسرێ دێن و دەچن هەر بڕەبڕ و لولە دوكەر و بۆنەكەی و رێچكەیان بەستییە، هەندەك جار دەتوانی بەو قیتارەی بشوبهێنی لە سارانی حەفتایەكان دەشت و شاری دەبڕی، ئێ تۆبەیەكی بەحەق دەكەی و دەرێی سبەینەم لێ ببیتەوە و هاتا پێم تێدایە و هەردێم.
ئێ باشە عارەبی مامۆستای حەیران، دەنگ و تاقەتی جارانی لۆ بگەڕێتەوە، هێوەتر بڕۆ حەسەن حەیرانی گەورەی حەیران بێژان زیندیبیتەوە، بەو دەشتی هەولێرەیدا بگەڕێ، نە شیوو كەندەرانەكی دەبینی، نە گوێی لە قاسپەی كەوەكانی قەرەچوغ دەبی، ئێ خۆ چەڕە دوكەرەكەش لێناگەڕێ ئەستێرەی سیوەیل ببینی و بە نازدار حەیرانەكەی خۆی بشوبهینی، لە كێ هەست و سۆزی ئەوەی دەبی وەكی جاری جاران بێ و بیبەنە كیهان دیوەخانی فەخفەخە چیییەكان، هەیە سەری مەجلسی بگری و بە چریكەی دەنگی تێهەركاتەوە و بە حەیران دەرێم دەست پێبكا، نازانی بەكێندەرێدا هەربرێ، مەگەر هەر ئەوەندە برێ كورد خائینۆ.
بەبیرتان بینمەوە لۆ گریانم دێ، ئەگەر ئەنگۆ دیقەت بدەنێ، ئەوجارە لە ڕێی كۆیە، هەها لەو برنداییانەی پێش كەسنەزانی تەماشایەكی ئەو پیرە هەولێرەی بكەن كو لەناو تەمی چەڕە دوكەری خنكایە، ئێ كو گریانم نێ، لەو رێی كۆیەوە بگرە هەتا دەگەیەوە رێی موسرێ، مەخسەدم تێبگەن لەگەر بەشەكەی دیكەی دوو دنیای زۆر لە یەكدی دوورن، لۆیە دەرێم، نە حەیران ما..، نە نازدار حەیران.