راپۆرتی/ سامان یاروەیس
رۆژی 14/4/1988 چوار شارۆچکە و سەدان گوند خاپوور کران، زۆرترین قوربانی شاڵاوی ئەنفال لەم رۆژەدا بوو، لەبەرئەوە بە رۆژی یادکردنەوەی ئەنفال دیاریکراوە
ئەنفال تاڵترین و دڕندەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و گەلی كوردە، تاوانێك هێندە چیرۆكی خەمناك و تراژیدی تێدایە تەنها میللەتێكی وەك كورد بەرگەی گرتووە، لەناو ئەم تاوانە دوژمنكارییەی رژێمی بەعسدا، دایكان بوونەتە هەڵگری زوخاوی رۆژگاری سەختی برسێتی و ئەشكەنجە و چیرۆكەكانیان دڵی هەمووان رادەچڵەكێنێت.
مامۆستا جەزا رەزا دانیشتوویەکی ناحیەی رزگارییە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: منداڵ بووم، لە ناحیەی رزگاری مەڕوماڵاتمان بەخێو دەكرد، رۆژانە كار و بەرخەكانم بەجیا دەبرد لە نزیك ناحیەكە دەملەوەڕاند، هەموو رۆژێك نزیك بانگی نیوەڕۆ پیرەژنێك بە ناوی دادە فكریە بانگی دەكردم و دەیبردمە ماڵەوە، پەتاتەی دەبرژاند و دەیخستە ناو نانی مایەكییەوە و دەیدامێ، بە كوڵ بە سەرمدا دەگریا. ئەو ژنە هەموو منداڵەكانی لە ئەنفالدا لە دەستدابوو، لە بەیانییەوە تا ئاوابوونی خۆر لەبەر دەرگە چاوەڕوانی گەڕانەوەیان بوو، چوار ساڵ پێش ئێستا كۆچی دواییكرد.
ئەنفال، جینۆسایدکردنی گەلی کوردە، هەوڵدان بوو بۆ کۆتاییهێنان بە رەگەز و بنەچەی کورد، رژێمی بەعس بە هەشت قۆناغ ئەو تاوانەی دەرهەق بە گەلی کورد کرد.
مردنی منداڵەکان
نەهامەتییەکانی ئەنفال زۆرن و چەند بگێڕدرێتەوە هێشتا تەواو نابێت، ئامینە محەمەد، دایكی حەوت منداڵە، شەشیان لەناو گەرمای تاوانی ئەنفالدا بوون، سەختیی و برسییەتی زۆریان كێشاوە و دوانیان هەر لەوێ و لەپێش چاوی گیانیان لە دەستداوە، بۆ کوردستانی نوێ وتی: سوعادی کچم لە نوگرە سەلمان لە بەردەمم چاوەكانی زەرد هەڵگەڕان و گیانی سپارد، دوای ئەو هەزار جار مردم، بێستوونی کوڕیشم بە هەمانشێوە لە برسا کۆچی دوایی کرد، حەجاج نەیهێشت بە دەستی خۆم بە خاکیان بسپێرم، چەند كەسێكیان برد گوایە ئەوان بیاننێژن، كە هاتنەوە پێیان وتم لە باشترین شوێن و بە باشترین شێوە بە خاکیان سپاردوون، تەنها بۆئەوەی دڵگرانتر نەبم، ئەگینا سەربازەكان نەیانهێشتبوو، لەناو ئەو لمە خستبوویاننە چاڵ، ئەو ناوە پڕبوو لە سەگەڕەش.
ئامینە دەڵێت: حەجاج هات زانی منداڵەكانم مردوون، بە سۆندە لێی دەدام، دەیووت نابێت بگریت ئەگەر بگریت تۆش دەنێرم بۆ لای منداڵەكانت. ئێستاش شێوەیان لەپێش چاومە، ئێستاش بە رۆح لەو ساتەدا دەژیم کە سوعاد و بێستوون تێیدا مردن.
قۆناغی سێ، ئەنفالی ناوچەکانى گەرمیان، کەلار، کفرى، خورماتوو، چەمچەماڵی گرتەوە، ئەم قۆناغە لە 7 ى نیسانی 1988 دەستیپێکرد و راستەوخۆ عەلی حەسەن مەجید سەرپەرشتیی دەکرد و بە ئەنفالی رەش ناسراوە.
منداڵەكان لە ترسا دەلەرزین
ئامینە شەریف، خەڵكی تیلەكۆی بچووكە، زیندانی تۆپزاوا و نوگرە سەلمانیشی بینیوە و وتی: سێ رۆژ بەبێ ئەوەی نانمان پێ بدەن لە تۆپزاوا ماینەوە، تەنها ژن و منداڵ بووین، لەناو جەمەلۆنێكی گەورەبووین، باران بوو، ئاو بە ژێرماندا دەهات، منداڵەكان زۆر دەترسان، دواتر براین بۆ نوگرە سەلمان، پێنج منداڵم لەگەڵ بوو، دەیان منداڵی دیکە لە برسا داهەزابوون، بۆ یەك چركەش گریانیان لەناو زیندانەكەدا نەدەبڕایەوە.
وتیشی: سندووقی فیشەكم دەهێنا ئاوم تێدەكرد، لە جیاتی کوپ و گڵاسیش، قوتووە کۆنمان بەکاردەهێنا بۆ خواردنەوەی، دەمووت هەرچییەك بێت با منداڵەكان تەڕییەك بگاتە گەدەیان و برسێتی نەیانكوژێت.
لە شاڵاوی ئەنفالدا سێ مەڵبەندی سەرەکی هەبوو بۆ کۆکردنەوەی هاووڵاتیان، خەڵکی گوندەکانی سنووری سەنگاو، جەباری و قادرکەرەم بەرەو چەمچەماڵ راپێچ کران. خەڵکی ناوچەکانی قەرەحەسەن، لەیلان و داودە بە زۆریی بەرەو خورماتوو بران. دانیشتووانی زەنگەنە، سەرقەڵا، کفری، پێباز و دەوروبەریان، برانە بارەگای فیرقەی 21 لە قۆرەتوو.
حەوت منداڵی ئەنفالە
بەهیە محەمەد، حەوت منداڵی لە شاڵاوی ئەنفالدا بێ سەروشوێنن، لە بارەی ئەو رۆژگارانەوە بۆ کوردستانی نوێ وتی: لە بنەكەوە براین بۆ ملەسوورە، دەتووت رۆژی حەشرە، جمەی دەهات لە خەڵك، قیژە و هاوارێك بوو مەگەر بەس خوا بزانێت چی بوو، نۆ منداڵم هەبوو، سەربازەكان دەوریانداین و دوای ماوەیەك بە هەرشێوەیەك بێت خراینەڕێ بۆ تۆپزاوا، لە تۆپزاوە ئیتر جەرگم سووتا و منداڵەكانیان لێكردم، چوار كوڕ و سێ كچم لێم دابڕان، ئەوە دوا دیداریان بوو، خۆزگە ئەوكاتە خوای گەورە تەمەنی لێ وەردەگرتمەوە، بۆئەوەی بەو ئازارەوە نەژیم، ئیتر نەمبینینەوە، باوكیشیان هەر لەو شوێنەدا لێم دابڕاو ئەویش بێ سەروشوێن بوو.
بەهیە دەڵێت: دایك تۆزێك دەستی منداڵەكەی بریندار دەبێت دنیای لێ تێكدەچێت، تۆ بیهێنە پێش چاوی خۆت، من ئەو دایكەم حەوت منداڵم ئەنفالە.
رۆژی 14/4/1988 چوار شارۆچکە و سەدان گوند خاپوور کران، زۆرترین قوربانی شاڵاوی ئەنفال لەم رۆژەدا بوو، لەبەرئەوە بە رۆژی یادکردنەوەی ئەنفال دیاریکراوە.
لەبیرنەکردنی ئازارەکان
دادە سەلمە دایکێکی دایكەی جەرگ سووتاوی ئەنفالە، بەم شێوەیە چیرۆكە خەمناكەكەی ئەنفال بۆ کوردستانی نوێ دەگێڕێتەوە: لە گوندی گەرمگ بووین، لە ترسا رامانكرد بۆ تەپەسپی لەوێ لە ماڵی ئامۆزای هاوسەرەکەم ماینەوە، دواتر كەوتینە دەست رژێم، براین بۆ نوگرە سەلمان، منداڵەكەم بچووك بوو، بە دەستمەوە بوو، لەوكاتەی كە ئەفسەرەکان دەهاتنە ناو زیندانەكە وەك ئەوەی هیچ بەهایەكمان نەبێت بە كێبڵەكەی دەستیان تێمان بەردەبوون، لەوكاتەدا نزیك من بوونەوە و بەوپەڕی هێزیەوە کێبڵەکەی بۆ وەشاندم، دەستم برد بدات لە دەستم كەچی لە منداڵەی باوەشمیدا، هەر لە باوەشمدا منداڵەكەم گیانی دەرچوو.
وتیشی: ئەو ئازارەی لەوكاتەوە خرایە ناو جەرگم تائێستا لەگەڵیدا دەژیم، ئەستەمە بتوانم ئەو دیمەن و ئازارەی منداڵەكەم لەبیر بكەم.
لە دەستدانی شەش منداڵ
دادە سەلمە لە گەرمیان بە دایكی كاروان ناسراوە، لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئازارەكانی ناو زیندانی نوگرە سەلمان دەڵێت: لە تۆپزاوا منداڵم بوو، مامانەکە كراسەكەی بەری خۆی دڕاند و كردیە جل بۆ منداڵەكەم، ئەفسەرەکان لە دوورەوە سەیریان دەكرد، یەكێك لەو سەربازانەی لەوێبوو، زۆر باشبوو بۆمان، بەزەیی پێماندا دەهاتەوە و نەیدەویست زوڵممان لێ بكات، تكای لێكردم ناوی منداڵەكەم بنێم كاروان، منیش ناوم نا كاروان.
دادە سەلمە لە زیندانی نوگرە سەلمان شەش منداڵی لەگەڵ بووە، تەنها کاروانی ماوەتەوە کە لەوێ لە دایکبووە و ئەوانی دیکەی لە برسا گیانیان لە دەستداوە و بێسەروشوێن بوون.
شاڵاوەکانی ئەنفال، یەکێک بوو لە گەورەترین تاوانەکانی رژێمی بەعس دژ بە گەلی کورد، هێرشەکان نەخشە بۆ داڕێژراو بوون. جگە لە دزین و تاڵانکردنی سامانی گوندنشینان، وێرانکردنی سەدان گوندیشی لێکەوتەوە، تێکڕا 182000 مرۆڤی بێتاوان بە شێوازی جیاجیا دەستگیرکران و لە بیابانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عیراقدا زیندەبەچاڵ کران.