ئا: ته‌ها عه‌بدوڵڵا
دكتۆر ئه‌ڤین محه‌مه‌د عارف مه‌عروف، پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی جومگه و رۆماتیزم و چاره‌سه‌ری سرووشتی (فیزیایی)، وردەکارییەکانی نه‌خۆشی رۆماتیزم و هۆكار و نیشانه‌كانی دەخاتەڕوو، هه‌روه‌ها جیاوازی نێوان رۆماتیزم و سه‌وه‌فان و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنیان باس دەکات.
ئەم پسپوڕە، بە لاپەڕەی تەندروستی راگەیاند: رۆماتیزم، نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌نه، ده‌بێته هۆی هه‌وكردنی جومگه‌كان و سیستمی به‌رگری له‌ش تێكده‌دات و به هه‌ڵه په‌لاماری شان و خانه‌كانی خۆی ده‌دات. هۆكاره‌كه‌شی دیاریكراو نییه، به‌ڵكو زیاتر بۆماوه‌ییه، هه‌روه‌ها به‌هۆی رووداوێكی له‌ناكاو و ته‌مه‌ن و گۆڕینی هۆڕمۆنه‌كانی له‌ش و چه‌ند هۆكارێكی دیكه‌وه رووده‌ده‌ن.
وتیشی: هه‌رچه‌نده رێژە‌ی توشبوونیش تاڕاده‌یه‌ك له کوردستان به‌رزبووەته‌وه، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین به‌هۆی پێشكه‌وتنی زانستی پزیشكی، ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشی رۆماتیزم زیادیكردووه، بۆیه هه‌ست ده‌كرێت تووشبوون بەو نه‌خۆشییه له‌زیادبووندایه و خه‌ڵك زیاتر بەئاگا دێته‌وه، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ هاتنی په‌تای كۆڕۆنا و پێدانی ڤاكسین بۆ خۆپاراستن، نیشانه‌كانی رۆماتیزم زیاتر ده‌ركه‌وت، هاوكات به‌كارهێنانی مادده‌ی كیمیایی و خراپبوونی ژینگه رۆڵی زۆریان هه‌یه له‌وه‌ی رۆماتیزم گه‌شه بكات، هەروەها هیچ ته‌مه‌نێك نییه به‌دوور بێت له رۆماتیزم، به‌ڵام هه‌ر ته‌مه‌نێك جۆری خۆی هه‌یه، نیشانه‌كانی له منداڵان جیاوازه له‌گه‌ڵ نیشانه‌كانی له كه‌سانی گه‌وره.
باسی له‌وه‌شكرد: نه‌خۆشییه‌كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر جومگه‌كانی مرۆڤ ده‌بێت و تووشی ره‌قبوونیان ده‌كات و كه‌سه‌كه ئازاری زۆری ده‌بێت، ئازاره‌كه‌ش زیاتر له‌و كاتانه ده‌رده‌كه‌وێت كه تووشبوو بۆ ماوه‌یه‌ك پشوو وه‌ردەگرێت، به‌تایبه‌تی كاتێك له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستێت هه‌ست به ئازار ده‌كات، دواتر له‌گه‌ڵ جوڵه ورده ورده ئازاره‌كه‌ی كه‌م ده‌بێته‌وه، هه‌ندێك له نیشانه‌ی رۆماتیزم هه‌یه له جومگه‌كان نادات، به‌ڵكو زیاتر له‌سه‌ر ماسولكه ده‌رده‌كه‌وێت، یانیش ته‌نیا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێست ده‌بێت، کە هۆکارە بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی خوێن له كه‌سی نه‌خۆشدا.
له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی رۆماتیزم دكتۆر ئه‌ڤین وتی: چاره‌سه‌ری كۆتایی بۆ رۆماتیزم نییه، وه‌ك نه‌خۆشیی شه‌كره و فشاری خوێن، به‌ڵكو پێویستی به چاره‌سه‌ری به‌رده‌وام هه‌یه، جۆری چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ش به‌گوێره‌ی جۆری نه‌خۆشییه‌كه و كه‌سی تووشبوو ده‌گۆڕێت.
روونیشیكرده‌وه: سه‌ره‌تای چاره‌سه‌ركردنی رۆماتیزم، به‌پێدانی ده‌رمانی هه‌وكردن ده‌ستپێده‌كات، دواتر چاره‌سه‌ری كیمیایی، دوا قۆناغیش وه‌رگرتنی ده‌رزی بایۆلۆجیه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كۆتایی كه بایلۆجیه نرخه‌كه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی زۆر به‌رزه، هه‌ربۆیه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی دابین كردووه كه توانایان سنوورداره، بۆ ئه‌مه‌ش له رێگەی راپۆڕتی پزیشكی پسپۆڕ له نه‌خۆشخانه حكومییه‌كان به نه‌خۆش ده‌درێت.
هۆشداری ئه‌وه‌شیدا: پێویسته كه‌سی نه‌خۆش به‌رده‌وام بێت له وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر، هه‌تا ئه‌گه‌ر ئازاره‌كانی كه‌م بێته‌وه و هه‌ست به نیشانه‌كانی نه‌كات، چونكه زۆرجار رۆماتیزم به‌بێ ئه‌وه‌ی نه‌خۆش هه‌ستی پێبكات، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر چاو و گورچیله و خوێن و شوێنه‌كانی دیكه‌ی له‌شی ده‌كات، بۆیه نابێت ده‌ستبه‌رداری چاره‌سه‌ر بێت.
له‌باره‌ی جیاوازی له نێوان رۆماتیزم و سه‌وه‌فان ئه‌و دكتۆره وتی: سه‌وه‌فان به‌هۆی به‌كارهێنانی جومگه‌كان به هه‌ڵه دروست ده‌بێت، واتا ئه‌و كاتانه‌ی فشارێكی زۆر له‌سه‌ر جومگه‌كان داده‌نرێت، بۆیه زیاتر سه‌وه‌فان له‌دوای ته‌مه‌نی 50 ساڵی به‌رێژه‌یه‌كی زۆر ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه كڕكڕاگه‌كه ته‌نك ده‌بێته‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی زۆر به كارهێنان و پیربوونی، به‌هۆیه‌وه ئێسكه‌كان بەر یه‌ك ده‌كه‌وێت و ئیسكی زیاد دروست ده‌كات و دواتر دڕ ده‌بێت، هەروەها ده‌كرێت له ته‌مه‌نێكی كه‌متر مرۆڤ تووشی سه‌وه‌فان بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌و كه‌سه‌ی تووشی شكان و پێكان بووه، یان پێشتر كه‌سه‌كه تووشی رۆماتیزم بووه، ئه‌وه‌ش واده‌كات تووشی سه‌وه‌فان بێت.
دكتۆر ئه‌ڤین محه‌مه‌د عارف مه‌عروف