چیرۆک

پێشبینیی ژنە قەرەجەکە

10:33 - 2025-05-29
ئەدەب و هونەر
74 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد كەریم

ئەوەندە دەمێكە بۆینباخ دەبەستێت كەس نازانێت لەكەیەوە خووی بەم شتەوە گرتووە. هەندێك لە پیاوان و ژنان و كوڕگەلی گەڕەك ئەوەندە بەو بۆینباخە حیزەی ملییەوە دیویانە، باوەڕیان وایە هەر بەو شێوەیە لەدایكبووە، چونكە رۆژی وایە بە كراس و بیجامەیەكی دوو رەنگەوە دەچێت بۆ نانەواخانە، دیسان بۆینباخەكەی لە ملدایە. هەندێك لەو ژنانەش كە لە ژنەكەیەوە نزیكن و ئاوماڵن، كاسە دراوسێتی لەگەڵ دەكەن و هەموو راز و نیازێکی یەكتری دەزانن، دەڵێن كابرا هەندێك شەو هەر بە بۆینباخەكەیەوە دەخەوێت. تەنانەت یەكێكیان لە زمانی ژنەكەیەوە دەگێڕنەوە، شەوێك لەسەر سیسەمەكە لەگەڵ ژنەكەی دەبێتە شەڕیان، ژنە بۆینباخەكە لە ملی توند دەكات و هەتا چاوی زەرد نەبێت بەرینادات. وێڕای ئەم وردە زانیارییانە، هاوڕێیەكی قۆناغی ناوەندیی چەند جارێك باسی ئەوە دەكات، لە دووی ناوەندییەوە خووی بەم بۆینباخەوە گرتووە، چونكە دەركی بەوە كردووە ئەوەی ئەو پارچە پەڕۆیەی لە ملدایە، هەمیشە گوێی لێدەگیرێ و كەسێكی گرنگە و شتە. هاوڕێكەی ئەوەش دووپات دەكاتەوە، رۆژی سێیەمی بۆینباخە بۆر كە هەر قسە دەكات و نایەڵێت مامۆستای كوردی شرۆڤەی شیعرێكی نالی بكات، مامۆستا لێی تووڕە دەبێت و پێی دەڵێت: «بێدەنگ دەبیت یان رەشمەكەت بگرم و هەتا دەرەوە راتكێشم».
ئەمما هاوڕێیەكی قۆشمەی قۆناغی ئامادەیی جەخت لەوە دەكاتەوە لە پێنجی ئامادەییەوە بۆینباخ دەبەستێت. دەشڵێت یەكەم رۆژی بۆینباخ بەستنی تێهەڵدانێكی باش دەخوات، بەو ناونیشانەی بۆینباخەكەی سوور بووە، لە ناوەڕاستی دەرسی عەرەبیدا وەكو گای ئیسپانی بەلەسە دەبێت، لەناو پۆلەكەدا زرمەزلێیەك دروست دەكات نەبێتەوە. لەبەرئەوەی مامۆستاكە عەرەبە هەرچەند دەكات ناتوانێت بە قسە و هەڕەشە ئارامی بكاتەوە، بۆیە بە دارەكەی دەستی دێتە وێزەی ئەوەندەی تێهەڵدەدات، عەرەب لە گامێشی نەدابێت.
سەرەڕای ئەم بەزمانە و چەندان حەسیرمەیدانی تر لەسەر بۆینباخەكەی، هەر تەركی ناكات و لێی دەبێت بە خوویەكی گرنگ، كەچی خۆی قەت نابێت بە کەسێكی گرنگ. كێشەكەش هەر ئەوەندە نییە، دیتە ساڵانێكی زۆر ئەم پارچە پەڕۆیەی لە ملیدایە، وردە وردە كار لە سروشتی دەكات، بە جۆرێك ئیتر رەنگی بۆینباخەكە كۆنترۆڵی سروشتی دەكات و بەپێی رەنگەكەی خوو و خدەی دەگۆڕێت. ئەگەر بۆینباخەكەی سوور بێت، دەبێتە گای هار و بەهیچ شتێك دابین نابێت. ئەگەر سپی بێت قوڕ و قەپ دەكات و دێو قسەی لێ نابیستێت. رەش بێت، رووی گەش دەبێت و پێدەكەنێت. بە مۆر  وەها رەزیل و پیسكە دەبێت و فلسێك دەبێتە دایك وباوكی. سەوز بێت بە شوێنی داخراو تووشی فۆبیا دەبێت و لە ترسدا دەتۆقێت.
ئەگەرچی ئەنجامی بۆینباخەكە زۆرجار لێی دەبێتە تەوقی عەزازیل و چەند ساڵێك لە شوێنی خۆی پێكوتەی پێدەكات، بەڵام بەو حاڵەشەوە وردە وردە لە فەرمانبەرێكی ئاساییەوە پلە پلە سەردەكەوێت، هەتا دەبێتە بەڕێوەبەری گشتی و لەوێدا دەچەقێت و خانەنشین دەبێت. لای خۆی خەونی ئەوەی هەیە هەتا سەرۆک وەزیران بڕوات، ئەمما بۆینباخەكەی و ژنەكەی خەونەكەی دەكەن بە تراویلكە. بەزمی ئەو رۆژەی كە پارێزگار و بەڕێوەبەرە گشتییەكان لەگەڵ سەرۆك وەزیران كۆبوونەوەیان هەیە، لە هەمووی ناخۆشترە، خۆی لە شەوێوە بۆینباخە سپییەكە دەكاتە ملی بۆ ئەوەی لەو كۆبوونەوەیەدا نوقە نەكات، بەڵام ژنەكەی كاتێ ئەم خەوتووە دەیگۆڕێت بە سوورەكە. بەهۆی شپرزەییەوە، بەیانی لەبەردەم هۆڵی كۆبوونەوەكەدا لە ئاوێنەی ئوتومبیلەكەیەوە، دەزانێت بۆینباخە سوورەكەی لەملدایە، بەڵام تازە هیچ ناكرێت. هەر لە یەكەم دەرگاوە لەگەڵ كارمەندە داماوەكانی پرسگەدا دەیكات بە شەڕ و فەرتەنەیەك ئەوسەری دیار نەبێت. خۆی هەر عادەتی وایە لەوپەڕی بەلەسەبوونیشدا قەت لەگەڵ سەرووخۆی كێشە دروست ناكات، هەمیشە بۆ داماوەكانی خوار خۆی ئازایە و بۆ سەرووخۆی پان دەكاتەوە. هەواڵەكە دەگاتە سەرۆك وەزیران، بە رێگای خۆیدا دەیگەڕێنێتەوە و نایەڵێت بەشداری كۆبوونەوەكە بكات. دەیەوێت لەسەر ئەو رەفتارەی دەریبكات، دواجار بە هەزار دەست ماچكردن خانەنشینیی پێدەبڕێت.
ژنەكەی لە رۆژی پرسەی برا بچووكەكەیەوە كە بە رووداوی ئوتومبێل لە تافی لاویدا دەمرێت، بەخوێنی سەری تینووە و خواخوایەتی لە كۆڵی بێتەوە. دوو كوڕەكەشی هەست دەكەن باوكیان لە ماڵەكەدا زیادەیە. لە رۆژی مردنی جوانەمەرگدا كە یەكەم كارەساتی دڵتەزێنی ماڵە خەزورانێتی، ئەم بە قاتێكی رەساسی و بۆینباخێكی رەشەوە، لە ریزدا دەوەستێت و قاقا پێدەكەنێت. ئەگەرچی خەزووری هاوار دەكات: «هەتا زووە ئەم حوشترە دوور بخەنەوە»، بەڵام ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی بەشدارانی پرسەكە هەموویان بزانن. لەو رۆژەوە ئیتر جورئەت ناكات سەر بكات بە ماڵی خەزووریدا.
ئەو رۆژانەی بۆینباخی مۆر دەبەستێت لە لووتكەی نائومێدیدایە، سەرگەردانە و خۆشی نازانێت چی بكات، بەو حاڵەوە دەچێت بۆ فەرمانگە. ئیتر وەكو نەخۆشێكی دەروونی هەتا سەر ئێسقان رەزیل و پیسكە دەبێت. ئەو رۆژە ئیمزا لەسەر هیچ خەرجییەك ناكات. تەنانەت رۆژێك كە لە دەوام دەگەڕێتەوە، لە جامی ئوتومبێلەكەیەوە پارە دەدات بە سواڵكەرێك، چەند مەترێك دەڕوات و بە شۆفێرەكەی دەڵێت بگەڕێتەوە، یەك كیلۆمەتر دەڕوات و پێچ دەكاتەوە، لە ئوتومبێلەكە دادەبەزێت و پارەكە لە سواڵكەرەكە دەسێنێتەوە.
ئای لەم هۆش و گۆشە شەپڕێوەی من، چۆن شتەكان تێكەڵوپێكەڵ و لنگەوقووچ دەكات! دەبوو هەر لە سەرەتاوە بڵێم، ئەم كابرایە ئەوەندە خوو بەم پەتەی ملییەوە دەگرێت، ئیتر پەت دەكاتە ملی خەڵكیش! هێشتا تەمەنی دە ساڵانە رۆژێك یەكێك لەو ژنە قەرەجانەی ماڵە و ماڵ دەكەن و بە قسەی خۆیان گوایە بەخت دەگرنەوە، هەندێك قسەی هەلەق و مەلەق دەكەن و پارە لە خەڵك و پیاوی چاوباشقاڵ دەكێشنەوە، بەختێك بۆ دایكی دەگرێتەوە. ئەمیش بە سەر و كەلـلەی تەپ و تۆزاوییەوە لەو ناوەدا یاریی دەكات. ژنە قەرەجەكە سەیرێكی دەكات و دەڵێت: «ئەم كوڕە خۆڵاوییە هی تۆیە؟» دایكی هەروا سەرێكی بۆ دەلەقێنێ، قەرەجەكە دەڵێت: «ئەمە عاشقی پەت دەبێت، هەم بۆ ملی خۆی هەم بۆ ملی تریش!» دایكی لچێكی لێ هەڵدەقورتێنێ و سەر بادەدات.
ئای لەم قسانەی من! دیسان عەرەبانەكە دەخەمە پێش ئەسپەكەوە! دەبوو هەر لە سەرەتاوە بڵێم سەعات چەندە و من لە كوێم؟ سەعات دوانزە و بیست و هەشت دەقەی دوای نیوەشەوە، من لە ماڵی كابرام، هەر من و ئەو بە تەنیاین، ئەو لەسەر سیسەمەكەی خەوتووە، منیش هەشت دەقەیە هەروا لێی دەڕوانم، چیرۆکی ژیانیم دێتە خەیاڵ. ژن و كوڕەكانی چوون بۆ ساڵانەی ژن براكەی، رەنگە بەیانیش هەتا شەو نەیەنەوە. دەمانچەیی لەسەر سیسەمە دوو كەسییەكە خەوتووە و بۆینباخە سەوزەكەی لە ملدایە. لەبەرئەوەی بە بۆینباخە سەوزەكەوە لە شوێنی داخراو دەترسێت، گڵۆپێكی ژوورەكەشی نەكوژاندۆتەوە، سەر و قژە بۆزەكەی لەسەر سەرینە سپییەكە جوان دیارە، ئەوەندە پیاوێكی زەبەلاحە، دەڵێی گایە و لەسەرلا پاڵكەوتووە. دەبوو زیاتر لە سی ساڵ پێش ئێستا ئاوا بێمە خزمەتی و دوو بە دوو پێكەوە بین، بەڵام هەر لەسەری دەوەستم و چاوەڕێ دەكەم هەتا پیر دەبێت و ژیانی لەلا شیرین دەبێت. ئەگەرچی من كۆپی كلیلی هەموو ماڵەكەم پێیە، بەڵام لەبەرئەوەی بۆینباخە سەوزەكە سەبارەت بە شوێنی داخراو ترسی خسۆتە دڵییەوە، دەرگای هەموو ژوورەكانی خستۆتە سەرپشت، تەنیا دەرگای راڕەوەكەی داخستووە، بۆیە تەنیا یەك كلیل بەكاردەهێنم. بۆئەوەی بزانێت كەس لە كونە دیوار نەهاتۆتە دەرەوە و بێكەس نییە. لەگەڵ راپەڕینەكەدا سەر دەكەم بەناو هەموو ئەرشیفەكەی بەعسدا، تەنیا یەك دۆسێم مەبەستە، دەستمدەكەوێت و دەیخەمە بن هەنگڵم، زیاتر لە سی ساڵە دەیخوێنمەوە و نەخشەی لەسەر دادەنێم.
دیسان شتەكان پاش و پێش دەخەم، دەبوو هەر لە سەرەتاوە ئەوە بڵێم، ئەم كابرایە لەو رۆژەوە كە زانیوێتی وشەی بۆینباخ ئەسڵەكەی (Cravate)یە و لە وشەی (كرواتیا) وەرگیراوە، یەكەمجاریش هەر لەو وڵاتە بەكارهاتووە، قەت وشەی بۆینباخ بەكارناهێتێت و  وەكو فارس دەڵێت: (كراوات).
بەیانی زەنگی خەبەركردنەوەی مۆبایلەكەم لێدەدات، بەبێ ئەوەی چاو بكەمەوە، هەروا بەپەلەكوتێ قیڕەی دەبڕم. قەدەرێكیتر دەخەوم، دەنگی نامەیەك دیسان خەبەرم دەكاتەوە، هەر لەخۆمەوە هەست دەكەم نامەكە شتێكی گرنگی تێدایە، چاو دەكەمەوە، مۆبایلەكە هەڵدەگرم و كەمێك لە چاومی دوور دەخەمەوە، نامەكە دەخوێنمەوە:
سڵاو...
كابرای لەمەڕ خۆمان، بە بۆینباخە رەشەكەی بە دەرگاكەی خۆیاندا هەڵواسراوە،  یەك بست زمانی هاتۆتە دەرەوە!

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان