مەعروف مەجید*
تەوەری رۆژی جیهانیی ژینگە بۆ ساڵی 2025 بریتییە لە «کۆتاییهێنان بە پیسبوون بە پلاستیک». ماوەی سێ ساڵە، دروشمی سەرەکی رۆژی جیهانیی ژینگە تایبەتکراوە بە ماددە پلاستیکییەکان، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئێستا جیهان بە دەست گرفتی پیسبوون بە ماددەی پلاستیکەوە گرفتارە.
ئامارەکانی تایبەت بە پلاستیک چیمان پێدەڵێن؟
لە ساڵی 2025دا مەزەندە دەکرێت لە نێوان 75 بۆ 199 ملیۆن تۆن پلاستیک و پاشماوە لە زەریاکاندا هەبێت. هەروەها بەرهەمهێنانی پلاستیک بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە و تا کۆتایی ساڵی 2025 بگاتە نزیکەی 600 ملیۆن تۆن.
پاشماوەی پلاستیک:
پێشبینی دەکرێت پاشماوەی پلاستیک لە جیهاندا تا کۆتایی ساڵی 2025 ساڵانە بگاتە 460 ملیۆن تۆن.
پیسبوونی پلاستیک:
پێشبینی دەکرێت ساڵانە لەنێوان 4,8 بۆ 12,7 ملیۆن تۆن پلاستیک بچێتە ناو زەریاکانەوە.
پلاستیک لە زەریادا:
ئێستا نزیکەی 165 ملیۆن تۆن پلاستیک لە ژینگە دەریاییەکانی زەویدا هەیە.
گرنگیی ژمارەکان
ئەم ژمارانە قەبارەی قەیرانی ژینگەیی پیشان دەدەن کە بەهۆی پلاستیکەوە دروست بووە، ئاماژە بە پێویستیی بە پەلە دەکرێت بۆ گرتنەبەری هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی پلاستیک و ریسایکل کردنی بە شێوەیەکی کاریگەر.
نزیکەی 40 %ی بەرهەمی پلاستیکی جیهانیی بۆ پاکەتکردن بەکاردەهێنرێت، لە کاتێکدا پاکەت و بەستەری پلاستیکیی گەورەترین بازاڕن بۆ بەرهەمهێنانی پلاستیک.
نزیکەی 40 %ی هەموو بەرهەمە پلاستیکییەکان لە ماوەی یەک مانگدا فڕێ دەدرێن و رێژەی 91 %ی پاشماوەی پلاستیکی لەسەر ئاستی جیهان ریسایکل ناکرێت، هەروەها پلاستیک 10 %ی کۆی پاشماوەی دروستکراو لە سەرانسەری جیهاندا پێکدەهێنێت.
لە بەریتانیا ساڵانە زیاتر لە 100 ملیار پارچە پاشماوەی پاکەتەکانی پلاستیکی فڕێ دەدرێن، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 بەرهەمهێنانی پلاستیک بۆ نزیکەی 590 ملیۆن تۆن بەرزبێتەوە.
زیادکردنی دووبارە بەکارهێنانەوەی پلاستیک دەتوانێت تا ساڵی 2040 پیسبوونی پلاستیک بە رێژەی 30 % کەم بکاتەوە.
ریسایکل کردنی زیاتر دەتوانێت لە ساڵی 2040دا پیسبوون بە رێژەی 20 %ی دیکە کەم بکاتەوە.
گۆڕینی بەرهەمە پلاستیکییەکان بە کەرەستەی دۆستی ژینگە دەتوانێت لە ساڵی 2050دا پیسبوون بە رێژەی 17 % کەم بکاتەوە.
رۆژی جیهانیی ژینگە
رۆژی جیهانیی ژینگە ساڵانە لە 5ی حوزەیراندا بەڕێوەدەچێت، نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا ساڵی 1972 رۆژی ژینگەی ناساند، لە ماوەی پێنج دەیەی رابردوودا رۆژەکە گەشەی کردووە و بووەتە یەکێک لە گەورەترین پلاتفۆرمە جیهانییەکان بۆ گەیاندنی پەیامی ژینگەیی، دەیان ملیۆن کەس بە شێوەی ئۆنلاین و لە رێگەی چالاکییە کەسییەکان، رووداو و کردارەکانەوە لە سەرانسەری جیهاندا بەشداری تێدا دەکەن.
رزگارکردنی هەسارەکە لە پیسبوونی پلاستیکی بەشدارییەکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، ئەوانەی تایبەتن بە کردارەکانی کەشوهەوا، بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی بەردەوام، پاراستنی دەریا و زەریاکان و چاککردنەوەی ئیکۆسیستمەکان و راگرتنی لەناوچوونی جۆراوجۆریی رووەک و ئاژەڵان.
لە ساڵی 2025دا، گرنگیدان بە پرسە گەورەکانی ژینگەی جیهانیی، وەک گۆڕانی کەشوهەوا، لە دەستدانی جۆراوجۆریی زیندوو، پیسبوون، دارستان بڕین و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا بەردەوام دەبێت، ئەو هەڕەشە ژینگەییانەی مەترسی بەردەوام بوونیان لێدەکرێت لە ساڵی 2025دا.
گۆڕانی کەشوهەوا
ئەم هەڕەشەیە بەردەوام دەبێت
لە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە، کە دەبێتە هۆی رووداوە توندەکانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.
لە دەستدانی جۆراوجۆریی زیندوو:
لەناوچوونی بە کۆمەڵی جۆرەکانی رووەک و ئاژەڵ وەک هەڕەشەیەکی گەورە دەمێنێتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر هاوسەنگی ئیکۆسیستمەکان دەبێت.
پیسبوون:
پیسبوونی هەوا، ئاو و خاک بەردەوام دەبێت و مەترسیی لەسەر تەندروستی گشتیی و ژینگە دروست دەکات.
دارستان بڕین:
درەخت بڕین و لەناوبردنی دارستانەکان وەک هۆکاری سەرەکیی گۆڕانی کەشوهەوا و لە دەستدانی جۆراوجۆریی زیندوو دەمێنێتەوە.
بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا:
بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان بەردەوام دەبێت و کاریگەریی لەسەر ناوچە کەنارییەکان و شارەکان دەبێت و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتووان.
بەشێک لەو مەترسییانەی روویان لە جیهان کردووە
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی مەزەندە دەکات لە کۆی 10 کەس لە جیهاندا نۆ کەس هەوای پیس هەڵدەمژن، هەروەها گەردیلەی ناو هەوای پیس ساڵانە دەبێتە هۆی مردنی حەوت ملیۆن کەس.
پیسبوونی هەوا بەشدارە لە چارەکێکی مردنی گەورەساڵان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و 25 % بەهۆی جەڵتەی مێشک و 43 % بەهۆی نەخۆشی درێژخایەنی رێگری سییەکان و 29 % بەهۆی شێرپەنجەی سییەکان.
دانیشتووانی ئاسیا بە رێژەی %81 بەرپرسیارن لە پیسبوونی پلاستیکی زەریاکاندا بەهۆی خراپیی بەڕێوەبردنی پاشماوە و ئەو پلاستیکانەی یەکجار بەکاردەهێنرێن و ناتەواوی دامەزراوەی ریسایکلکردن.
ماددە قڕکەرەکان بەشدارن لە پیسبوونی خاک و ئاوی ژێر زەویدا، پیشەسازی ماددەی قڕکەر لە پیسکەرترین پیشەسازییەکانە، پیسبوون کاریگەریی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە و دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە، هەروەها پیسبوون کاریگەریی لەسەر ژینگە دەبێت و دەبێتە هۆی مردنی ژیانی دەریایی و لەناوبردنی ئیکۆسیستم و گۆڕانی کەشوهەوا.
عیراق و پرسی ژینگە
لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا، حکومەتی عیراق پلانێکی پاراستنی ژینگەی دەستپێکرد کە تا ساڵی 2030 درێژدەبێتەوە، ئەم پلانە چەندین رێکاری پێویست لەم بوارەدا لەخۆ دەگرێت، لەوانە چارەسەرکردنی پاشماوە، پەرەپێدانی یەدەگی سروشتی، پەرەپێدانی یاسا رێکخراوەییەکان و بەرنامەکانی بەڕێوەبردنی ژینگە، بەهێزکردنی کەرتی ئاو، بڵاوکردنەوەی پەروەردەی ژینگەیی، سەپاندنی ستانداردی ژینگەیی بەسەر دامەزراوە حکومی و تایبەتییەکاندا، بەڵام واقیعی عیراق ئاماژە بە ئەگەری هێنانەدی گۆڕانکاری بەرجەستە و خێرا لە دۆخی ژینگەدا ناکات، بە لەبەرچاوگرتنی سیستمی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان.
کێشەکە لەوەدایە تائێستا لەسەر رێکەوتنی حزبەکان بەرنامەکانی بودجەی دارایی عیراق دادەڕێژێت و سەرپەرشتی بڕیارەکانی حکومەت دەکرێت و یاسای حوکمڕانی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەرهەم دەهێنێت.
ئەم چارەسەرانە پێویستیان بە بودجەی دارایی گەورەیە، بڕیارێک کە پێویستی بە گواستنەوەی کارگە و دامەزراوەکانە، هەروەها گۆڕانکاریی لە ناوەڕۆکی میکانیزمە ئابوورییەکانی ئێستادا، کە هەموو ئەمانە لەگەڵ ئەم بەرژەوەندییانەدا ناکۆکە.
هەرێمی کوردستان و مهترسییه ژینگەییەکان
ههرێمی كوردستان چهند مهترسییهكی گهورەی لە رووی ژینگەوە تێدایە، ئهگهر ئێستا ههوڵبدرێت چارهسهركردنیان ئاسان دەبێت وەک:
*كهمیی رێژەی سهوزایی:
بههۆی كهمتهرخهمی بەشێک لە هاووڵاتیان و حكومهتەوە هێشتا هیچ ئامارێكی رەسمی نییه كه ههرێمی كوردستان رێژەی سهوزایی ستانداردی جیهانیی تێپەڕاندبێت، بگره ههندێک ئامار و داتا مایەی نیگهرانیین كه بهشێكی زۆر لە شار و شارۆچكهكان رێژەکەیان ناگاته ژمارەی پهنجهكانی دهست، به تایبهتی لە ناوچەکانی سنووری گهرمیان.
رێژەی سهوزایی لە ههرێمی كوردستان بە جیاوازیی ناوچەکانەوە بە رێژەی لە %10 تا %18 یە، بهڵام ئهم رێژانە پشتڕاست نهكراونهتهوه و بهشێك لەو رێژانەش هی ساڵی 2015یە كه لەلایهن وهزارهتی كشتوكاڵهوه بڵاوكراوهتهوه.
پێشترش بەپێی ئامارێك ساڵانی 2010 - 2019 یهك ملیۆن دۆنم دارستان لە ههرێمی كوردستان به هۆکاری جیاواز مەترسی لەناوچوونیان لەسەر بووە.
بەڕێوبهری پاوان و دارستان لە وهزارهتی كشتوكاڵ ئاماژه بهوه دهكات، ههرێم خاوهنی دوو ملیۆن و 500 ههزار دۆنم دارستانی سروشتی و 35 ههزار و 490 دۆنم دارستانی دهستكرده، تهنها لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، ملیۆنێك و 265 ههزار و 258 دۆنم دارستان سووتاون، كه نزیكەی %50ی دارستانهكانی ههرێمی كوردستان به دهستكرد و خۆڕسكەوە لەناوچوون یان مەترسی لەناوچوونیان لەسەر بووە.
*زۆربوونی ئۆتۆمبێل:
یهكێكی دیکە لەو گرفتانەی ئێستا بوووەته هۆی پیسكردنی ژینگه گواستنهوەی تایبهته، كه بهپێی ئامارهكان تهنها ئهو ئۆتۆمبیلانەی لە هەرێمدا تۆماركراون دوو ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبێلن، جگه لەوانەی بێ سهرهتا و ژمارهیان هی شارهكانی دیکەی عیراقە، ئهمهش هۆكارێكه بۆ پیسبوونی ههوا، لە کاتێکدا لە سهرجهم پارێزگاكانی دیکەی عیراق حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێل هەیە.
*زبڵ و پاشماوەخۆراکییە بەکاربراوەکان:
گرفتێکی دیکەی پیسبوونی ژینگەی هەرێم بوونی پاشماوەی رۆژانهیه لە شار و شارۆچكهکان و تهنانهت گوندهكانیش، کە لە ساڵێكدا بە دوو ملیۆن و 628 هەزار تۆن مەزەندە دەکرێت و بە گوێرەی ئامارەكانیش رۆژانە لە هەرێمدا نزیکەی بڕی حەوت هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك فڕێ دەدرێت.
*کاریگەریی کەم ئاوی لەسەر کەمبوونەوەی سەوزایی:
بەهۆی ئەوەی ئێستا زۆربەی جیهان و کوردستانیش بە دەست کەمئاوییەوە دەناڵێنن، ئەوە گرفتێکی گەورەی بۆ بە سەوزیی هێشتنەوەی ژینگە دروستکردووە بەوپێیەی زۆرتر حکومەت و هاووڵاتیانیش لە خەمی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەدان، ئەو لایەنەی ژینگە تاڕادەیەک فەرامۆش کراوە، ئەوە جگە لە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەویی و کەم بارانی کە کاریگەریی قورسی لەسەر ژینگە بەجێهێشتووە.
*فراوانبوونی زەویی نیشتەجێبوون و کەمبوونەوەی سەوزایی و پاوان
دەستەی ئاماری هەرێم رایگەیاندووە: ژمارەی دانیشتووان گەیشتووەتە شەش ملیۆن و 556 هەزار و 752 کەس بۆ ساڵی 2023، یهكێك لە گرفتهكانی ژینگەش زۆربوونی رێژەی دانیشتووان و شێوازی دروستکردنی یهكەکانی نیشتهجێبوونە کە وەک پێویست رەچاوی مەرجە ژینگەییەکانی تێدا ناکرێت و لە سەروو ئەوەشەوە حکومەت بۆ زیادکردنی زەویی نیشتەجێبوون پهنا دهباتە بهر کەمکردنەوەی زهوییه كشتوكاڵییهكان و زۆرێک لەو زەوییانەش دەدەنە كۆمپانیاكانی كهرتی تایبهت بۆ دروستكردنی یهكەی نیشتهجێبوون، سەرەڕای ئەوەش بهشێك لە كارگه و كۆمپانیاكان پهنایان بردۆته بهر زهوی كشتوكاڵیی بۆ دروستكردنی كارگه لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان.
گرفتی دیکەش ماون باسیان بكهین وەک راوکردن، زۆربوونی دوکەڵ و پاشماوەی کارگەکان، بوونی پاڵاوگەی نایاسایی و پاشماوەی نەخۆشخانەکان.
*سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە