د. ئەیوب عەلی
سیمین دانشور (دانیشڤه‌ر )، خانمە نووسه‌رێکی ناوداره، بەڵام له ناوه‌ندی كەلتوری كوردییدا، تیشك نه‌خراوه‌ته سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی و له دنیای ئێمەدا ونه، كه‌چی هه‌ندێ له به‌رهه‌مه‌كانی به‌تایبه‌ت رۆمانی (سووشون 1348 هـ ش 1969 ز) وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زۆربه‌ی زمانه زیندووه‌کانی جیهان وه‌ك: ئینگلیزی، ئیتالی، فه‌ره‌نسی، ئه‌ڵمانی، ئیسپانی. له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌سه‌ر ژیان و هه‌ندێ له به‌رهه‌مه‌كانی خاتوو (سیمین دانشور) بدوێین، ئه‌ویش به‌پشت به‌ستن به به‌رهه‌مه‌كانی نووسه‌ر و چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی فارسی تایبه‌ت به ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی سیمین دانشور.
ناودارترین نووسه‌ری ژن
سیمین دانشور ناودارترین نووسه‌ری ژنه و له چیرۆك و رۆمان‌دا به پله‌ی یه‌كه‌م دێت له ئێران‌دا. له ساڵی 1921ز. لە خێزانێكی رۆشنگه‌ر له شاری شیراز له‌دایك بووه. باوكی(محه‌مه‌د عه‌لی دانشڤه‌ر) پزیشكی پیاوان و دایكیشی (قەمەر سەڵتەنە حكمت)ە، نیگاركێش و به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌رنمای كچانه بووه.
سیمین خوێندنی ئاماده‌یی هه‌ر له شاری شیراز ته‌واوكردووه و له زانکۆی تاران ساڵی(1949ز) دكتۆرای له ئه‌ده‌بی فارسی‌دا وه‌رگرتووه.
پێش ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه چیرۆكی خۆی بەناوی (ا‌تش خاموش، ئاگری خامۆش) بڵاوبكاته‌وه، چه‌ند وتارێكی ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌ی ژنان و گه‌نجان بۆ رادیۆ و بڵاوكراوه‌كان ده‌نووسی و وه‌رده‌گێڕا. دواتریش له چیرۆكه‌كانیدا، ئاوڕی له بارودۆخی كۆمه‌ڵگە و ژنان و منداڵان داوه‌ته‌وه.
ساڵەكانی (1331 و1333.ک.ه) به سوود وه‌رگرتن له هەلێكی خوێندن له به‌شی جوانناسی له زانکۆی ئیستانفۆردی ئه‌مریكی به‌شدار ده‌بێت. ئه‌زموونی خوێندنی له ئه‌مریكا، دیدوبۆچوونی سه‌باره‌ت بە چیرۆك، گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و كارده‌كاته سه‌ر شێوازی نووسینی به جۆرێك، كه بڕوای به دووباره له چاپ دانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵە چیرۆكی(ا‌تش خاموش) نه‌بووه، به‌ڵكو شێوه و فۆرمی نوێی ئه‌ده‌بی له ره‌وتی گۆڕانكاریی هێنایه كایه‌وه و له‌و شێوازه كۆنه‌ی پێشووی به ته‌واوی دووركه‌وته‌وه.
له ساڵه‌كانی (1949 ز) تا (1979 ز) له زانكۆی تاران (شوێنه‌وارناسی و مێژووی هونه‌ر) ده‌ڵێته‌وه و چیرۆك و شانۆنامه‌كانی (ئه‌نتوان چیخۆڤ و ئارتۆر شنیتسلر و ولیه‌م سارۆیان و ناتانیل هاوسۆرن و چه‌ندانی تر) وه‌رده‌گێڕێته سه‌ر زمانی فارسی. له ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاره‌كانی (نقش و نیگار) و (علم و زندگی) و (كیهان ماه) ئاماده‌یی و كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی ده‌بێت. له ساڵه‌كانی 1340 هیجری شمسی و دواتر هاوڕا له‌گه‌ڵ (جلال ال احمد)ی هاوسه‌ریدا، په‌یوه‌ندیی به كۆمه‌ڵەی رۆشنفكرانی ئێرانەوه ده‌كات، به جۆرێك كه له ساڵی (1968) به یه‌كه‌مین سه‌رۆكی (یه‌كێتیی نووسه‌رانی ئێران) هه‌ڵده‌بژێردرێت.
په‌خشانی جوان و چیرۆكی ناوازه‌ی میللی و هه‌ڵبژاردنی كه‌سێتییه ئه‌فسانه‌یی (سیاوش-سووشون) و هاوچه‌رخی ئێران، دیارترین به‌رهه‌مه‌كانی دانشورن.
رۆمانی(سووشون یان سیاوش) كه له ئه‌فسانه‌یه‌كی كۆنی ئێرانییەوە سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به سه‌ركه‌وتووترین به‌رهه‌می دانشور داده‌نرێت و رۆمانێكه له دنیای ئه‌ده‌ب و كەلتور و رۆمانی ئه‌مڕۆی ئێران‌دا ریزی پێشه‌وه‌ی گرتووه
رۆمانەکانی
رۆمانی(سووشون یان سیاوش) كه له ئه‌فسانه‌یه‌كی كۆنی ئێرانییەوە سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به سه‌ركه‌وتووترین به‌رهه‌می دانشور داده‌نرێت و رۆمانێكه له دنیای ئه‌ده‌ب و كەلتور و رۆمانی ئه‌مڕۆی ئێران‌دا، ریزی پێشه‌وه‌ی گرتووه.
ئه‌م رۆمانه به‌م په‌ره‌گرافه كۆتایی دێت: (درەخته‌كان له با ده‌پرسن، ئه‌رێ كه له رێگاكه هاتی، گزنگت نه‌بینی؟)
هەروەها له رۆمانی (جزیره سرگردانی 1993- دوورگه‌ی سه‌رگه‌ردانی) ده‌ڵێت: (ئه‌وان كه رێسمان له ده‌ستیان بوو، ئه‌وان كه كلیلیان هه‌بوو، هه‌موویان ون بوون.) به وردبوونه‌وه له كه‌سێتی رۆمانه‌كانی دانشور بۆمان دەرده‌كه‌وێت، خه‌باتی سه‌ختی دژ به زوڵم و سته‌می سه‌رده‌می شا و قۆناغی دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران و هاتنه كایه‌ی هه‌لومه‌رجێكی ناله‌بار، کە هەوێن و بابەتی زۆربەی بەرهەمەکانی خانمی دانشور بووە.
دانشور له 2011 له ته‌مه‌نی 90 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووه.
تێبینی:
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە چەند سەرچاوەیەکی فارسی وەک گۆڤارەکانی (داستان و نقد و بررسی کتاب تهران) وەرگرتووە، بەتایبەت ژمارە 32 ی گۆڤاری (نقد و بررسی کتاب تهران) کە فایلێکی بۆ نووسین و بەرهەمەکانی خاتوو سیمین دانیشڤەر تەرخان کردووە.