راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
گەشتیاریی یەكێكە لەو سیما سەردەمییانەی لایەنێكی ئابووری و بازرگانیی گرنگی هەیە و سەرچاوەیەکی دارایی گرنگە بۆ وڵات، هاوکات رۆڵی دەبێت لە هەرەس پێهێنانی بەشێک لە ئابووری وڵات، ئەگەر بەشێوەیەكی رێكوپێك بەڕێوەنەبرێت، چونكە گوێنەدان بە ناوچە گەشتیارییەكان، دەبێتە هۆی شێواندنی ژینگەی ئەو شوێنانە و دواجار بە خراپ لەسەر سروشت و کەشوهەوا دەکەوێت.
بایەخ بە پاراستنی ژینگە نەدراوە
شكۆفە محەمەد ئەندامی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز، لەسەر شێواندنی ناوچە گەشتیارییەكان و کاریگەریی لەسەر ژینگە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: زۆر بەداخەوە، تا ئێستا گەشتیاریی لە كەركوك وەك پێویست گەشەی نەكردووە و گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدراوە و لەگەڵ گەشتیارییدا بایەخ بە پاراستنی ژینگەکەی نەدراوە تا سروشت لە بارێكی جێگیری ئاو و هەوادا بپارێزین.
وتیشی: پاراستنی ژینگە و پاشماوە و خۆڵ و خاشاکی گەشتیارەكان، پێویستی بە بیركردنەوە و ئاوەزێكی پێشكەوتووانە هەیە، تا لە پاڵ پرۆسەی گەشتكردندا ژینگەكەشی بپارێزین، بۆئەوەی بتوانرێت ئەو پرۆسەیە بە سەركەوتوویی بەڕێوەببرێت.
هاوسەنگیی پێویستە
ئەو ئەندامەی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز، باسی لەوەشكرد پاراستنی ژینگەی گەشتیاریی ئەركێكی نیشتمانییە، كە چۆن تاك بتوانێت هاوسەنگی لە هەموو بوارەكاندا رابگرێت، لەو هەنگاوەشدا ئەركی هەموو كەسێكە ئەو هاوسەنگییە بپارێزێت و پاشماوەكانیان لە شوێنە گەشتیارییەكاندا فرێنەدەن و ئەم كارەش ئەركی هەموو لایەكە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد گەشتیاران لە دوای خۆیان كە پاشماوەکان بەجێدەهێڵن كاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژینگە و ئاژەڵە كێوییەكان جگە لە مەڕوماڵات، كاتێك بۆ لەوەڕ دەچنە نزیك شوێنی ناوچە گەشتیارییەكان و لە پاشماوەی گەشتیاران دەلەوەڕێن، ئەوەش زیانی راستەوخۆی دەبێت بۆ سەر ئاژەڵەكان و كاریگەریی لەسەر گۆشت و شیرەكەی دروست دەکات كە مرۆڤ بێئاگایانە بەرهەمەكانی ئەو ئاژەڵانە دەخۆن، ئەوەش وادەكات كاریگەریی لەسەر تەندروستیمان هەبێت، بۆیە پێویستە لەسەر هەمووان كاتێك سەردانی ناوچە گەشتیارییەكان دەكەن، پاكوخاوێنی ژینگەکەی بپارێزن، بەداخەوە ئێستا دیاردەیەك پەیدابووە ئەویش سووتاندی پاشماوەكانە، كە ئەمەش كاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ و پیسبوونی ژینگە و دارستانەكان.
جیاوازییەكان زۆرن
عەلی محەمەد-ی تەمەن 65 ساڵ، لەسەر فڕێدانی پاشماوە لەلایەن گەشتیارانەوە وتی: گەشتیار زۆر گرنگە بتوانێت پارێزگاریی لەو شوێنانە بكات كە سەردانی دەكات، بەڵام بەداخەوە زۆرێك لە تاكەكان پابەندی پاراستنی شوێنە گەشتیارییەكان نابن، بۆیە دەبێت كار لەسەر ئەوە بكەین و خەڵکی هوشیاربکەینەوە کە ئەو پاشماوانە زیانی بۆ ژینگە هەیە، چونکە ئەوە وا دەكات تاكەكان نەتوانن سەردانی ئەو شوێنە شێوێنراوانە بکەن.
باسی لەوەشكرد لە رۆژانی هەینی و رۆژە پشووەكاندا خەڵكێكی زۆر روو دەكەنە دەوروبەری كەركوك و دەچنە ناوچە گەشتیارییەكان، بەڵام وەك پێویست خەمخۆری پاکڕاگرتنی ئەو شوێنە گەشتیارییانە نین، لەو ساتانەدا تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان و بەسەربردنی کاتێکی خۆش دەکەنەوە، بێ گوێدانە ئەوەی ژینگەی ئەو ناوچانە پیس دەکەن.
پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەكان
كەریم مەحمود، دانیشتووی گەڕەكی پەنجاعەلی، لەسەر پیسکردنی ناوچە گەشتیارییەكان وتی: بەداخەوە هەندێك لەو گەشتیارانەی لە كەناری رووبار و ئاوەكان دادەنیشن، بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە پیسكردنی ژینگە، پاشماوەكانیان دەخەنە نێو رووبارەکەوە، ئەمە نەك تەنیا زیان بە ژینگە دەگەیەنێت، بەڵكو سەرچاوە ئاوییەكانیش پیس دەكات و راستەوخۆ كاریگەریی خراپ لەسەر بەرهەمهێنانی سامانی ماسی و سەرچاوەکانی ئاوی رۆژانەی خەڵك دروست دەكات و زیان بەو بوونەوەرانەش دەگەیەنێت كە لە نێو ئاوەكەدا دەژین، بۆیە دەبێت لە رێگەی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە هوشیاریی بڵاوبکرێتەوە و كاریگەرییە ژینگەكانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ بخرێتە روو.
لەوبارەیەوە، ئەندازیار ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك، پێیڕاگەیاندین: هەموو ساڵێك لە وەرزی گەشتیارییدا شارەوانی كەركوك، رێنمایی جۆراوجۆر بۆ هاووڵاتیان بڵاودەکاتەوە کە بە مەبەستی گەشتیاریی روو لە ناوچە گەشتیارییەكان دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ساڵێك لەم وەرزەدا تیمەكانمان دەستدەکەن بە دابەشكردنی نایلۆن و كیسەی خۆڵ و خاشاك بەسەر گەشتیاراندا، بۆ پاكڕاگرتنی ژینگەی ناوچە گەشتیارییەكان، بەڵام بەداخەوە هەندێك لە گەشتیارانی نابەرپرس دوای بەسەربردنی كاتەکانیان ناوچە گەشتیارییەكان دەشێوێنن و وەك پێویست پاشماوەكانیان کۆناکەنەوە، بەپێچەوانەشەوە خێزان هەیە دوای گەشتەكەی هەست بە بەرپرسیارێتی دەكات و پاكوخاوێنیی ژینگە رادەگرن و هەموو ئەو پێویستیانەی لەگەڵ خۆیاندا هێناویانە بۆ كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك بەكاریاندەهێنن.