راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا بێت زەنگی مەترسیی ژینگە لێدراوە، بەوەی عیراق رووبەڕووی مەترسییەكی ترسناك دەبێتەوە لە وشكبوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و بێئاوییدا.
لێكۆڵینەوەكان ئەوە دەخەنەڕوو كە دیاردەی بەبیبانبوون بەشێكی زەوییەکانی عیراقی گرتووەتەوە و بەشێوەیەكی ترسناك ئاستی ئاوی دیجلە و فورات دابەزیووە، لەم دۆخەشدا بەپێی ئەو کەشوهەوا گەرمەی هەیەتی، لەگەڵ رێژەیەكی كەمی باران بارین لەم ساڵدا، كەركوك کەوتووەتە بەردەم ئەو بارە ترسناكەی كە عیراقیشی گرتووەتەوە.
گۆڕانكارییەكان هەمەچەشنن
د. سازان فەتحی راوێژكاری كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز، لەو بارەیەوە بە کوردستانی نوێ-ی رایگەیاند: گۆڕانكاریی ژینگەیی كە ئەمساڵ سەرتاپای عیراقی گرتووەتەوە، دەرئەنجامەکەی كۆمەڵێك گۆڕانكارییە لە هەموو بوارەكانی ژیانی مرۆڤدا، وەك پیسبوونی ژینگە بەشێوەیەكی بەرچاو، بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، وشكبوونی سەرچاوەكانی ئاو یان كەمبوونەوەیان بەڕێژەیەكی بەرچاو، تێكچوونی جۆرەكانی خواردن و سەوزە و ئەو میوانەی لەو ژینگەیەدا گەشە دەكەن و چەندانی دیکە.
خۆ ئامادەكردن بۆ پاككردنەوەی ژینگە
ئەندازیار عەلی محەمەد، شارەزا لە بواری نەوتدا، دەربارەی گۆڕانی ژینگەی عیراق بە گشتی و کەرکوک بەتایبەتی، وتی: ئێمە وەكو ئەندازیارانی نەوت لە كۆمپانیای نەوتی باكوور، پێویستە لە سەرمان هەوڵبدەین، ئەو دەرچانەی دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە بەهۆی سووتانی نەوتەوە، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بن، بۆ پاككردنەوەی ژینگە یان پیسنەبوونی زیاتری، چونكە ئەگەر پشتگوێ بخرێن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوادا ئەوا كاریگەریی بەسەر مرۆڤەوە زیاتر دەبێت و دەبێتە فاكتەرێك بۆ تێكچوونی كۆڵەکەكانی تری ژینگە و دەچێتە چوارچێوەیەكی ترسناکەوە، بۆیە ئێستا بناغەی ئەم چاكسازییە گرنگە بۆ رووبەڕووبونەوەی وشكەساڵیی و گۆڕانكاری ژینگەیی.
كشتوكاڵ زەرەرمەند دەبێت
عەبدوڵڵا میروەیس سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، پێی راگەیاندین: لەمساڵدا، بەهۆی نەبوونی بارانی پێویست لە پارێزگاكەدا، كاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی كردووەتە سەر بواری كشتوكاڵ و كێڵان و چاندنی بەروبوومەكانی میوە و سەوزەی هاوینە و زستانە و بەرهەمە ئاژەڵییەكان.
لەبەرئەوەی كەركوك ناوچەیەكی لەبارە بۆ كشتوكاڵ و پەروەردەكردنی ئاژەڵ، پێویستە رووبەڕووی گۆڕانكاری ژینگەیی ببینەوە و هەوڵبدەین، جووتیاران لەو قەیرانە ژینگەییە رزگاربكەین، بۆئەوەی قەبارە یان پانتایی زیانەكان كەمبكەینەوە، بەشێوەیەك جووتیار زیانەکانی كەم بێت، چونكە لەمساڵدا كاریگەرییەكان لەسەر بەروبوومەكان زۆر زیاتر دەبێت بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە، هەروەها بەشێكی زۆری ئەو بەروبوومانە لەناودەچن یان ئاژەڵ و پەلەوەرەكان تووشی قەیرانی بێئاویی دەبن.
كاریگەریی دەروونی و كۆمەڵایەتی هەیە
بڵند زەندی، توێژەری كۆمەڵایەتی، دەربارەی گۆڕانكارییەكانی ژینگە و ئاو و هەوا لەسەر تاكی مرۆڤ، باسی لەوە کرد بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە ژینگەییەی بەرۆكی وڵاتی گرتووە، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ تووشی گۆشەگیریی ببێت و زیاتر لە چوارچێوەی ماڵدا خۆی قەتیس بكات، چونكە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما توانای جموجوڵ و چالاكی سنووردار دەكات، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، بۆیە دەبێت لەلایەن كۆمەڵگەوە هەڵسوكەوتەكانیان لەبەرچاو بگیرێت، بەتایبەتی لە دەرەوەی ماڵ، شوێنی كار یان شوێنە گشتییەكان، جگەلەوەی کاریگەریی هەیە بۆ سەرهەڵدانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان.