ئەردەڵان عەبدوڵڵا
یەکێک لە شانۆگەریە جوانەکانی شانۆنووسی ناوداری ئینگلیز (ولیەم شکسپیر) شانۆگەری (ماکبێسە). ئەم شانۆگەریە بە یەکێک لە کارە جوان و گرنگەکانی دادەنرێت، لەهەمانکاتیشدا بە کورترین شانۆگەریشی دادەنرێت، چونکە لەچاو شانۆگەرییەکانی تریدا، زۆر کورتە. جگەلەوەش قسەوباس و گومانی زۆر لەبارەی ئەم شانۆگەریە کراوە، چونکە ئەم شانۆگەریە لە ساڵی 1623 لە کۆبەرهەمەکەی شکسپیردا بڵاوکراوەتەوە، کە ئەمەش پاش 7 ساڵ لە مردنی شکسپیر بووە، هەروەها شێوازی نووسینەکەشی مایەی گومانە، چونکە دەقە ئەسڵییەکەی کە شکسپیر نووسیویەتی، دیار نەبووە، بگرە ئەم شانۆگەریە لەو شانۆکارانەوە کۆکراوەتەوە کە پێشتر نمایشی شانۆکەیان کردووە، بەڵام وەکو مێژوونووسانی بواری شکسپیر دەڵێن، پێدەچێت ئەم شانۆگەریە لە ساڵی 1606 دا نووسرابێت، واتە پاش شانۆگەری (پاشا لیر) شکسپیر ئەم شانۆگەریەی نووسیوە.
هەربۆیە ئەم شانۆگەریە، قسەی زۆری لەبارەوە کراوە، گومان لە ئەسڵی بوون و زیادکردن و کەمکردنی دەقەکە کراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شانۆگەریە، گرنگی زۆری هەیە، چونکە کۆمەڵێک بابەتی گرنگی لەخۆی کۆکردۆتەوە لەپێش هەموویانەوە، مێژووی پادشایەتی سکۆتلەندا، جەنگ و خیانەتی میر و پاشاکانی سکۆتلەندا، لەسەر کورسی دەسەڵات.
پاشا ماکبێس
ئەم شانۆگەریە باس لە ژیانی میر و سەرکردەی سەربازی سکۆتلەندی ( ماکبێس) دەکات، کە لە ساڵی 1005 لەدایکبووەو لە ساڵی 1057 لە جەنگێکدا دەکوژرێت. ماکبێس سەرکردەیەکی سەربازییە ساڵی 1040 جەنگ لە دژی کوڕە مامەکەی پادشا دانکان هەڵدەگیرسێنێت و لە 14 ئابی 1040 دا، پادشا دانکان دەکوژێت و خۆی دەبێت بە پادشای سکۆتلەندا و بۆ ماوەی 17 ساڵ حوکمی ئەم مەملەکەتە دەکات. بەڵام لە ساڵی 1057 لە جەنگێکدا کە مالکولم کوڕی پادشا دانکان دژی هەڵیدەگیرسێنێت، دەکوژرێت و کۆتایی بە حوکمڕانی ماکبێس دەهێنرێت، کە بۆ ماوەی 17 ساڵ حوکمی سکۆتلەندای کردووە.
جەنگی کورسی دەسەڵات
ئەم شانۆگەریە بەشێوەیەکی گشتی باس لە جەنگی کورسی دەسەڵات دەکات، کە لە نێوان یەک بنەماڵەدا هەڵدەگیرسێت. لێرەوە ئەم شانۆگەریە ئەوەمان پێدەڵێت، کە خۆشی گەیشتن بە کورسی دەسەڵات، هەموو سنوورەکانی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی دەبەزێنێت. ئەمەش بە سیمایەکی گشتی سیستەمی پاشایەتی دادەنرێت، چونکە هەمیشە خزم و کەسانی نزیکی پادشاکان، خەریکی پیلانگێڕان بوون لە دژی یەکتری.
ئەخلاق
هەندێک رەخنەگری شانۆیی پێیانوایە، ئەم شانۆگەریەی شکسپیر، گوزارشت لە پرسی ئەخلاقی دەکات، لەبەرئەوەی لەم شانۆگەریەدا مەسەلەی (خیانەت، ئازاری ویژدان) بابەتی سەرەکین. وەکو رەخنەگرێکی عەرەبیش دەڵێت: (ئەگەر شانۆگەری هاملێت باسی تراژیدیای پیاوێکی ئەخلاقی بکات لەناو کۆمەڵگەیەکی نا ئەخلاقی، ئەوا شانۆگەری ماکبێس باس لە تراژیدیای پیاوێکی بێ ئەخلاق دەکات لەناو کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقداردا.) وەکو ماکبێسیش بە ژنەکەی دەڵێت: پاشایەتی هیچ بەهای نییە، ئەگەر تۆ لە ژیان و موڵکی خۆت ئەمین نەبیت.
لە شوێنێکی تریشدا دەڵێت: چیتر من ناتوانم بنووم، خەوێکی ئارام،،، من رۆژانە دەمرم.
ئەو رەخنانەی لەم شانۆگەریە گیراون
لەگەڵ هەموو ئەو جوانیانەی کە ئەم شانۆگەریە هەیەتی، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە دووربێت لە رەخنە و کەموکورتی. هەربۆیە زۆرێک لە مێژوونووسان و رەخنەگرانی ئەدەبی، رەخنەی ئەوە لە شکسپیر دەگرن، کە رووداوە مێژووییەکانی بە ئارەزووی خۆی شێواندووە، بۆ نموونە لە شانۆگەریەکەدا وا باس دەکات ( کە ماکبێس پادشا دانکان بانگهێشتی ماڵەوە دەکات و پاشان لە رێگەی چەند پیاوکوژێکەوە دەیکوژێت.) بەڵام ئەمە راست نییە، چونکە ماکبێس لە جەنگێکدا پادشا دانکان دەکوژێت. دواتر لە شانۆگەریەکەدا وا باس لە قۆناغی حوکمڕانی ماکبێس دەکات کە زۆر کورت بووە، نەک 17 ساڵ، هەروەها قۆناغی حوکمڕانی ماکبێس بە دزیی و تاڵانیی ناودەبات، لە حاڵەتێکدا ساڵانی حوکمڕانی ماکبێس، بە ساڵانی گەشەسەندووی سکۆتلەندا دادەنرێت.
سەرچاوە:
ویلیام شکسبیر. مکبث. ترجمة: حسین أحمد أمين. دار الشروق. 1994