ئەم یارییەشیان شێواند

11:34 - 2025-07-20
وەرزش
49 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل
شەوی هەینی رابردوو 18/7، لەیاریگای شەعب لە بەغدا، هەردوو یانەی دهۆك و زاخۆ یاریی كۆتایی ئەمساڵی خولی جامی یانەكانی عیراقیان كرد و یانەی دهۆك جامەكەی بەرزكردەوە و بووبە پاڵەوانی ئەم خولە.
دەستپێكی یارییەكە
یارییەكە سەعات 8 ی شەو دەستیپێكرد، لە كاتی یاسایی یارییەكەدا، بەبێ گۆڵ یەكسان بوون، 30 دەقیقە بۆ كاتی یارییەكە زیاد كرا و هیچ لایەكیان نەیانتوانی گۆڵ بكەن، دواجار سەلمان فەلاحی قەتەری كە ئەركی بەڕێوەبردنی یارییەكەی پێسپێردرابوو، بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەنجام و دیارییكردنی پاڵەوانی خولەكە، پەنای بردە بەر لێدانی پێنج پەنالتی.
پەنالتی كێشەی دروستكرد
پەنالتییەكان ئاسایی دەڕۆیشتن، لە سێیەم پەنالتی زاخۆدا، محەمەد عەلی عەبود گۆڵ ناكات، دهۆك گۆڵی چوارەمیان دەكەن، لە پێنجەم پەنالتی خۆیاندا، سیداد حاجی گۆڵ چوارەمی زاخۆ دەكات، بەڵام پەنالتی پێنجەمی دهۆك دەبێتە مایەی تێكچوونی كەشی یارییەكە و شەڕ و ئاژاوە لە یارییەكەدا دروستدەبێت، بەوەی كاتێك كەریم دەروێش لە یەكەم جاردا گۆڵ ناكات، سەلمان فەلاحی قەتەری بە هۆی ئەوەوە كە گۆڵپارێزی زاخۆ پێش لێدانی پەنالتییەكە دێتە پێشەوە و دەجوڵێت، پەنالتییەكە دووبارە دەكاتەوە.
ئەمجەد عەتوان پریشكی ئاگرەكە بوو
كاتێك ناوبژیوان بڕیار دەدات بچێت سەیری ڤار بكاتەوە، لەكاتی چوونی نــاوبژیواندا بــــــــۆ ســـــەیركردنی لەقتەی پەنالتییەكە، ئەمجەد عەتوان دوور لە هەموو بەهاكانی جوانی وەرزش، بە توڕەیی دوای ناوبژیوان دەكەوێت، باری دەروونی تێكدەچێت، بەجۆرێك لەگەڵ ئیدارەییەكی دهۆك پەلاماری یەكتر دەدەدەن. دوایی چەند یاریزانێكیشی تێوەدەگلێن، دیمەنەكە زۆر ناشیرینتر كۆتایی دێت كاتێك ئیدارییەكی تری دهۆك پەلاماری عەتوان دەدات و دەیدات بە زەویدا و ئیتر بۆ ماوەیەك یارییەكە رادەوستێت.
لەم كێشەو بگرە و بەردە و ئاژاوەیەدا، ناوبژیوان سەیری ڤار دەكاتەوە و بڕیاری دووبارە كردنەوەی پەنالتییەكەی كەریم دەروێش دەدات، كاتێك پەنالتییەكە دووبارە دەكاتەوە، كەریم دەروێش ئەوسا گۆڵی پێنجەم و بردنەوەی دهۆك دەكات، ئەم حاڵەتەش بووە هۆی ئەوەی تیپی زاخۆ و ئیدارییەكانیان و هاندەرانی زاخۆ توڕە ببن، بەڵام فیكەی كۆتایی یاریی لێدرا و دهۆك بوو بە پاڵەوانی خولەكە، بەگشتی یارییەكە و شەڕ و كێشە و پشێوییەكان و مەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتەكان زیاتر لە 4 سەعاتی خایاند.
زاخۆ و كێشەكانی یارییەكە
سەرەتا هەقە ئەوە بپرسین بۆچی یارییەك دوو یانەی شارێكی هەرێمی كوردستان بە تایبەتیش دوو یانەی دهۆك بیكەن، لە دهۆك یان زاخۆ نەكرێت و ببرێتە دەرەوەی بادینان و شاری دهۆك، بۆچی كاتێك بڕیار دەدرێت ببرێتە یاریگای نەورۆز لە سلێمانی، عەبدولغەنی شەهدی راهێنەری زاخۆ لێدوان بدات و بڵێت: ئەگەر ئەو یارییە لە سلێمانی بكرێت من ناچم بۆ سلێمانی و دەست لە كار دەكێشمەوە،  دواتریش ئیدارەی یانەكەش پشتگیریی بكەن؟ ئایا هەر ئەمانە خۆی بۆخۆیان سەرەتای تێكچوونی باری دەروونی یاریزانان و هاندەران نییە؟.
كێشەكانی یاریگای شەعب
نزیكەی 35 هەزار هاندەری هەردوو یانە لە یاریگای شەعب ئامادە بوون كە زۆرترینی هاندەرانی یانەی زاخۆ بوون، پاش كێشە و نائارامییەكانی كاتی پەنالتییەكان، هەر زوو هاندەرانی زاخۆ یاریگا جێدەهێڵن دانانیشن بە دیار سەیركردنی دابەشكرنی خەڵاتەكانەوە، ئیتر لە دەرەوەی یاریگا هێندێكیان نەك هەموویان، یاریگا دەشێوێنن.
 ئەمجەد عەتوان بە پریشكی ئاگری كێشەكان دادەنرێت، ئەو یاریزانێكی بە ئەزموونە و یاریزانی هەڵبژاردەی عیراقیشە، نەدەبوو بەو شێوەیە هەڵسوكەوت لەگەڵ ناوبژیوان بكات، دواتریش هاندەران كە ئەمەیان بینی، لە دەرەوەی یارگادا ئەوەی لە یاریگای نەورۆز كردیان لێرەش دووبارەیان كردەوە.
پاشەكشەی یانەی زاخۆ
هەرئەوانە نا، هەرپاش ئەوەی دەستدەكرێت بە ئامادەكاریی بۆ مەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتەكان، ئیداری و یاریزانانی یانەی زاخۆ، بڕیار بایكۆتی مەراسیمەكە دەدەن و لە یاریگا دەچنە دەرەوە و رەتیدەكەنەوە میدال و خەڵاتەكانیان وەربگرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان