درەختی رەحمەت، یان درەختی شیرین و فەرهاد

11:18 - 2025-07-15
هەمەرەنگ
39 جار خوێندراوەتەوە

لە ناوچەی گەشتیاریی (تاق وسان) لە پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان درەختێك هەیە پێی دەڵێن درەختی (شیرین و فەرهاد)، ناوێكی تریشی هەیە پێی دەڵێن درەختی (رەحمەت).
سەبارەت بە ناوی ئەو درەختە بۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێكیان پێیانوایە شیرین لە خۆشەویستی فەرهاد ئەو درەختەی چاندووە و سۆز و وەفاداریی خۆی بۆ فەرهاد دەربڕیوە. هەندێكی تریش پێیانوایە كاتی خۆی پیرەپیاوێك بە ناوی (رەحمەت) لەژێر ئەو درەختەدا سەرقاڵی پینەچێتی بووە و ئەم ناوەی بەسەردا بڕاوە.
درەختەکە نزیكەی 38 مەتر بەرزە و تیرەی قەدەکەی زیاتر لە هەشت مەترە، بە یەكێك لە گەورەترین و كۆنترین درەختەكان لە كوردستان و ئێران دادەنرێت، ئێستا درەختی رەحمەت نەك هەر وەك درەختێك، بەڵكو وەك شوێنەوارێكی فەرهەنگیی و سروشتیی وەسف دەكرێت و بووەتە شوێنێكی گەشتیاریی و بەشێك لە مێژوو و شوناسی كرماشان، لەناو شیعر و فۆلكلۆر و گۆرانیی ناوچەكەدا گرنگیی خۆی هەیە، بووەتە جێژوان و مەكۆی ئاشقان و هۆگرانی سروشت و بە شوێنێكی پیرۆز ناو دەبرێت. 
درەختەکە وەك شوێنێك بۆ نزا و پاڕانەوە سەیر دەكرێت و هەر لە كۆنەوە كەسێك نەزر، یاخود مرازێكی هەبووبێت پەنای بۆ ئەو درەختە بردووە، درەختی رەحمەت بووە بە بەشێك لە باوەڕی دانیشتووانی ناوچەكە و هەندێك بە سیمبولی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشتی دەزانن و لەسەر ئەو باوەڕن كە مرۆڤ رێزی سروشتی گرتووە و پەیوەندییەكی قووڵ لەنێوان مێژوو و فەرهەنگ و ژینگەدا هەیە و پێگەیەكی ئایینی و ئاشقانە و مێژوویی هەیە.
سەبارەت بە مێژووی درەختەكەش بۆچوونی جیاواز لە ئارادایە، هەندێك بۆچوونیان وایە مێژووەكەی بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ساسانییەكان دەگەڕێتەوە كە شیرین لەپێناو خۆشەویستی فەرهاد ئەو درەختەی چاندبێت، هەندێكی تریش مێژووەكەی بۆ ساڵی 1432 زایینی دەگەڕێننەوە.


و/ باشیلا جەعفەر
سەرچاوە/ elgasht.com


بابەتە پەیوەندیدارەکان