دواى ماوەیەکى کەم لە فڕینى، فڕۆکەیەکی سەربەهێلی فڕۆکەوانی هیندستان بە 242 سەرنشینەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی ئەحمەد ئاباد لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە کەوتەوە خوارەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە میدیاکانی هیندستان وێنەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی بڵاوکردەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بەزیانە گیانییەکان بکات.
بەگوێرەی میدیاکانی هیندستان، فڕۆکەکە لە جۆری بۆینگ دریملاینەری 787 بووە کە پێشکەوتووترین جۆری فڕۆکەی گواستنەوەی گشتییە بەرەو فڕۆکەخانەی گاتویکی لەندەن فڕیوە و هەرلەنزیک فڕۆکەخانەی ئەحمەد ئاباد ئاگرو دوکەڵێکی زۆری لێ بەرزبووەتەوە و کەوتۆتەخوارەوە.
هاوکات هێلی فڕۆکەوانی هیندستان لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و دواتر هەموو وردەکارییەک بڵاو دەکەنەوە.