هەولێر و سۆران: پزیشكانی نیشتەجێی خولاو‌ بایكۆتی دەوام رادەگەیەنن

10:42 - 2025-06-06
کوردستان
90 جار خوێندراوەتەوە

پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لە هەولێر و ئیدارەی سۆران هۆشداری دەدەن بە حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان و دەڵێن، سبەی‌ لە هەموو نەخۆشخانەكانی هەولێر و سۆران بایكۆتی دەوام دەكەن.
پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لە راگەیەنراوێكدا كە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردووە، دەڵێن، لە ماوەكانی رابردوودا پزیشكانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەكەم و دووەم هەموو رێگەیەكی یاسایی و مەدەنییان گرتووەتەبەر، بەڵام وەزارەتی نەك هیچ چارەسەرێكی بۆ كێشەكەیان نەبووە، بەڵكو هەڵستاوە بە شێواندنی سیستمی پلەبەندی پزیشكی و پزیشكانی ساڵی یەكەم و دووەم ناچار دەكات، دەوامی سێ‌ خولی بخەنە ئەستۆی خۆیان.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، رۆژی شەممە سەعات 8ی بەیانی لە هەموو فریاكەوتن و نەخۆشخانەكانی هەولێر و سۆران بە هەموو بەشەكانییەوە، بایكۆتی دەوام رادەگەیەنن، تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.
هەروەها داوا لە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن، هەرچی زووە چارەسەر بۆ ئەو رەوشەی ئێستا بدۆزنەوە و سیستمی تەندروستی كوردستان بپارێزن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان