ئەنوەر عەبدولعەزیز سەمین*
کشتوکاڵی نوێکردنەوەی خاک (زراعە تجدید التربة) پرۆسەی باشکردنی کوالێتی خاکە بە زیادکردنی ماددە ئۆرگانیکەکان، ئەوەش یارمەتی باشترکردنی هەڵمژین و راگرتنی ئاو و خۆراک دەدات.
پاراستنی خاک زۆر گرنگە بۆ گەیشتن بە ئاسایشی خۆراک و داهاتوویەکی بەردەوام. تێکچوونی خاک لە عیراقدا ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت، بە هۆی گۆڕانی ئاو و هەوا و بەڕێوەبردنی خراپی زەوی کشتوکاڵی و پەیڕەونەکردنی سیستمی کشتوکاڵیی نوێ لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی خاک و ئاودا.
تێکچوونی خاکی کشتوکاڵی
تێکچوونی خاک کاتێک روودەدات کە کوالێتی خاک بە تێپەڕبوونی کات تێکدەچێت، خاکی تەندروست ماددەی خۆراکیی و ئۆرگانیک و وردە زیندەوەری تێدایە، یارمەتی گەشەکردنی رووەک دەدەن، کاتێک خاک تێکدەچێت، ئەم توخمە گرنگانە لەدەست دەچن، ئەمەش وا دەکات گەشەکردنی رووەک قورس بێت و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کەم ببنەوە.
هۆکارەکانی تێکچوونی خاک
* وشکەساڵیی بەهۆی کەم بارانییەوە، دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی.
*دابەزینی بەپیتیی خاک، لەدەستدانی ماددە ئۆرگانیکــەکان، بەهۆی پەیڕەونەکردنی خولی کشتوکاڵییەوە.
* لە ناوچوونی دارستان بە مەبەستی پیشەسازی و کەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی، بەهۆی بڕینی دارستان و سووتاندنی گژوگیا و پاشماوەکان دوای دروێنەکردن.
* خنکانی خاک بەهۆی پەیڕەونەکردنی سیستمی ئاودێری مۆدێرن.
* تێکچوونی خاک بەهۆی بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵیی بۆ نێشتەجێبوون و پیشەسازی و بازرگانی.
* کەمبوونەوەی خاکی کشتوکاڵی و ماددە خۆراکییەکان لەڕێگەی خراپی شێوازە کشتوکاڵییەکانەوە.
*لەوەڕاندنی زۆر و نەبوونی سیستمی لەوەڕاندن.
* کۆچی گوندنشینەکان بۆ شار، وازهێنان لە خزمەتکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان.
* دروستبوونی لافاو بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبردنی باش بۆ سەرچاوەکانی ئاو.
* پیسبوونی خاک، لەوانەش پاشماوەی پیشەسازی و بازرگانی و کۆمپانیاکانی نەوت.
* تێکچوونی خاک بەهۆی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و قورس لەسەر زەوی کشتوکاڵی.
* زیادبوونی راماڵینی ئاو و راماڵینی با، بەهۆی وشکەساڵییەوە و کەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی.
* بە بیابانبوون بەهۆی وشکبوونی زەوی بەهۆی وشکەساڵییەوە.
* زیاد بەکارهێنانی پەینی کیمیایی و قڕکەرەکان.
* بەڕێوەبردنی نادروستی زەوی، دەتوانێت خێرایی ئەم پرۆسەیە دوو بۆ سێ هێندە زیاد بکات.
ستراتیژەکانی پاراستنی خاک
1.بەدەستهێنانی زانیاری ورد سەبارەت بە بەکارهێنانی زەوی.
2.چاودێریکردنی ناوچەکان و دەستنیشانکردنی ناوچە گرنگەکان.
3.چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی کاریگەریی تەکنیکەکانی پاراستنی خاکی کارپێکراو.
4. چاودێریکردنی گۆڕانی ئاو و هەوا بە بەردەوامیی.
5.سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای زانیاری کشتوکاڵیی نوێ بۆ چاککردن و پاراستنی خاک.
چارەسەری کێشەی تێکچوونی خاک بە پێی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) بریتییە لە:
- وەرگرتنی سیستمی کشتوکاڵیی ژینگەدۆست بۆ پاراستنی خاک لە پیسبوون.
- بەکارهێنانی پێوانەی ئۆرگانیک و شێوازی بایۆلۆجی بۆ باشترکردنی کوالێتی خاک.
- پاراستنی هاوسەنگی ئیکۆلۆژی و پاراستنی خاک لە پیسبوون.
- چاندنی بەروبووم و دار و درەختی گونجاو بۆ ژینگە کە بەرگەی گۆڕانی ئاو و هەوا بگرن.
- راگرتن یان کەمکردنەوەی دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون و پیشەسازی و بازرگانی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان.
- پەیڕەوکردنی سیستمی زانستیی لەوەڕاندن لە بەخێوکردنی ئاژەڵدا.
- شۆردنەوەی خاک بە رێگەی زانستی.
- دروستکردنی پشتێنەی سەوز بۆ کێڵگە کشتوکاڵییەکان بۆ رێگریکردن لە رەشەبا و گەڕە و خۆڵبارین.
- پەیڕەوکردنی خولی کشتوکاڵی بۆ چاککردنی خاک و هەمەچەشنکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی.
- بەکارهێنانی شێوازی ئاودێری مۆدێرن.
- پەیڕەوکردنی کشتوکاڵ، بەبێ کێڵان (الزراعە الحافظة Zero tilige) بەتایبەت بۆ زەوییە دێمییەکان.
-کشتوکاڵی کۆنتوری دەبێتە هۆی چاککردن و پاراستنی خاک و کەمکردنەوەی راماڵین.
- پەیڕەوکردنی کشتوکاڵی ئۆرگانیک و بەکارهێنانی تەواوکەر بۆ دەرد و نەخۆشییەکان.
- جێهێشتنی پاشماوەی رووەکیی لە خاکدا، دوای وەرزی دروێنەکردن، ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی خاک و رێگری لە راماڵینی زەوی دەکات.
- دروستکردنی بەنداو و پۆند و پرۆژەی ئاودێری، بە سوود وەرگرتن لە ئاوی باران و رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو و راماڵینی خاک.
- باشترکردنی پێکهاتەی خاک بە زیادکردنی کۆمپۆست یان مادەی ئۆرگانیک، بە سوود وەرگرتن لە پاشماوەی رووەک و ئاژەڵ بۆ زەوی کشتوکاڵی.
- سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای کشتوکاڵی نوێ.
*ئەندازیاری کشتوکاڵ