هەناری رەش، ئابوورییەكی سروشتیی مەنەلی

11:48 - 2025-06-16
ڕاپۆرت
30 جار خوێندراوەتەوە

ئارۆ سامان 

 مەنەلی شارێكی رەسەنی كوردستانییە و دەكەوێتە سنووری عیراق - ئێران و لە خانەقین و ئیلام و گەیلانەوە نزیكە، بەناوچەیەكی كشتوكاڵی و بەرهەمی جۆراوجۆری خورما و هەنار و چەندین جۆری تری سەوزە و میوە دەناسرێت، لەدێرزەمانەوە دانیشتوانەكەی تەنانەت لەچارەسەركردنی ئازار و نەخۆشیەكانیشدا پشتیان بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بەستووە و ناو و ناوبانگێكی گەورەیان هەیە لەم رووەوە، هەناری رەش كە بە (عەنارسیا) بەناوبانگە یەكێكە لەو بەرهەمە دەگمەنانە.
پێكهاتەی هەناری رەش 
قەیس مەندەلاوی كە چەندین ساڵە لەبواری كشتوكاڵ و بەرهەمەكانی كار دەكات و بەرپرسی بەشی كشتوكاڵی مەندەلی بووە وتی: ئەم جۆرە هەنارە بەرگەكەی زۆر سوورە بەجۆرێك بەرەو رەش دەچێت، دانەكانیشی لەناوەوە زۆر رەشن، خەڵكی ناوچەكە بەتایبەت پزیشكە گیاییەكان پێیانوایە ئەو رەشاییە هۆكاری سەرەكی لەناوبردنی ئازار و ژەهراویبوونی گەدەیە.
باس لەوەش دەكات: یەكێكی تر لەتایبەتمەندییەكانی ئەوەیە كە  تاڵی و شیرینی ئاوێتەن، واتە 75%ی تاڵە و 25%ی شیرینە و تامێكی زۆر جیاوازی هەیە، جگە لەوەش بەرزیەكەی لەچاو جۆرەكانی تری هەنار كەمترە.
بۆچی لەمەندەلی؟!
ئەحمەد مەندەلاوی كە  جووتیارێكی سنوورەكەیە و ماوەیەكی زۆرە پشتاوپشت لەباو و باپیرانییەوە كاری كشتوكاڵی و باخ و باخاتیان بۆ ماوەتەوە، زانیاری لەوبارەیەوە ئاشكرا دەكات و وتی: هەناری رەش یەكێكە لەبەرهەمە كشتوكاڵییە نایابەكانی سنوورەكە، تاوەكو ئێستا نەمبیستووە نە لەكوردستان و نە لە عیراق و نە لە ئێران بڕوێندرێت یاخود بەرهەمی هەبێت، جووتیارانی مەنەلی لەدێرزەمانەوە شارەزایی خۆیان لە بواری كشتوكاڵی بەگەرخستووە، چەندین جۆری میوەو سەوزەو بەرهەمی كشتوكاڵی دەچێنن، لەدوای خورما، هەناری رەش پێگەیەكی گرنگ و گەورەی هەیە لەناوچەكە. وتیشی: خۆڵ و خاشاكی مەندەلی بۆ ئەم جۆرە میوەیە زۆر گونجاوە، جگە لەوەی خەڵكەكەشی شارەزاییەكی زۆر باشیان هەیە لە رواندن و پێگەیاندنی، رەنگە بەسەدان ساڵ پێش ئێستا لەناو خاكی مەنەلی چێنرابێت.
بەكارهێنانی وەك چارەسەر 
سدیق وەیسی كە ماوەی چەندین ساڵە كاری كشتوكاڵی دەكات زانیاری ورد لەبارەی هەناری رەشەوە دەخاتەڕوو، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: پێشتر لەناو خەڵكی رەسەنی مەنەلی نەریت بووە كە چارەسەری نەخۆشی بە میوە و بەرهەمی كشتوكاڵی و گیا یاخود بەرهەمە شیرییەكان بكرێت، بۆ نموونە شكانی ئێسقان بە شیر، دان ئێشە بە مێخەك، زۆر شتی تر، یەكێكی تر لەو چارەسەرانە بەكارهێنانی هەناری رەشە بۆ چارەسەكردنی ئازاری سك و گەدە و وشكی ریخۆڵەكان، وەك دەڵێن، بەشێوەیەكی سحراوی ئازارەكان لەناو دەبات.
لەدرێژەی لێدوانەكەیدا وتی: هەرچەندە لە رووی زانستییەوە نەسەلمێنراوە، بەڵام بەشی زۆری ئەو كەسانەی لە سنووری مەنەلی و گوندەكانیدا تووشی ئازاری گەدە دەبن ئەم جۆرە هەنارە بەكاردەهێنن، پێیانوایە  هەر زوو رووبەڕووی ڤایرۆس و بەكتریای زیانبەخش دەبێت و ئازارەكان لەناو دەبات.
هەڕەشەی لەناوچوون 
قەیس مەندەلاوی مەترسییەكی گەورە لەسەر ئەم جۆرە هەنارە ئاشكرا دەكات و دەڵێت: 10 بۆ 12 جۆر هەنار  لە سنووری مەنەلی هەیە، ئەم جۆرە درەختە تەنها لە مەنەلی هەیە، تەنها خەڵكی ئەم شارە گرنگی پێدەدەن و كێشە گەورەكە ئەوەیە باخەوانەكان وەكو بەرهەمی فراوان و ناردنە بازاڕ بەكاری ناهێنن، بەڵكو لەهەر باخێك لانیكەم دوو بۆ سێ درەختیان رواندووە و بۆ خۆیان بەكاری دەهێنن، جگە لەوەش ئەگەر كەسێك ئازارێكی هەبێت یان پێویستی پێ بێت چەند دانەیەكی بەخۆڕایی پێدەدەن.
جەختیكردەوە: كشتوكاڵی دیالە نەیتوانیوە وەكو پێویست گرنگی بەم جۆرە هەنارە بدات، نەیتوانیوە قەڵەمی بكات و  یان وەكو نەمام بەشێوەیەكی هەرزان و فراوان بیخاتە بەردەستی هاووڵاتیان و لە شوێن و ناوچە جیاوازەكانی دیالە بڵاوی بكاتەوە. 
چی بكرێت ؟!
رەعد یاسین كە لە خانەوادەیەكی جووتیارە و ماوەی چەندین ساڵە پێیەوە خەریكن، پێشنیازی ئەوە دەكات: ئەگەر لەناو خودی شاری مەنەلیش گرنگی بەم جۆرە بەرهەمە بدرێت رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە زیادكردنی بەرهەمەكەی و ناردنی بۆ شوێنە جیاوازەكانی تری عیراق و كوردستان.
باس لەوەش دەكات: خاكی مەنەلی بۆ كشتوكاڵ زێڕە، دەتوانرێت بە خزمەتكردنی جووتیاران و گرنگیپێدانیان چەندین بەرهەمی جیاوازی كشتوكاڵی  بەرهەمبهێنرێت و بخرێتە بازاڕەوە، بەڵام بەداخەوە هێندە گرنگی بەم شارە نادرێت و خەڵكی لەسەر بنەمای پشت بەستن بەخۆیان كاری كشتوكاڵی دەكەن، وشكە ساڵی و كەم ئاوی و كەمی دەرمان و كیمیایی كشتوكاڵی گەورەترین ئەو كێشانەن جووتیاران بەدەستییەوە دەناڵێنن.
هەنگاوی گرنگ دەنێین 
عەلی زەمەد قائیمقامی قەزای مەنەلی بۆ كوردستانی نوێ وتی: هەوڵدەدەین تەواوی كێشەكان چارەسەر بكەین، جگە لە سامانی كانزایی، بەرهەمی كشتوكاڵی لە سنووری مەنەلی گرنگییەكی زۆری هەیە و لە دێرزەمانەوە خەڵكەكەی پێیەوە خەریكن. وتیشی: بەرنامە و هەنگاوی گرنگمان لەپێشە و بەشێوەیەكی رێكخراو كاری بۆ دەكەین و چارەسەری كێشە و گرفتەكان دەكەین.


بابەتە پەیوەندیدارەکان