ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
لە جەنگی ئابووری و بازرگانیدا، چین زیاتر لە كارتێكی هەیە دژی ئەمریكا و سەرجەم ركابەرەكانی، لە كێبڕكێی زیرەكیی دەستكرددا (دیپ سیك)ی خستە بازاڕەوە، كە بە تێچوونێكی زۆر كەمتر لە چات جی پی تی و هاوشێوەكانی، زۆر كاراتر بوو، لە جەنگی سەپاندنی تاریفەی گومرگیدا، چین لە توانایدایە بە هەمان بڕ و بە هەمان شێوە تاریفە بەسەر كاڵاكانی ئەمریكادا بسەپێنێت، بەڵام لە هەمووی گرنگتر بابەتی كانزا گرانبەهاكانە، كە نە ئەمریكا و نەو وڵاتانی دیكەش ئەو جۆرە كانزایانەیان نییە و ناچارن بە هەر نرخێك بێت بیكڕن و هاوردەی بكەن، ئەمەش دەبێتە كارتێكی گوشار بۆ چین و هەر كاتێك بیەوێت دەتوانێت دژی ركابەرەكانی بەكاری بهێنێت.
یەكەم جارە لە دەرەوەی چین بەرهەم بهێنرێت
وەك كاردانەوەیەك و بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، كۆمپانیای لیناس رەیر ئێرس (Lynas Rare Earths)ی ئوسترالی بۆ یەكەم جار توانی كانزای دەگمەنی دیسپرۆسیۆم (dysprosium) لە مالیزیا بەرهەم بهێنێت و ئەمەش یەكەم جارە ئەو جۆرە كانزایە لە دەرەوەی چین بەرهەم بهێنرێت. كۆمپانیای لیناس كە پێشتر كانزا دەگمەنە سووكەكانی وەك نیۆدیمیۆم و پراسیۆدیۆمی بەرهەم دەهێنا، بەم هەنگاوەی چووە ریزی ئەو كۆمپانیایانەی كە توانای بەرهەمهێنانی كانزا دەگمەن و قورسەكانیان هەیە.
لیناس لە مانگی كانونی دووەمی ئەم ساڵەوە تا مانگی ئادار، 1911 تۆن ئۆكسیدی كانزاكانی ژێر زەوی بەرهەم هێناوە، لەو بڕەش 1509 تۆنی ئۆكسیدی نیۆدیمیۆم و پراسیۆدیمیۆم بووە، بەڵام تا ئێستا بڕی ئەو دیسپرۆسیۆمەی ئاشكرا نەكردووە، كە بەرهەمی هێناوە، بە گشتیش بڕی بەرهەمی كۆمپانیاكە بەراورد بە سێ مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو بە رێژەی %46 كەمیكردووە، ئەویش بەهۆی سەرقاڵبوونییەوە بووە بە پەرەپێدان و چاكردنەوەی پاڵاوگەكانی لە مالیزیا و ئۆسترالیا.
دوو ملیۆن تۆن یەدەگی خام
رۆژی 17ی ئەم مانگە كۆمپانیای لیناس رایگەیاند، كە سەركەوتوو بووە لە بەرهەمهێنانی بڕێكی دیاریكراو لەو كانزایە، ئەویش لە پاڵاوگەیەكی لە مالیزیا، ئەو پاڵاوگەیە لە ساڵی 2012دا بە تایبەتی بۆ ئەوە دامەزرا، كە كانزا دەگمەنە سووكەكان بەرهەم بهێنێت، ئەو كانزایانەش لە دروستكردنی مۆبایلی زیرەك و هەندێك ئامێری بەرگریدا بەكار دەهێنرێن، هەروەها لیناس ماددە خامەكانی بۆ بەرهەمهێنانی كانزا دەگمەنەكان لە كانێك بەدەست دەهێنێت بە ناوی ماونت وێڵد لە نزیك شاری كالگۆرلی خۆئاوای ئوسترالیا، بڕی یەدەگی ماددەی خامی ئەو كانەش بە دوو ملیۆن تۆن مەزەندە دەكرێت.
دروستكردنی موگناتیس
لیستی كانزا دەگمەنەكان 17 كانزای سەرەكی لەخۆ دەگرێت، وەك: ئینتانۆم، سیریۆم، پراسیۆدیمیۆم، نیۆدیمیۆم، پرۆمیتیۆم، سماریۆم، یۆرۆبیۆم، گادۆلینیۆم، تێربیۆم، دیسپرۆسیۆم، هۆلمیۆم، ئێربیۆم، سۆلیۆم، ئیتریبیۆم، لۆتیتیۆم، سكاندیۆم و ئیتریۆم. دیسپرۆسیۆم هێما كیمیاییەكەی (Dy)یە و ژمارەی ئەتۆمەكانی 66 و لە پلەی 2840ی سیلیزیدا دەتوێتەوە.
ئەم كانزایە رەگەزێكی سەرەكییە لە دروستكردن و بەرهەمهێنانی موگناتیسی زۆر بەهێز، كە ئەویش لە دروستكردنی ئۆتۆمبێی كارەبایی و ئەو تۆرباینانەدا بەكار دەهێنرێت، كە بە (با) دەجووڵێن و كاردەكەن، لەم دواییانەشدا كە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لەسەر ئاستی جیهان زیادیكردووە، بۆتە هۆی ئەوەی پیشەسازیی دروستكردنی ئەو جۆرە موگناتیسانە لەبرەودابێت، ئەو پیشەسازییەش كانزای دیسپرۆسیۆمی تێدا بەكار دەهێنرێت سەرەنجام خواست لەسەری زیاد دەبێت و نرخەكەشی گران دەبێت، بە تایبەتیش كە چین لە بەرهەمهێنانی ئەم كانزا دەگمەنەدا پێشەنگ بووە، كۆت و بەندی خستۆتە سەر فرۆشتن و هەناردەكردنی، بەڵام لەمەدوا ئەو قۆرغكارییە لانیكەم بۆ كانزای دیسپرۆسیۆم بە تەنیا لە دەستی چیندا نامێنێت و ئوسترالیاش دەبێتە یەكێك لەو وڵاتانەی بەرهەمی دەهێنێت.
سەرچاوە: attaqa.net