سەردانی عومرەکاران لە هەرێمەوە دەستپێدەكاتەوە

11:33 - 2025-07-15
کوردستان
31 جار خوێندراوەتەوە

دوای وەستانی گەشتی عومرە لە هەرێم بۆ ماوەی نزیكەی سێ مانگ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە هاووڵاتیان ئاگاداردەكاتەوە، لە سبەینێوە چوارشەممە 16/7/2025 دەست بەو گەشتانە دەكرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ سێشەممە پرۆسەی ئەنجامدانی  گرێبەستی بەڕێوەبەرایەتییەكە لەگەڵ كۆمپانیای تایبەتمەند ئەنجامدەدرێت.
كاروان ستونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای ئامادەكردنی پرۆژەیەك و پەسەندكردنی لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی عومرە لە هەرێم و خزمەتكردنی عومرەكاران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە رێنمایی و مەرجەكانی ئەو كۆمپانیایانەی رێكخستەوە، بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا گەشتەكانی عومرە دەستپێبكەنەوە.
وتیشی: بۆ ئەو مەبەستە، داوامان لە سەرجەم كۆمپانیاكانی حەج و عومرە لە هەرێم كردووە، ئەوانەی بە رەسمی مۆڵەتی كاركردنیان هەیە، لەمڕۆوە 15/7/2025 سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە بكەن بەمەبەستی ئەنجامدانی گرێبەست.
راشیگەیاند: دوای تەواوکردنی ئەو رێوشوێنانە، كۆمپانیاكان دەتوانن گەشتی عومرە ئەنجام بدەن، بۆ ئەمەش رۆژی چوارشەممە 16/7/2025 بە رێگەی وشكانی و  رۆژی هەینی 18/7/202 بە رێگەی ئاسمانی بۆ ئەنجامدانی گەشتەكان دیاریكراوە.
 ئاماژەی بەوەشكرد: هاووڵاتیان ئاگاداردەكەینەوە لەكاتی چوونیان بۆ كۆمپانیاكان، داوای مۆڵەتی رەسمی لەو كۆمپانیایە بكەن و دڵنیابن لەوەی مۆڵەتی رەسمییان هەیە، بەپێچەوانەوە بە هیچ شێوەیەك گەشتی لەگەڵدا نەكەن. 

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان