مەعروف مەجید*
لە ئێستا و رابردوودا، هەمیشە جەنگەکان بە شێوەیەکی کاریگەر هەڕەشە بوون لەسەر ژینگە، گرفتەکە لەوەدایە ئەم وێرانکارییە ژینگەییانە تەنها زیانیان بۆ ئەو وڵاتانە نییە کە جەنگی تێدایە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دراوسێش دروست دەکەن.
گرفتێکی بەرچاوی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، گۆڕینی دیمۆگرافیای دانیشتوانە، کە زۆر جار ئەمەیان دەبێتە هۆی شێواندن و تێکدانی سروشت و بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دارستانەکان و بەکارهێنانیان وەکو شوێنی خۆحەشاردان و نیشتەجێبوون و دوورمەودا لەلایەن هاووڵاتیانی نیشتەجێی شارەکان، ئەم زیانانە دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش بۆ دەیان ساڵ بەردەوام دەبن.
کاریگەرییە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکان
کاریگەرییە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانی جەنگ درێژخایەنن، بەشێکی زۆریان وەک پیسبوونی ژینگە زۆر دوای وەستانی شەڕەکە بەردەوام دەبن و دەبنە هۆی زیانی گەورە بۆ ژینگەی ناوچەکە.
شەڕە چەکدارییەکاندا کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ژینگە دەبێت، ئەو پیسبوونەی لە دوای شەڕەکانەوە دروست دەبێت، لێکەوتەی کارەساتبار بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لە ساڵی 1990ەوە جیهان بەهۆی جەنگەوە 1,220,000 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دارستانەکانی لەدەستداوە، ئەمەش قەبارەی گەورەی لەناوچوونی ژینگە دەخاتە روو.
*لەدەستدانی جۆراوجۆریی زیندوو: جیهان بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە (83 %)ی شیردەرە کێوییەکانی و (50 %)ی رووەکی لەدەستداوە، شەڕەکان رێژەی لەناوچوونی جۆرەکان خێراتر دەکەن، ئەمەش مەترسییەکی جددی لەسەر هاوسەنگی ئیکۆلۆژی جیهانیی دروست دەکات.
*کاریگەریی لەسەر لەناوبردنی ژینگە: جەنگ و شەڕەکان هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ژینگەی جیهان، دەردانی گازی گەرمخانەیی زیاد دەکەن و ئیکۆسیستمەکان لەناودەبەن، سوپا و ململانێکان بەرپرسیارن لە (5.5 %)ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی، هەروەها بۆمب و تەقەمەنی زیانێکی زۆر بە خاک و ئاو دەگەیەنن، ئەم پیسبوونە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت.
*دارستانبڕین و بە بیابانبوون: لەکاتی شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا بە ئەنقەست دارستانەکان دەسوتێنرێن بۆ ئەوەی رێگری لە نەیاران بکەن خۆیان حەشاربدەن، وەک لە جەنگی ڤێتنامدا کە ملیۆنان دۆنم دارستانیان لەناوبرد.
*گیانلەبەرە کێوییەکان کەم دەکەنەوە: بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ئەگەری ئەوە هەیە (90 %)ی گیانلەبەرە کێوییەکان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا بکوژرێن.
*پیسبوونی خاک و ئاو: بە ئامانجگرتنی بەنداو و رووبارەکان لە ململانێکاندا (بۆ نموونە رووباری فورات لە سوریا) دەبێتە هۆی قەیرانی ئاو و پیسبوونی ژینگە، جگەلەوەی پاشماوەی جەنگ و تەقەمەنی پیسبوو، دەبنە هۆی پیسبوونی درێژخایەنی خاک و ئاوی ژێر زەوی.
*پیسبوونی کیمیایی و تیشکدەر: تەقەمەنی تیشکدەر و کیمیایی دەبێتە هۆی نەخۆشی درێژخایەن و شێرپەنجە و شێواوی جەستە، وەک بەکارهێنانی چەکی سووتێنەر (فسفۆڕی سپی) لە لوبنان و غەززە، هەروەها زەوییە کشتوکاڵییەکان لەناو دەبات.
*دەردانی کاربۆن و گۆڕانی کەشوهەوا: بەپێی خەمڵاندنەکان بێت، جەنگ هۆکارە بۆ (5.5 %) ی دەردانی گازی گەرمخانەیی لە جیهاندا، بۆ نموونە جەنگی ئۆکرانیا لە ساڵی یەکەمیدا 120 ملیۆن تۆن هاوتای CO2 بەرهەمهێنا، کە زیاترە لە خودی کۆماری چیک، چالاکییەکانی ئاوەدانکردنەوە.
چارەسەر چییە؟
سەرەڕای رێککەوتننامەکانی ساڵی 1977 بۆ پاراستنی ژینگە لە جەنگ و شەڕی چەکداریدا، بەڵام هێشتا بە کردەوە جێبەجێ ناکرێت و زۆربەی وڵاتان پێیەوە پابەند نین، بۆیە داوای سزا دەکرێت بەسەر ئەو لایەنانەی لەکاتی جەنگەکاندا زیان بە ژینگە دەگەیەنن.
*سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە