پۆل بیا بەتەمەنترین سەرۆکی دەوڵەتە لە جیهاندا و بۆ هەشتەمجار خۆی بۆ سەرۆکایەتیی کاندید دەکاتەوە.
سەرۆکی کامیرۆن تەمەنی 92 ساڵە و لە رێی تۆڕی X-ەوە رایگەیاند: خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کاندید کردووەتەوە، کە بڕیارە لە 12ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. دەشڵێت: متمانەتان هەبێت بەوەی سوورم لەسەر خزمەتکردنتان بەشێوەیەك گونجاوبێت لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییە جددیانەی رووبەڕوومان بوونەتەوە.
بیا لە ساڵی 1982ەوە سەرۆکی کامیرۆنە و پێشتریش بۆ ماوەی حەوت ساڵ سەرۆك وەزیران بووە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە زۆربەی کات خۆی و هاوسەرەکەی لە سویسرا دەژین.
لە هەڵبژاردنی رابردوودا، کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، بیا 71 %ی دەنگی هاووڵاتیانی کامیرۆنی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا نزیکترین رکابەری تەنها 14 %ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو. ئۆپۆزسیۆنیش ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند: دەستکاری دەنگەکان کراوە.
کوردستانی نوێ