دووەمین فیستیڤاڵی فۆتۆگرافی كوردستان

10:54 - 2022-08-17
دووتوێ
622 جار خوێندراوەتەوە

بەختیار سەعید

پێكەوە هەنگاوی دووەم و فیستیڤاڵی دووەمی فۆتۆگرافی كوردستان-مان نا، واتا هەنگاونان بۆ بەرفراوانی و بەردەوام بوون، ئەم دوو ئاواتە كە خۆی لە بەرفراوان بوون و بەردەوامیدا دەبینێتەوە كەواتە پێویستی بە خۆتەرخانكردن و هەلڕەخساندن بۆ زۆرترین فۆتۆگرافەرانی كوردستان تاكو بتوانن توانا هونەرییەكانی خۆیان بەیان بكەن و لەو رێگایەوە لەداهاتوویەكی نزیكدا هەنگاوبنێن بۆ بەجیهانی بوونی فۆتۆكانی ئەوان و لەهەمانكاتدا فیستیڤاڵەكەشمان.

فۆتۆ ئەو زمانە جیهانیەیە كە توانیوێتی زۆرترین پانتاییەكان لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە بەبێ بوونی زمانێكی تایبەت جگە لەجوانی هونەرو، بەبێ بوونی رەگەزپەرستی و توندووتیژی، بەڵكو هەنگاوێكی گرنگ و پڕ مانایە بۆ نیشاندانی جوانییەكانی ژیان لەبۆتەی ئەو هونەرەی كە ناوی هونەری فۆتۆگرافییە.
ناوەندی 7 رەنگە بۆ ساڵی دووەمە فیستیڤاڵی فۆتۆگرافەری سازدەكات و فۆتۆگرافەران لەسەر ئاستی كوردستان بەشداری دەكەن و بەشێكیشیان بانگهێشت دەكرێن بۆ شاری سلێمانی، ئەم فیستیڤاڵە جگە لەكۆكردنەوەو ئاشناكردنی فۆتۆگرافەرانی كوردە بە یەكتری، درووستكردنی پرۆژەو بیرۆكەی هاوبەشە لەنێوانیان، لەهەمانكاتدا بەدەرخستنی هەموو ئەو تایبەتمەندی و شانازیانەیە كە فۆتۆگرافەرانی كورد خاوەنیین و ئێمەش پێویستە ئەو شانازییە بە باڵایان بپێوین.
هەنگاوی دووەم و فیستیڤاڵی دووەم لەرێگای لیژنەی تەحكیمی فیستیڤاڵەوە 5 بواریان دەستنیشانكردووە تاكو فۆتۆگرافەران بتوانن لەو بوارانەدا فۆتۆكانیان بنێرن كە ئەوانیش بوارەكانی (فۆتۆ ستۆری، پۆرترێت، سروشت، ستریت، شەو)ەو ئەنجام 92 فۆتۆگرافەر بە فۆتۆكانیان بەشداریانكردووەو لیژنەکە 82 فۆتۆگرافەری وەكو بەشدار بووی ناو پیشانگەی فیستیڤاڵەكە پەسەند كردووە.
سوپاس بۆ هەموو ئەو خۆشەویستانەی كە هاوكاری ئەم فیستیڤاڵە بوون، سوپاس بۆ لیژنەی تەحكیم و لیژنەی جیاكردنەوەی فۆتۆكان و دیزاینەرو رۆژنامەی كوردستانی نوێ و هەموو ئەو خۆشەویستانەی كە هۆكار بوون بۆ ئەنجامدانی ئەم فیستیڤاڵە.

*بەرێوەبەری فیستیڤاڵ 

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان