ئا: بورهان ئەمین، ئەڵمانیا
رووداوی جێبەجیکردنی پەیمانی دەستهەڵگرتنی پەکەکە لە چەک وەکو یەکەمین قۆناغی ئەو پرۆسەیە لە سلێمانی، لە میدیا جیهانییەکان دەنگی دایەوە و لەسەریان نووسیوە، سەرەتا رۆژنامەی Karar لە ئەستەنبوڵەوە ئەو هەنگاوە بە مێژوویی ناودەبات و وەک دەرفەتێکی گەشاوەی دەبینێت بۆ ئایندەو دەڵێت: «کاتێک لولەی تفەنگەکان ئاراستەی یەکدی دەکرێن توندوتیژی و خوێنرشتن زیاد دەبێت، ئەو کاتە ترس و دڵەڕاوکێ و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە وڵاتدا مەحاڵ دەبێ، بۆیە تیرۆر و توندوتیژی بژاردە نییە و جگە لە سیاسەت و گفتوگۆکردن هیچ ئاراستەیەکی تر لەبەردەمدا نییە، بەشەڕ و یەکترکوشتن تورکیا ناگاتە ئاشتی، رای گشتی کورد و تورک لە تورکیادا لەگەڵ وەستاندنی ئەو خوینرشتنەیە کە دەیان ساڵە پیوەی دەناڵێنین.
تەنها مانۆرێکی سیاسییە
رۆژنامەی RZECZPOSPOLITA ی پۆڵەندی وێرای دەستخۆشیکردن لەو هەنگاوە پیرۆزە دەنووسێت: «هێشتا روون نییە کورد لە بەرامبەر رادەستکردنی چەکەکانی چی وەردەگرێت، زۆر زەحمەتە بڕوا بەخۆمان بێنین کە سەرۆک کۆماری تورکیا رازی بێت بەدەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە وڵاتەکەیدا، دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە ئامادەیی ئەردۆغان تەنیا مانۆڕێکی سیاسییە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی کوردەکانی تورکیا و بەم شێوەیە پلانەکەی بەرەوپێش دەبات بۆ بەردەوامبوون لە دەسەڵات وەک سەرۆک کۆمار.
هیوای ئاشتی زیادی کردوە
YENI YAŞAM ی کوردی- تورکی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسیارە دەکات کە لەداهاتوودا تورکیا چی بۆ کورد دەکات و دەڵێتڵ: «پەیامە ڤیدیۆییەکەی ئۆجەلان بێمتمانەیی لای کورد کەمکردۆتەوە و زیاتر هیواکانی بۆ ئاشتی زیندوو کردەوە، بەڵام نەبوونی هەنگاوی کۆنکرێتی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تارماییەکی رەشی خستۆتەسەر پڕۆسەکە، زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی تورکی کۆتاییهاتنی ململانێی 40 ساڵەی تورکیا وەک دەرفەتێک دەبینن، لەگەڵ ئەوەشدا بازنەی ناسیۆنالیستی و کۆنەپەرست بەردەوامن لە لێکدانەوەی ڤیدیۆکە وەک «شەرعیەتدان بە سەرکردەی تیرۆریست»، ئێستا دەبێت واز لەو ووشە و ئاراستانە بهێندرێت.
ئەنجامەکەی دیار نییە
DER STANDARD ی نەمساوی بەرەشبینییەوە دەڕوانێتە پرۆسەکە و پێیوایە «هێشتا ئاشتی پێنەگەیشتووە، بەتایبەتی لەم چەند رۆژەی دواییدا، تورکیا هێرشی چڕوپڕی دژی پەکەکە لە باکووری عیراق دەستپێکردووە، ئەو راستییەی کە ئێستا درۆنەکانی تورکیا دەتوانن چەکدارەکان بکەنە ئامانج، تەنانەت لە دوورترین شوێنەکانیشدا، بڕیارەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ کۆتاییهێنان بەو یاخیبوونە ئەمەی لێکەوتۆتەوە، بەڵام ئەنجامەکەی هیچ دیار نییە و نازاندرێت سەرۆکی تورکیا بەتەمای چییە.
ئەردۆغان داوای لێبورنی کرد
رۆژنامەی Die Zeit ی ئەڵمانییش نووسیویەتی: لە دوای سوتاندنی چەکەکانی ئەو گروپەی پەکەکە «ئەردۆغان» لە ئەنقەرەوە دانی بە هەڵەکانی دەوڵەتەکەی نا، کە لەماوەی ئەو هەموو ساڵانە ئەنجامی داون، وەک دەرکردن و راوەدونان و زیندانیکردنی هاووڵاتی کورد و قەدەغەکردنی زمانی کوردی، سەرۆک کۆمار خۆی لە گفتوگۆکردن لەسەر چاکسازی و مافەکانی گەلی کورد یان لێبوردنی گشتیش بەدوور گرت.