ئەمڕۆ بە ئامادەبوونى هەڤاڵان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی، عیماد ئەحمەد ئەندامى مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامى سەرکردایەتیى و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێم، پێنجەمین کۆنگرەى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان، لە ژێر دروشمى "کۆنگرەى پێنج هەنگاوێکى ترە بۆ پاراستنى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان و هەوڵدانى زیاتر بۆ خزمەتکردنیان" بەڕێوەچوو.
لە کۆنگرەکەدا عیماد ئەحمەد ئەندامى مەکتەبى سیاسی بەناوی سەرۆکی یەکێتی و مەکتەبی سیاسییەوە وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "یەکێتى هەمیشە پشتیوانى پێشمەرگە دێرینەکانى کردووە و لە ئێستاشدا سەرۆک بافڵ پشتیوانتان دەبێت و داخوازییەکانتان جێبەجێ دەکات، هاوکات دڵنیاتان دەکەمەوە کە مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتیش پشتیوانتانە بۆ ئەنجامدانى ئەم کۆنگرەیە بە سەرکەوتوویى".
هەڤاڵ عیماد ئەحمەد وتیشی، هیوادارین ئەم کۆنگرەیە ببێتە زیاتر بەرەو پێشبردنى کارەکانى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان و هەڵبژاردنى ستافێکى نوێى کارا بۆ کۆمەڵەکە، گرنگە کۆنگرەکە و دەرئەنجامەکانی بە شێوەیەک بێت رۆحى رابەرمان سەرۆک مام جەلال و شەهیدەکانمان شاد بکەین، ئاشکرایە کە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بۆ خزمەتى خەڵک و ئازادیى و دیموکراسى دروست بووە و لەو پێناوەدا خوێنى زۆرى بەخشیوە بۆیە ئەمڕۆش لە بەرامبەر پێشهاتەکانی ناوچەکە یەکێتی لایەنگریی ئاشتی و چارەسەرکردنی گرژییەکانە بە دیالۆگ و هەموو هەوڵێکیشمان بۆ پاراستنی سەقامگیری ئارامی هەرێمە و هیواداراین بە یەکڕیزی و یەک گوتاریمان کێشەکانمان لە ناوخۆ و لەگەڵ بەغداش چارەسەر بکەین و هەموومان گەل و خاکەکەمان بپارێزین و خزمەتی ئامانجە باڵاکان بکەین کە بە دڵنییایەوە ئەمەش بە یەکگرتووییمان دێتە دی .
هەر لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەى بەوەشدا: "پێشمەرگە دێرینەکان خاوەنى خەباتى یەکێتین و رەنج و مەینەتى زۆریان بۆ ئەم ئازادییە بینییوە، هەروەها دڵنیاین کە ئێوەى دڵسۆز کەمتەرخەمى ناکەن لە خزمەت و ئەنجامدانى ئەم کۆنگرەیەش دەبێتە خستنە سەرى مشتێکى دیکە لە خەرمانى گیان فیدایى و خزمەتتان و پێکەوە رۆحى شەهیدەکانمان شاد دەکەین".