وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: لەکاتی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان، بابەتی توانا سەربازییە بالیستییەکانیان شتێکی تایبەتە و نایخەنە بەرنامەی گفتوگۆکانەوە.
عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند: لە هەموو بارودۆخێکدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرگری لە تواناکانی خۆی دەکات بە تایبەت توانا سەربازییەکانی، ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم توانایانەی ئێران شتێک نییە گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام تاران هەمیشە پەیوەستە بە چارەسەری دیپلۆماسییانە بۆ بابەتی دۆسێی ئەتۆم، هەرچەندە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەو دامەزراوانەی کردۆتە ئامانج.
عیراقچی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دیپلۆماتکارانی بیانی لە تاران، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە بۆ بنیاتنانی ئەو متمانەیە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە، بەڵام پێش ئەوە دەبێت هاوتاکانمان قەناعەتمان پێبکەن کە ئەوان دیپلۆماسیەتیان دەوێت، نەک بۆ ئامانجەکانی دیکە کەڵکی لێ وەربگیرێت.