سەرکاو فەیروز*
جەنگ ئەو کارەساتە نەگریسەیە کە بەدرێژایی مێژوو یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەناوچوونی مرۆڤایەتی، بە بەرەوپێشچوونی مرۆڤ و پیشەسازیی ئامرازەکانی جەنگ بەرەوپێشتر چوون و زیانەکانیشیان لە هەڵکشاندان، ئەو زیانانەش زیانی مرۆیی و ژینگەیی و ئابووری لە خۆدەگرن و سەرجەمی سێکتەرەکانی ژینگە وێران دەکەن، یەکێک لەو فاکتەرانەی دەبنە هۆی وێرانکاری و زیانگەیاندن بە ژینگە، شەڕی ناوچەیی نێوان وڵاتانە، لە ئاستێکی گەورەتریشدا جەنگی جیهانی و نێودەوڵەتییە، لەڕاستیدا زیانەکانی جەنگ مەترسیدارن و کاریگەرییەکانی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە. جەنگ کاریگەریی وێرانکەری هەیە وەک لەناوچوونی ژینگە، بەهۆی بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی بە هەموو جۆرەکانییەوە، و دەبنە هۆی زیادبوونی گازە گەرمخانەییەکان (دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و هێکسافلۆرایدی گۆگرد و ئۆکسیدی نایترۆجین) کە پلەی گەرمی گۆی زەوییان بەڕێژەی 1.5 بەرزکردووەتەوە، دەردانی ئەم گازە گەرمخانەییانە ژینگەی مرۆڤایەتی خستۆتە بەردەم هەڕەشەیەکی گەورەوە.
کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی جەنگ
نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی پەسەند کرد بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری خەڵک سەبارەت بە کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی جەنگ لەسەر ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان، بەتایبەتی سەرچاوە سروشتییە نوێبووەکان، دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی چەکی وێرانکەر کە کاریگەری خراپی لەسەر تێکدانی سیستمە ژینگەییەکان هەیە. لە ئەنجامی هەستکردن بەم دەرهاویشتانەی جەنگ لەسەر ژینگە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی(2001) دا و (6ی تشرینی دووەم)ی وەک (رۆژی جیهانیی رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی ژینگە لە شەڕ و ململانێی چەکداری)دا دیاریی کرد، بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی دەوڵەتان و خەڵک سەبارەت بە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی جەنگ.
جەنگ زیانی گەورە بە سروشت و ئاوی سازگار و تەندروستی جەستە و دەروونی خەڵک دەگەیەنێت، بۆ نموونە دوای دوو ساڵ جەنگ لە نێوان روسیا و ئۆکرانـــیا لــەنــێوان ســــــاڵانــی (2022 - 2024) دەردانی گازی گەرمخانەیی هەسارەکە بە بڕی 175 ملیۆن تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن زیادیکردووە، بەهۆی جەنگ و داگیرکارییەکانی تورکیاوە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چەندین هێکتار لە رووبەری دارستان لەناوچوون، دار زەیتونە بەتەمەنەکان لەبندا هەڵکێشراون و بڕدرانەوە، بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی سوریاوە رووبەرێکی زۆری زەوی کشتوکاڵی بۆتە گۆڕەپانی جەنگ و وێران کران، کە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی رێژەی ئۆکسجین لە هەوادا هەبووە و لە درێژخایەندا کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا دەبێت.
هاوکات ئەگەر بڕوانینە پاشماوەکانی جەنگ، لە جەنگی غەززەدا، لە چەندین هێرشدا هەزاران تۆن تەقەمەنی بەکارهێنراون و زەوییە کشتوکاڵییەکان وێرانکراون، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP)مەزەندەی کردووە کە 39 ملیۆن تۆن پاشماوە دوای جەنگەکە کەڵەکە بووبێت، لە هەر مەتر چوارگۆشەیەكدا لە کەرتی غەززە، ئێستا زیاتر لە 107 کیلۆگرام پاشماوەی جەنگ هەیە. ئەمەش پێنج هێندە زیاترە لەو پاشماوانەی لە شەڕی 2017 ی موسڵ لە عیراق دروست بوون، سەرەڕای بڕی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا بە هۆی چالاکییە سەربازییەکانەوە.
خراپترین جەنگەکان لە سێ دەیەی رابردوودا
ئەو جەنگانەی لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا کاریگەریی خراپیان لەسەر ژینگە هەبووە، بریتین لە: جەنگی ئێران و عیراق و کیمابارانکردنی هەڵەبجە و دۆڵی بالیسان و جەنگی کەنداوی فارس، هەروەها جەنگی دووەمی کەنداوی فارس لە ساڵی 1991 و هێرشی عیراق بۆ سەر کوێت لە 16 ی ئابی 1990. بەهۆی ئەم جەنگانەوە ژینگەی عیراق و کوردستان زۆر زیانی پێگەیشت، جگە لەوانە جەنگی ئەفغانستان و ئازادکردنی عیراق لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکاوە لە ساڵی 2003 و جەنگەکانی بۆسنە و جەنگی سوریا و بۆمبارانکردنی تورکیا و شەڕی داعش و کۆسۆڤۆ و فەلەستین و هاوشێوەکانیان، تا دەگەینە جەنگی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل.
هەندێک ئاماری گرنگ
-جەنگی دژە تیرۆری ئەمریکا 1.2 بلیۆن مەتر تۆن گازی لە کەشوهەوادا بڵاوکردووەتەوە، کە کاریگەریی گەرمبوونی لەسەر هەسارەکە زیاترە لە دەرچوونی ئەو گازەی ساڵانە لە 257 ملیۆن ئۆتۆمبێلەوە دەردەچێت. .
- لە سەردەمی رژێمی بەعسدا کێڵگەکانی عیراق بۆ 10 ٪ کەمبوونەوە بە بەراورد بە قەبارەی مێژووییان.
- لەم چەند دەیەی دواییدا ئەفغانستان نزیکەی 95 ٪ دارستانەکانی لەدەستداوە.
- لەنێوان ساڵانی (2010-2006) ململانێکان لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان بووە هۆی چۆڵبوونی زەوی کشتوکاڵییە بە پیتەکان، ئەمەش بە مانای لەناوچوونی بەرهەمی دانەوێڵە دێت، بەوهۆیەوە 800 هەزار کەس داهاتیان لەدەستداوە.
-بەکارهێنانی کاریگەرترین چەکی پیسکەر بۆ ژینگە، چەکی کیمیاییە، چونکە کاریگەرییە وێرانکەرەکانی چەکی کیمیایی نەک تەنیا لەسەر مرۆڤ بەتایبەتی منداڵان و ژنان زۆرە، بۆ سەر ژینگەش کاریگەریی وێرانکەر و درێژخایەنی هەیە. هەر بەو هۆیەوە له ساڵی 2005 دا یەکەم پێشانگەی کاریگەریی چەکی کیمیایی لەسەر خەڵک و بەتایبەتی منداڵان و ژنان و کاریگەرییە ژینگەییەکانی چەکی کیمیایی بوو، کە لە پەراوێزی لووتکەی جیهانی لە لاهای هۆڵەندا بەڕێوەچوو، لەلایەن نوێنەرانی 171 وڵاتی ئەندامەوە پێداچوونەوەیان بۆ کرا.
کاریگەریی ئەم جەنگە لەسەر ژینگە
جەنگی موشەکیی و هێرشی ئاسمانی نێوان ئیسرائیل و ئێران کە لە 13 ئەم مانگەدا دەستیپێکرد، دەرهاویشتەکانی زۆر بەخراپی لەسەر ژینگە دەکەوێت و کاریگەرییەکانی ئەم چەکانە زۆر مەترسیدار دەبن لە ئێستاو داهاتوودا، چونکە مەترسیدارترین چەک بەکاردەهێنرێت، وەک دەبینین چۆن جبەخانە و کۆگاکانی چەک دەتەقنەوە و دووکەڵی فرۆکە و بۆمب تێکەڵ بە هەوا دەبن و فڕۆکەی جەنگیی زەبەلاح بەکاردەهێنرێن، کە هەر فڕۆکەیەکی هەڵگری مووشەک دەتوانێت بڕی 4028 گاڵۆن بەنزین بۆ هەر میلێک بسوتێنێت، هەروەها بەکارهێنانی موشەکی دوورمەودا کە کڵاوەی هەر مووشەکێک زیاتر لە 1500 کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵگرتووە و توانای بڕینی 2000 کیلۆمەتری هەیە، دەکرێت ئەم دوورییە زیاتر بکرێت بۆ 4000 کیلۆمەتر، بە تەقینەوەی ئەم موشەکەش گازی زیانبەخشی (co2) کاربۆن لە ژینگەدا بڵاودەکاتەوە، بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو جۆرە چەک و تەقەمەنییانەدا مەترسیدارە، چونکە زۆربەیان گازی مەترسیدار دەردەدەن و دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا، لە هەمووی مەترسیدارتریش بەئامانج گرتنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانە کە یۆرانیۆمیان تێدا دەپیتێندرێن و لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی گەردەکانی ئەم ماددەیەدا، زیانەکانی زۆر مەترسیدار دەبن لەسەر ژینگە و مرۆڤ و سەرجەم زیندەوەران و کاریگەرییەکەی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە ناوچەکە و جیهاندا دەمێنێتەوە. وەک کارەساتی ئەتۆمی چێرنۆبڵ لە سەعات یەک و نیوی بەیانی 26 ی نیسانی ساڵی (1986) لە بنکەی ئەتۆمی شاری چێرنۆبڵ لە ئۆکرانیا روویدا، دوای ئەم کارەساتە بە پانتایی 100 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە زەوییەکانی روسیا و ئۆکرانیا و روسیای سپی کەوتنە ژێر کاریگەریی (ماددەی تیشکدەری ئەتۆمییەوە-Radio active) .
دواجار بەکارهێنانی ئەم چەکانە هەموویان کاریگەرییەکی هاوبەشیان هەیە ئەویش تێکدانی ژینگە و زیانی قەرەبوونەکراوەی سروشتە وەک ئاو و خاک و رووەک و ئاژەڵان، هاوکات زیانەکانی پیسبوونی ژینگە بە هۆی جەنگەوە لەسەر مرۆڤ و رەگەزەکانی ژینگە بریتین لە:
1. دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی هەوا و زیادبوونی گازی خانەشووشەییەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەسارەکە.
2. دەبێتە هۆی پیسبوونی خاک و ژەهراویبوونی راستەوخۆی خاک.
3. ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی پیس دەکات.
4. زیان بە رووەک و پانتایی سەوزایی دەگەیەنێت، لە رێگەی سیستمی خۆراکەوە کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی مرۆڤ دەبێت.
5. ماددە پیس و ژەهراوییەکان کە لە بەرگە گازدا هەن بەهۆی دابارینەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئاوی ژێر زەوی و پیسبوون و لەدەستدانی کوالێتی ئاو.
6. ژیانی ئاژەڵان دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هۆی ژەهراویبوون و نەخۆشی له مرۆڤدا.
7. بەهۆی جەنگەوە دارستانەکان و سەدان جۆر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی بە شێوەیەکی دڕندانە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی جەنگ لەناودەچن.
8. بەهۆی راگواستن و بۆمبڕێژکردنی ناوچەکانی جەنگ، رێگە لە چاندن و کشتوکاڵ دەگیرێت و دەبێتە هۆی بێکەڵکبوونی زەوییەکان و لەدەستدانیان.
9. زیادبوونی لەناکاوی بەرهەمهێنانی پاکەتکردنی خۆراک لە کاتی جەنگدا بۆ پاڵپشتیکردنی بەشداربووانی جەنگ، ئەوەش زیانێکی زۆر بە سەرچاوە سروشتییەکان دەگەیەنێت.
10. راوکردنی نایاسایی لە ناوچەکانی جەنگدا یەکێکی ترە لە زیانەکانی جەنگ بۆ سەر ژینگە.
11. ئۆتۆمبێلی سەربازی، فڕۆکە، کەشتی، باڵەخانە و ژێرخانی سەربازی هەموویان پێویستیان بە وزە هەیە و زۆربەی کات ئەم وزەیە لە نەوتەوە دێت. یەکێک لە کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە دەرچوونی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە لە بۆشایی ئاسماندا.
* ماستەر لە ئاو و هەوا و ژینگەدا