باشترینەکانی مێژوو

باشترین 10 یاریزانی مێژووی تۆپی پێ

12:19 - 2025-05-24
وەرزش
49 جار خوێندراوەتەوە

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مێژوو و ئاماری تۆپی پێ (IFFHS)، ئەمڕۆ 24ی ئایاری 2025، نوێترین پۆلێنکردنی خۆی بۆ باشترین 10 یاریزانی مێژووی تۆپی پێی بڵاوکردەوە و لیستەکە مشتومڕێکی زۆری لەنێو هاندەران و شارەزایانی وەرزشیدا دروستکرد.
بەپێی لیستەکە، باشترین یاریزانی مێژوو ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لیۆنێل مێسییە، کە یاریزانی پێشووی یانەکانی بەرشەلۆنە و پاریس سانجێرمان و ئێستای ئینتەر مەیامییە و خاوەنی کۆی گشتی 46 نازناوە، لەگەڵ ژمارەیەکی پێوانەیی لە خەڵاتە تاکەکەسییەکان، دیارترینیان 8 تۆپی ئاڵتونییە و زۆرترین نازناوی لە مێژووی یارییەکەدا بەدەستهێناوە، بەجۆرێک 35 نازناوی لەگەڵ بەرشەلۆنە، 3 لەگەڵ پاریس سانجێرمان، 2 لەگەڵ ئینتەر مەیامی، و 6 نازناویشی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە هەموو ئاستەکاندا بەدەستهێناوە.
پلەی دووەمی لیستەکە بەر ئەفسانەی بەڕازیلی، پێلێ، کەوت. پێلێ تاکە یاریزانە لە مێژوودا کە 3 جار جامی جیهانی بەدەستهێناوە (1958، 1962، 1970)، ئەمەش وایکردووە پێگەیەکی جێگیری لەنێو باشترینەکاندا هەبێت. دوای ئەویش، ئەفسانەیەکی تری ئەرجەنتینی، دیێگۆ مارادۆنا، لە پلەی 3یەمدا هات.
ئەوەی جێگەی سەرنج و رەخنەی زۆرێک بوو، دانانی ئەستێرەی پورتوگالی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بوو لە پلەی چوارەمدا. سەرەڕای ئەوەی رۆناڵدۆ گۆڵکاری مێژوویی یارییەکەیە بە تۆمارکردنی 935 گۆڵی فەرمی و چەندین نازناوی گرنگی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید و نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2016ی لەگەڵ پورتوگال بەدەستهێناوە، بەڵام بەهۆی نەبردنی جامی جیهانییەوە، لەم پۆلێنکردنەدا لە دوای 3 ئەفسانەکەی ترەوە هات.
پۆلێنکردنەکەی IFFHS پشتی بە ئامارە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکانی یاریزانەکان بەستووە لە تەواوی کاروانی وەرزشیاندا.
لیستی باشترین 10 یاریزانی مێژووی تۆپی پێ بەپێی IFFHS:
لیۆنێل مێسی (ئەرجەنتین)
پێلێ (بەڕازیل)
دیێگۆ مارادۆنا (ئەرجەنتین)
کریستیانۆ رۆناڵدۆ (پورتوگال)
یۆهان کرۆیف (هۆڵەندا)
رۆناڵدۆ نازاریۆ (بەڕازیل)
زێنەدین زیدان (فەرەنسا)
فرانز بێکنباوەر (ئەڵمانیا)
ئەلفرێدۆ دی ستیفانۆ (ئیسپانیا)
رۆناڵدینیۆ (بەڕازیل)
سەرچاوە : مارکا

بابەتە پەیوەندیدارەکان