لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ خۆی ئامادە دەکات بۆ سەردانی چاوەڕوانکراوی بۆ سعودیە، شیکارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو وڵاتە و ئەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی ئەمجارە رووبەڕووی دەبێتەوە، جیاوازە لەوەی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بینی. پەیوەندی ئەمریکا و سعودیە لە گۆڕاندایە و شازادەی جێنشین، محەمەد بن سەلمان، ئێستا خاوەنی حساباتێکی جیاوازە.
لە ساڵی 2017 دا، بن سەلمان هێشتا لە قۆناغی چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیدا بوو و پێویستی بە پشتیوانی ئیدارەی ترەمپ هەبوو. بۆیە سیاسەتی دەرەوەی شانشینەکەی تا رادەیەکی زۆر لەگەڵ ویستی ترەمپدا گونجاندبوو، بەتایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی توندی ئێران و دەستێوەردانی هەرێمی لە جەنگی یەمەن، گەمارۆی قەتەر، مامەڵەی توند لەگەڵ لوبنان). هەروەها ئامادەییەکی بێ وێنەی بۆ نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل نیشان دەدا.
بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە. بن سەلمان دەسەڵاتی خۆی بەتەواوی چەسپاندووە و دیمەنی نوێی هەرێمی، کە پڕە لە ناسەقامگیری، وایکردووە ئەولەوییەتەکانی بگۆڕێت. شکستەکانی رابردووی سیاسەتە دەرەکییە سەرکێشەکانی و گرنگی پلانی ئابووری (دیدگای 2030) ی سعودیە، کە پێویستی بە سەقامگیری و وەبەرهێنانی زۆر هەیە، وایکردووە بن سەلمان ئێستا جەخت لەسەر سەقامگیری هەرێمی، پەیوەندی وریاتر لەگەڵ ئێران بە نێوەندگیری چین و گۆڕینی ئابووری ناوخۆیی بکاتەوە.
هەرچەندە ترەمپ پەیوەندی کەسی و بازرگانی تایبەتی لەگەڵ بن سەلمان هەیە و ئەمریکاش هێشتا بۆ سعودیە لەڕووی ئاسایش و ئابوورییەوە گرنگە، بەڵام ترەمپ رووبەڕووی سعودیەیەک دەبێتەوە کە وەک جاران نەماوە و ئێستا کەمتر هاوکارە لەسەر چەندین دۆسێی سەرەکی. بەتایبەت لە بابەتی ئێران و ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، کە ئێستا بەهۆی جەنگی غەززەوە ئاڵۆزتر بووە و سعودیە داوای پابەندبوونی ئیسرائیل بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی دەکات. هەروەها نیگەرانی هەیە لە کاریگەریی سیاسەتە بازرگانییەکانی ترەمپ لەسەر بازاڕەکانی نەوت و ئابووری جیهان.
بۆیە، چاوەڕوان دەکرێت لە یەکتربینینەکەی ئەمجارەیاندا ترەمپ و بن سەلمان رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری نوێ ببنەوە لە گەشتکردن بەناو ئەم دۆخە ئاڵۆزانەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرچاوە: پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (Middle East Institute - MEI)