دەمـــارناسیــی جەنــــــــــگ

10:10 - 2025-07-06
کەلتور
43 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

سەرچاوەی سەرەکیی ئەو جەنگانەی تا ئێستا کراون و لە داهاتووشدا دەکرێن، بە گشتی هەر هەموویان پەیوەندییان بە بەشی خشۆکیی مێشکمانەوە هەیە و لەوێوە سەرچاوە دەگرن

زانستی نۆرۆلۆژیا
لەم وتارەدا لە رێگەی دوو زانستی نۆرۆلۆژیا و زانستی یۆگاوە دەمارناسیی جەنگ دەکەین. زانستی (نۆرۆلۆژیا)، زانستی مێشکناسی و دەمارناسییە. ئەم زانستە لە رێگەی توێکاری مێشک و سیستمی دەمارییەوە هەوڵدەدا مێشک و سیستمی دەماریی مرۆڤ بناسێت. هەوڵدەدات بزانێ مێشک و سیستمی دەماریی مرۆڤ چین و چۆن کار دەکەن و هۆکارەکانی نەخۆشکەوتنیان چییە و چۆن چاک دەبنەوە. ئەم زانستە زۆر وردە و لە چەند ساڵی رابردوودا، لەبارەی مێشک و سیستمی دەماریی مرۆڤەوە دەستکەوتی زۆر گەورەی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، ئەم دەستکەوتە زانستییانە دەستکەوتی یۆگییەکان پشتڕاست دەکەنەوە، هەر بۆیە د. دەیڤید هاوکینز دەڵێ: (زانست بە شوێن پێی یۆگی و عارفەکاندا دەڕوا، ئەو شتانەی ئەوان هەزاران ساڵە باسی دەکەن، زانستی عەقڵانی خەریکە دانە بە دانەیان دەسەلمێنێت). ئێمە دوو میتۆد (شێواز)ی لێکۆڵینەوەمان هەیە، شێوازێکی عەقڵانی (زانستی پاژەکیی - جزئی)، شێوازێکی عیرفانی (ونبینی – شهودی – زانستی تەواوەتی)، بە قەولی سوهرەوەردیی کورد (بۆ تێگەیشتن لە هەقیقەتی شتەکان و بوون دوو شێوازی عەقڵی و عیرفانی دەبێ پێکەوە بن)، یانی کەسی زانا و دانا دەبێ بە هاوسەنگی و لە جێی خۆیاندا، هەردووکیان بەکاربێنێت، یانی هەموو کەس لە هەموو بوارێکدا بۆ ئەوەی (حەقیقەت)ی بۆ دەربکەوت، دەبێ لە هەردووکیان کەڵک وەربگرێت، ئەگەر ئەو کارە نەکات و لە یەکێکیان کەڵک وەربگرێت بە راستیی شتەکان و بوون ناگات، واتە یان بە داوی زانستی پاژەکییەوە دەبێت و لەناو زەریای بێ بنی گریمانەکاندا، نەک راستیی ئەم بوونە و شتەکانی زیاتر لێ ون دەبێت، تەنانەت خۆشی لێ ون دەبێت، یان بە داوی ئیمان و یەقینێکی کوێرکوێرانە و خورافییەوە دەبێت.
زانستی یۆگا
یۆگا زانستی خۆناسییە. خۆناسی مەعریفەیەکە دوای توێکاریی ورد و بێلایەنانەی رەهەندە دیار و نادیارەکانی خۆت (مرۆڤ) وەدی دێت. یۆگی دەریخست مرۆڤ لە حەوت رەهەند پێکهاتووە، ئەو حەوت رەهەندە بەسەر دوو رەهەندی دیار (فیزیکی) و نادیار (رۆحی)دا دابەش دەبن. لە دەیەی حەفتای سەدەی رابردوودا دوو زانای روسی کە ژن و مێرد بوون، کامێرایەکیان دروست کرد کە توانای گرتنی وێنەی خەرمانەی مرۆڤی هەیە و ناوی کامێراکەیان نا، کامێرای کرلیان. رەهەندی دیاری مرۆڤ لە پێنج رەهەند پێکهاتووە و پێی دەڵێن (پانچا کووشا)، واتە پێنج قاوغ، یان پێنج کالان، یان پێنج جەستە کە بریتیین لە: (جەستەی خۆراکی، جەستەی ئەتەری - ئەپیریی، جەستەی زەینی، جەستەی ژیریی و جەستەی بەختەوەریی)، هەروەها رەهەندی نادیاری مرۆڤ لە دوو رەهەند پێکهاتووە کە بریتیین لە: (رۆحی تاکەکەسی و رۆحی گشتی یان بنەڕەتی بوون، یان خودی گەردوون). لەم دوو رەهەندە سەرەکییەی مرۆڤ، رەهەندی فیزیکی کاتییە و لەناو شوێن و کاتدا دەردەکەوێ و دەژیی و هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام رەهەندە رۆحییەکەی ئەزەلی و ئەبەدییە، لە دەرەوەی کات و شوێنە و نەمرە، بەردەوام خۆی لە خۆیدا هەیە، رەها و بێسنوورە و لە گەشت و گەڕان و گەشەکردندایە.
جیاوازی نێوان مێشک و زەین
یۆگییەکان لە هەزاران ساڵ لەوەپێشەوە دەڵێن مێشک و زەین جیاوازن، مێشک ئەندامێکی لەشمانە و لەناو سەرمان هەڵکەوتووە، بەڵام زەین گۆڕەپانێکی بێسنووری وزەیە کە لە ئێمەوە تا ئەوپەڕی گەردوون بەچواردەورماندا کشاوە، واتە هەموو ئەم بوونەی بە دیار و نادیارییەوە لەخۆگرتووە، هەربۆیەش دەتوانین وێنای ئەوپەڕی گەردوون و تەنانەت وێنای خواش بکەین، ئەگەر ئەمانە لەناو سنووری زەینی ئێمەدا نەبوونایە نەماندەتوانی وێنایان بکەین، یان لەبارەیانەوە بیر بکەینەوە و قسە بکەین و...هتد. لە بواری زانستیشدا زانایانی فیزیای کوانتەم و نۆرۆلۆژیستەکان دەڵێن مێشک ئەندامێکی نزیکەی یەک کیلۆ و نیوی ناو سەرمانە، بەڵام زەین گۆڕەپانێکی کوانتەمییە. یەکێک لەو کەسانەی لەم بوارەدا لێکۆڵینەوەی زۆری کردووە و بە وردیی ئەو بابەتەی سەلماندووە، (د. جۆو دیسپێنزا)یە. 
لە ساڵی (دوو هەزار و بیست)دا دوو زانای ئیتاڵی بە ناوەکانی (فرانکۆ ڤاتسا) کە زانایەکی  گەردوونناس و فیزیاییە و لە زانکۆی (بۆلۆنیا) لێکۆڵەر و مامۆستایە و (ئەلبێرتۆ فلتی) کە دەمارناس و نەشتەرگەری مێشک و سیستمی دەمارییە، بە یەکەوە لێکۆڵینەوەیەکیان لەبارەی گەردوون و مێشک و سیستمی دەماریی مرۆڤەوە کرد، بۆیان دەرکەوت کە زۆر لە یەکتریی دەچن و وتارێکی زانستییان لەم بوارەدا بڵاوکردەوە. دوای بڵاوبوونەوەی وتارەکەیان، زانایەکی ئەڵمانی بە ناوی (زابینە هۆسنفڵدەر) کە وتارەکەی ئەوانی خوێندبوویەوە، ئەو پرسیارەی ورووژاند، ئایا گەردوون، مێشکێکی گەورەیە و کاکێشانەکەی ئێمە کوانتەمێکی ئەو مێشکە گەورەیەیە؟ هەروەها باسی ئەوەی کرد، ئەگەر مێشک و گەردوون لەڕووی پێکهاتەوە وەک یەک وان، تۆ بڵێی لەڕووی کارکردنیشەوە وەک یەک نەبن، واتە لەڕووی بیرکردنەوە و وێنا و...هتدەوە وەک یەک نەبن؟ یۆگییەکان پێشتر لەڕێگەی تێڕامانی عەقڵانی و چالاککردنی توانای ونبینی (شهودی عیرفانی)یەوە بۆیان دەرکەوتبوو کە ئەم بوونە لەبنەڕەتدا یەکە، بۆیەش وشەی (یۆگا)یان بۆ زانستەکە دانا، یانی یەکێتیی و یەکگرتن، ئەوان وتیان ئێمە لەگەڵ هەمووان لە بنەڕەتدا یەکین و لە رێگەی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی تاکەکەسییەوە خۆمان بە جیا و دابڕاو لەوانیتر دەزانین، بۆیە لەم رێگەیەوە (یۆگا) دەتوانین یەکبگرینەوە، ئەم (بوون)ە بە هەموو بەشە دیار و نادیارەکانییەوە یەک نەخشەسازییە. یۆگییەکان وتیان ئەم (بوون)ە یەک زەین و یەک مێشکە، زەین رەهەندی نەرمئامێر (رۆحی) و مێشک و جەستە رەهەندی رەقئامێر (فیزیکی)ی ئەم زەین و مێشکە گەورەیەن، واتە زەین و جەستە یەک شتن.
پێکهاتەی مێشک دوای لێکۆڵینەوەکانی مێشکناس و دەمارناسەکان
زانستی مێشک و دەمارناسیی بۆی دەرکەوت مێشک لەڕووی فیزیکییەوە لە سێ بەش پێکهاتووە، ئەم سێ بەشەی بە گوێرەی دروستبوونیان بەمشێوەیە پۆلێن کرد. بەشی یەکەمی ناو نا بەشی سەرەتایی و خشۆکی مێشک، دووەمیانی ناو نا بەشی ناوەڕاست و شیردەری مێشک، بەشی سێیەمیانی ناو نا بەشی پێشەوە و مرۆیی مێشک یان بەشی هۆشمەند. زاناکان لەبارەی بەشی خشۆکیی مێشکەوە دەڵێن ئەم بەشە چەندین ملیارد ساڵ تەمەنی هەیە. هەروەها بەشی شیردەری مێشکمان چەندین ملیۆن ساڵ تەمەنی هەیە، بەڵام بەشی پێشەوەی مێشک، واتە بەشی مرۆیی و هۆشمەندە مێشک نزیکەی چل هەزار ساڵ تەمەنی هەیە و لە لایەن مرۆڤی ژیرەوە چالاک کراوە. بابەتی خودئاگا و نیوەئاگا و ناخودئاگا زیاتر راستیی ئەو لێکۆڵینەوەیە دەسەلمێنێت، هەروەها رەهەندەکانی زەین و یاسای کارما لە یۆگادا زۆر وردتر راستیی ئەو بابەتە روون دەکەنەوە.
بەشی خشۆکیی مێشک
رەهەندی خشۆکیی مێشکی ئێمە کە لە قەدی مێشک و بەشی دواوەی مێشک پێکهاتووە، پەیوەندیی بە وارسکە ئاژەڵییەکان و توانا پێنجەوانەکەی بوونەوەرەکانەوە هەیە، ئەم بەشە کار لەسەر مانەوە (بقاء)ی رەهەندی فیزیکی دەکات لە ژیانی سەرزەویدا، هیچ ئاشنایەتێکی لەگەڵ سۆز و عاتیفە و ژیرییدا نییە، بەهایی خۆپەرست و بێ بەزەییە و لەپێناو مانەوەدا هەموو شتێک دەکات، بۆیە زاناکان ئەم بەشەیان بە بەشی مارمێلکە یان تیمساح (کرۆکۆدیل)ی مێشک شوبهاندووە. ئەم بەشە سەرەتایی و بەتەمەنەی ناو مێشکی ئێمە، ماکی یاسای جەنگەڵە و ماکی هەموو ململانێ و جەنگێکە کە رۆژانە لەسەر ئاستی تاکەکەسی و خێزانی و نەتەوەیی دەیکەین. ئەرک و کاری سروشتیی ئەو بەشە ئەوەیە پارێزگاریی لە مانەوەی ئێمە بکا، بۆیە لەلایەک پێیوایە هەمیشە هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە و لەلایەکیتریشەوە لەئاست هەر بوونەوەر و رووداوێکدا کە هەست بکات بوون و ژیان و بەرژەوەندی و مانەوەی ئەو دەخاتە مەترسییەوە، بە توندیی دژکردەوە دەنوێنێت. ئەگەر لە مێشکی بوونەوەرەکان و ئێمەدا ئەو بەشە نەبووایە، هیچکاممان لەپێناو مانەوەدا هیچ کارێکمان نەدەکرد، تەنانەت لەکاتی برسێتییدا خۆراکیشمان نەدەخوارد و دەمردین، یان لەشمان نەیدەتوانی ناخودئاگا هەناسە هەڵمژێ، کار بە دڵ بکا و ...هتد، چونکە هەموو کردارێکی خۆکاری لەشی ئێمە، یانی ئەو کردارانەی ئێمە ئاگامان لێیان نییە و تەنانەت لە کاتی خەویشدا لەش خۆی دەیانکات، بە هۆی ئەو بەشەوەیە. کەواتە ئەو بەشە زۆر پێویست و ژیانەکییە بۆ ئێمە، بەڵام بە مەرجێک کاری سروشتی خۆی بکا و لە مرۆڤدا لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی بەشی هۆشمەندی مێشکدا دەبێت. ئەگەر بەشی خشۆکیی مێشکی ئێمە بەشەکانی دیکە، واتە بەشی شیردەر و بەشی هۆشمەند کۆنترۆڵ بکات و بیانخاتە خزمەتی خۆیەوە، یان ئێمە لەپێناو حەز و ئارەزووەکانماندا بەشی شیردەر و بەشی مرۆیی و هۆشمەندی مێشکمان بخەینە خزمەتی بەشی خشۆکییەوە، ئەوا دەبینە ئاژەڵێکی دڕندە و بێ بەزەیی، بەڵام خاوەن زانست و تەکنەلۆژیا. هەر کەس رۆژانە هۆش و گۆشی لەسەر تێرکردنی وارسکە ئاژەڵییەکانی بێت، ئەوا بەرە بەرە لایەنی شیردەر و لەویش کارەساتتر رەهەندی مرۆیی و هۆشمەندەکەی دەکەوێتە خزمەتی لایەنی خشۆکییەوە.
ماکی ململانێ و جەنگەکان
نزیکەی چەند هەزار ساڵێکە مرۆڤ تواناکانی خۆی خستۆتە خزمەت رەهەندی خشۆکیی مێشکەوە، هەموو بیرکردنەوەیەک و هەوڵ و ماندووبوونێکی مرۆڤ لەلایەن ئەو بەشەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و سەرچاوە دەگرێت، بە زمانی یۆگا بەم بەشە دەڵێن ناخودئاگا، واتە بەشێکی زۆری ئەو شتانەی ئێمە رۆژانە دەیانکەین، لە ناخودئاگامانەوە دەیانکەین. چونکە ناخودئاگا پەیوەندیی بە مانەوەوە هەیە و کاری پاراستنی ئێمەیە، هەموو شتێکی بە پێچەوانەی شتەکانی ئێمە، هەم لەڕووی جەستەییەوە و هەم لەڕووی فکری و کەلتورییەوە بە هەڕەشە دەزانێت لەسەر ئێمە، واتە کەسێکیتر، نەتەوەیەکیتر، کۆمەڵگەیەکیتر، بیروباوەڕێکیتر، دینێکیتر، فەلسەفەیەکیتر، زانستێکیتر و...هتد بەهەڕەشە دەزانێت، دەڵێ تا ئەوان تۆیان لەناو نەبردووە، تۆ ئەوان لەناو بەرە، هەموو ئەوانەی وەک تۆ نین، هەڕەشەن لەسەر مانەوەی تۆ، کەواتە نابێ هەبن، ئەوەنییە چەند هەزار ساڵێکە هەمووان بە بیانووی جیاجیا دەیانەوێ هەمووان بسڕنەوە.
سەرچاوەی سەرەکیی ئەو جەنگانەی تا ئێستا کراون و لە داهاتووشدا دەکرێن، بە گشتی هەر هەموویان پەیوەندییان بە بەشی خشۆکیی مێشکمانەوە هەیە و لەوێوە سەرچاوە دەگرن، کە ئەو بەشە لایەنی ئاژەڵی و ناهۆشیار و ناهۆشمەند و دڵڕەق و بێ بەزەیی مێشکی ئێمەیە، واتە بەشی (تیمسا‌ح)ە. ئەو جەنگ و ململانێ و رق و قین و...هتدانەی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆیی بەڵگەی ئەوەن مرۆڤ لە پرۆسەی پەرەسەندندا لەڕووی جەستەیی و زەینییەوە بە هاوسەنگی پەرەی نەسەندووە و خەتای خۆشێتی، واتە جەستە و بە تایبەتی مێشکی بۆ دۆخی مرۆیی و هۆشمەندیی پەرەی سەندووە، بەڵام ئەم پەرەسەندنەی خستۆتە خزمەت وارسکە ئاژەڵییەکانییەوە، بۆ ئەم کارەی کردووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە یۆگی بە دروستی داوێتییەوە، لەبەرئەوەی مرۆڤ خۆی ناناسێت و بە نەزانی ماوەتەوە و بە داوی وارسکەکانییەوە بووە. خۆنەناسی و نەزانی دەبێتە هۆی ئەوەی وارسکەکان ببن بە شۆفێری جەستە و ژیانی ئێمە، واتە ئەگەر ئێمە خودئاگا (ژیریی و هۆشمەندیی)مان بەکار نەهێنین، ئەوا ناخودئاگا و رەهەندیی ئاژەڵیمان دەسەڵات بە دەستەوە دەگرن، ئێستا رێک وایە، بەڵام لە هەموو سەردەمێکدا تەنیا چەند کەسێکی کەم توانیویانە خۆیان بناسن و بە رەهەندیی ژیرییان جەستە و ژیانی تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتییان بەڕێوەبەرن. کەواتە ئەو جەنگانەی لەسەرەوە بە ناوی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی و دینی و ئایدۆلۆژیی و...هتدەوە دەکرێن، لەژێرەوە پاڵنەرەکەی وارسکەی ئاژەڵیی مانەوەیە. دەکرێ مرۆڤ بە بەکارهێنانی لایەنی ژیری و هۆشمەندەکە هەموو کێشەکانی چارەسەر بکات و زۆریش پێشبکەوێت و ئەو توانا و وزە ماددەی و جەستەییەی خستوویەتە خزمەتی جەنگەوە بیخاتە خزمەتی ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانییەوە.  

بابەتە پەیوەندیدارەکان