خانمی یەکەم پێشوازی لە ژمارەیەک ژنە ڕۆژنامەنووسی عیراقی و ژنانی دیاری عەرەبی و ئیقلیمی دەکات

10:12 - 2025-06-12
عیراق
72 جار خوێندراوەتەوە

خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە ژمارەیەک ژنە رۆژنامەنووس و کەسایەتیی هونەری و ڕۆشنبیریی وڵاتانی عەرەبی و بیانی. ئەم دیدارە لە پەراوێزی بەشداریکردنی میوانان بوو لە (14) فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی میدیای ژنان، کە لەلایەن کۆڕبەندی راگەیاندنی ژنانی عیراقەوە بە سەرۆکایەتی د.نیبراس مەعموری، رێکخرابوو.

خانمی یەکەم لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-6- 2025 بەڕێوەچوو، بە گەرمی بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە بەشداریکردنیان لە فێستیڤاڵی راگەیاندنی ژنان. 
خانمی یەکەم جەختیکردەوە لە گرنگی کاری میدیایی لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵ و پەرپێدانی رۆڵی ژنان لە بنیادنان و سەرکردایەتیکردن، هەروەها پشتیوانیکردن لە پرۆسەی گەشەپێدان و چەسپاندنی یەکڕیزی کۆمەڵایەتی لە نێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ و بەرەنگاربوونەوەی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی.

خانمی یەکەم ئاماژەی بەوەشکرد، پیشەییبونی میدیا هەڵگری پەیامێکی پیشەیی و پڕبەهایی و مرۆیی و نیشتمانین، هەروەها دەبێت متمانە و وردبینی لە گەیاندنی راستییەکان زامن بکەن، دوور لە فشار و لایەنگری و جەمسەری. 
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوای لە ژنە رۆژنامەنووسان کرد راستییەکان سەبارەت بەو پێشهاتە ئەرێنییانەی لە عیراقدا روودەدەن بگەیەنن، جەختیکردەوە لەسەر رۆڵی سەرەکی سۆشیال میدیا و میدیا لە کاریگەری و داڕشتنی هۆشیاری کەلتووری و  بەهاکان لە کۆمەڵ.
خانمی یەکەم جەختیکردەوە لە گرنگی پێشکەشکردنی ناوەڕۆکێکی ئامانجدار و بنیاتنەر کە پابەند بێت بە ستانداردەکانی میدیای نیشتمانی ئازاد، چەسپاندنی رۆڵی خۆی لە بنیاتنانی هۆشیاری و هاندانی دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان. هاوکات خانمی یەکەم روناکی خستە سەر پێویستی بەردەوامبوون لە هەوڵەکان بۆ دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ ئایندەی میدیای ژنان، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی سەرکەوتنی ژنانی عیراق لە بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکانەی کە پێیان سپێردراوە لە بوارە جیاجیاکاندا لەگەڵ رەگەزی هاوتایان.

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هەروەها باسی لە پێویستی بەهێزکردنی پیشەییبونی میدیا و رۆژنامەنووسان کرد سەبارەت بە مافی بەدەستهێنانی زانیاری، کە شەفافیەت بەدەست دەهێنێت و رۆڵی چاودێری میدیا لە سەر کاری دەزگا و دامەزراوەکانی حکومەت پەرەپێدەدات، هەروەها بەشدارە لە بەهێزکردنی متمانە بە کاری دەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەت.
خانمی یەکەم گفتوگۆی لەگەڵ ئەندامانی وەفدەکە کرد سەبارەت بە سەرەتای دامەزراندنی کەناڵی تەلەفزیۆنی عەرەبی، کە لە عیراق وەک یەکەم وڵاتی ناوچەیی دەست بە پەخشی تەلەفزیۆنی کرد.
وەفدەکە ستایشی پێشهاتە ئەرێنییەکانی ئاستە جیاجیاکانی عیراقیان کرد و هەروەها چەند ئەندامێکی وەفدەکە بانگهێشتنامەیەکیان ئاراستەی خانمی یەکەم کرد بۆ بەشداریکردن لە کردنەوەی مۆزەخانەی گەورە لە میسر، ویستی خۆیان بۆ سەردانی سلێمانی و بینینی شوێنەوارەکانی ئەم شارە خەباتکارە دەربڕی. 
خانمی یەکەم پێزانینی خۆی بۆ ئەو بانگهێشتە دەربڕی و بەخێرهاتنی کردن بۆ سلێمانی و روونیکردەوە کە لە قۆناغەکانی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریدا گەشتی زیاتر لە وڵاتێکی کردووە و هەرکاتێک لە وڵاتانی عەرەبی بووبێت هەستی بەوە کردووە لە عیراقدایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان