ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی
لە مێژووی تۆمارکراودا رووبارە بەستەڵەکەکان خێراتر لە هەر کاتێکی دیکە دەتوێنەوە، لێکەوتە خراپەکانیشی زۆر زیاترە لە تەنیا دیارنەمانی ئەو بەستەڵەکانە و جۆراوجۆریی بایۆلۆجی هەسارەکە.
لە بەدواداچوونێکی نوێدا لەلایەن تیمێکی نێودەوڵەتییەوە لە لێکۆڵەرانی زانکۆی ولۆنگۆنگ-ی ئوسترالیا و دەستەی رووپێوی بەریتانیا بۆ جەمسەری باشوور زیاتر لە 160 توێژینەوە کۆکراوەتەوە، تێیدا تیشکیان خستۆتە سەر قەیرانی جۆراوجۆریی بایۆلۆجی لە هەندێ ژینگەی تایبەتمەند و کەموێنەی سەر گۆی زەوی، لێکۆڵەران هۆشدارییان دا بەوەی لەدەستدانی ئیکۆسیستمی ناوچە بەستەڵەکەکان کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر هەسارەکە دەبێت، کە بریتین لە سەهۆڵ، ئاو، زەوی و ئەو زیندەوەرە بێشومارانەی پشتیان پێدەبەستن.
بارستایی بەستەڵەک لەدەست دەدەین
زانایان مەزەندە دەکەن رووبارە بەستەڵەکەکان بەرەو بچووکبوونەوە بچن و بە گەیشتن بە نیوەی ئەم سەدەیە جیهان نزیکەی سێ یەکی بارستایی ئێستای ئەو بەستەڵەکانە لەدەست بدات، هەروەها زیادبوونی ئاوی رووبار و زەریاکان بەهۆی توانەوەی ئەو بەستەڵەکانەوە باڵانسی ئیکۆسیستمی فیزیایی و بایۆلۆجییەکان تێکدەچن.
شارۆن رۆبنسۆن نووسەر و بەشدار لەو توێژینەوەیەدا دەڵێت: «رووبارە بەستەڵەکەکان یەکێکن لە هەرە بەنرخترین کەرەستەکان بۆ تێگەیشتن لە تەندروستی هەسارەکەمان، چونکە جۆرێک لە جۆراوجۆریی بایۆلۆجی ناوازە لەخۆدەگرن بە درێژایی چەندین سەردەم درێژە دەکێشن، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهان، هەڕەشەکان لەسەر جۆرە تایبەتمەندەکان و ئەرکەکانی ئیکۆسیستم و سەقامگیریی ژینگەیی زیاد دەکەن».
توێژینەوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە میکرۆبەکان، قەوزەکان، ئەو مێرووانەی لەگەڵ سەرمادا راهاتوون، جگە لە زیندەوەرە بەهێزەکان کە لە ماوەی هەزاران ساڵدا لەو ژینگە زۆر سارد و کەم ماددە خۆراکییەدا گەشەیان کردووە، ئێستا رووبەڕووی بچووکبوونەوەی شوێنی نیشتەجێبوون یان نەمانی تەواوەتی دەبنەوە.
باس لەوەش دەکات توانەوەی رووبارە بەستەڵەکەکان وا دەکەن بەردە رووتەکان و بەرماوە نیشتووەکان ببنە جێگەی نوێ بۆ ژیان، راستیشە زیندەوەرەکان زۆرجار لە کورتخایەندا گەشە دەکەن، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا، زیندەوەری تر لە جێگەی دیکەوە دێنە ئەو ناوچانە و بەسەر ئەوانەدا زاڵ دەبن، کە لەبنەمادا ئیکۆسیستمی ژینگەیی رووبارە بەستەڵەکەکانی پێ ناسراوە، بەو جۆرەش توێژینەوەکە دەگاتە ئەو ئەنجامەی ئیکۆسیستمە بەستەڵەکەکان وردە وردە جۆراوجۆریی بایۆلۆجی ناوازەی خۆیان لەدەست دەدەن و جۆرە ئاساییەکان، جێی میکرۆبەکان و زیندەوەرە تایبەتمەندەکانی ئەو ناوچانە دەگرنەوە.
ئیکۆسیستمەکان پەکدەخات
هاوکات خێرا توانەوەی بەستەڵەکەکان شەپۆلی ئاوی شیرین دەنێرن و ئیکۆسیستمەکان پەکدەخەن و ئاستی دەریا بەرزدەکەنەوە و هەڕەشە لە سەرچاوەکانی ئاو دەکەن، هەروەها لەبەرئەوەی 75 ٪ ی ئاوی شیرین لەسەر زەوی لە رووبارە بەستەڵەکەکاندا خەزن کراوە، بۆیە کشانەوە و بچووکبوونەوەی دەبێتە هۆی نەمان یان قەیرانێکی گەورە لە زۆرێک لە ئیکۆسیستمەکان و جۆرە ئاوییەکاندا، ئەوەش بۆ ئاژەڵان و زیندەوەرانی ناوچە بەستەڵەکەکان کە سەهۆڵ سەرچاوەی خۆراک و گەڕانە بەدوای خۆراکیاندا، لەگەڵ ناوچەکانی زاوزێ، ئەوەش دەبێتە هۆی لەناوچوونی زۆرێکیان، جگەلەوەی چارەنووسی ئەو شیردەرانەی رووبارە بەستەڵەکەکان وەک پەناگە یان شوێنی هێلکەدانان بەکاردێنن نادیار دەبێت، بۆیە داخورانی رووبارە بەستەڵەکەکان کاریگەریی و لێکەوتەی درێژخایەنی لەسەر ئیکۆسیستمی هەسارەکە دەبێت.
شەپۆلی زەریاکان و کەشوهەوا دەگۆڕێت
لەگەڵ ئەوانەشدا ئەگەر زۆرە زیادبوونی ئاو بەهۆی توانەوەی ئەو بەستەڵەکانەوە، شەپۆلی زەریاکان و کەشوهەوا بگۆڕدرێت، وەک ئەوەی لە هەموو جیهاندا دەیبینین هەر لە روودانی کارەساتە سروشتییە توندەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییەوە لەگەڵ داڕمانی ناوچەکانی راوەماسیی و چەندانی دیکە.
ئەمساڵ لە راگەیاندنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دانیان نا بە کاریگەرییەکانی داڕمان و توانەوەی رووبارە بەستەڵەکەکان و کاریگەرییە دوورمەوداکانی، بۆ ئەو مەبەستەش دەستپێشخەرییەکیان راگەیاند بۆ زیادکردنی هۆشیاریی دەربارەی رووبارە بەستەڵەکەکان و رۆڵیان لە رێکخستنی کەشوهەوا و خولی هایدرۆجینی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئابووری.
دواجار راستە رووبارە بەستەڵەکەکان سیمبولێکی تواوەن بۆ گۆڕانی هەسارەکە، بەڵام ئیکۆسیستمێکی زیندوون و پڕن لە زیندەوەران کە لەگەڵ کشانەوە و بچووکبوونەوەیاندا، هیچ جێیەکی دیکەیان نییە بۆ ژیان، ئەوەش دەبێتە هۆی روودانی کاریگەریی (ئێل دۆمینۆ) کە لە لەدەستدانی جۆراوجۆرییەوە دەستپێدەکات بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، بۆیە پێوستیی بۆ پارێزگاریکردن لە بەرگە بەستەڵەکی زەوی گرنگە، تا رێگە لە کارەساتی ژینگەیی و کەشوهەوا بگرین.
سەرچاوە: BBC عربی