بەختیار حەمەسوور
«جووڵە چیرۆک دروست دەکات» ئەمە رێسایەکی بنچینەیی چیرۆکە، تەنانەت لە حەکایەت و داستانە زارەکییەکانیشدا بۆ ئەوەی هێڵێکی درامیی پێکبێت، پێویستە جووڵەیەک هەبێت، جووڵەیەک کەجووڵێنەر و بزووێنەری کۆی رووداوەکان بێت. دەمەوێت لەم رێسا بە رواڵەت سادە، هاوکات قورسەوە، چەند سەرنجێک لەسەر چیرۆکی «ماسیی رەشی بچکۆلە»ی سەمەد بێهرەنگی بنووسم.
لە رووکاردا ئەم چیرۆکە بۆ منداڵان خۆی دەناسێنێت. بەردەنگی تێکڕای چیرۆکەکانی سەمەد بێهرەنگی منداڵ و ئەو دنیا بەرینەیە، بەڵام هاوشێوەی زۆر چیرۆکی تر، لەوانە: «شازادە چکۆلە»ی ئانتوان دۆ سانت ئێگزۆپێری، «پیپیی گۆرەودرێژ»ی ئاسترێد لیندگرین، «هایدی»ی یۆهاننا شپێری، «سەرکێشییەکانی ئالیس لە جیهانی سەیروسەمەرە»ی لویس کارۆڵ و... «ماسیی رەشی بچکۆلە»ش دەتوانێت لە رووبەرێکی فراواندا خوێنەر و گوێگری تەمەن جیاواز لە دەوری خۆی خڕ بکاتەوە. لەبەر چییە ئەم چیرۆکانە وان؟
رەنگە وەڵامی ساکار بۆ ئەو پرسیارە، خودی ئەو ئایدیا جەوهەرییە بێت کە لەپشت هەریەک لەو چیرۆکانەوە هەیە، ئایدیایەک کە لە توانایدایە مەودای تەمەن و ساڵ بسڕێتەوە و ئینسان بخاتە سەر هەوا و ئەندێشەی قووڵی بیرکردنەوە. چیرۆکەکە بە فەنتازیایەکی سادە دەست پێ دەکات، فەنتازیایەک نزیک بە حەکایەتی «هەبوو... نەبوو»، بـــــــەڵام لەپشت ئەو فەنتازیایەوە هەوڵ و هاندان هەیە، تەقەللا بۆ شتێک، بیرت دەخـاتەگەڕ، داینەمۆی ئەوەش «جووڵە»یە، ئەم جووڵەیە هەستان نییە لە جێیەکەوە بۆ جێیەکی تر، بەڵکو گەڕانە لە بەرگی گەڕۆکدا بەرەو دنیایەکی تر، دنیایەکی سەرتاپا نامۆ و نوێ.
ئەگەر دەتەوێت تۆیش لەگەڵمان بێیت، وەرە، بەو مەرجەی شوێن پێی ماسیی
رەشی بچکۆلە ون نەکەی. «ماسیی رەشی بچکۆلە» حەکایەتە لە چیرۆکدا، حەکایەتی ماسییەک کە چیدی بەو ژینگە و بارودۆخە دووبارەبووەوەی تێیدا دەژی رازی نییە و دەیەوێ لێی بڕوات، گرنگ نییە بەرەو کوێ. گێڕەرەوە ماسییەکی پیرە، حەکایەتی ماسییە بچووکەکە بۆ ئێمە و دوانزە هەزار ماسی تر دەگێڕێتەوە: «هەبوو...نــــــەبوو، ماسییەکــــــــــی رەشـــــی بچکۆلە لەگەڵ دایکیدا لە رووبارێکدا دەژیا، ئـــــەم رووبارە لە قەدپاڵــــــی کەنەکی شاخێک دەهاتە دەر و نـــــەرموونیان بە دۆڵێکـــــــــدا خۆی لوول دەدا.»
ئەم ماسییە رەشە و بچکۆلە، خەونی هەیە، گەورە و دنیاداگر. سەبارەت بــــــــــە خەونەکەی دەیەوێ لەگەڵ دایکیدا بدوێ، مەسەلەیەکـــــە و بۆی گرنگـــــە، دەزانێت بڤە و دژ بە نەریتە، بەڵام ئەو بڕیاری خۆی داوە: «دایکە دەمەوێ بڕۆم. دەمەوێ بزانم کۆتایی ئەم رووبارە کوێیە، دەزانی دایکە! من چەند مانگە لەبیری ئەوەدام کۆتایی رووبارەکە کوێـیــــــە، هێشتا نەمـــــــزانیوە. لە دوێشەوەوە چاوم لێک نەناوە و لەو بیردا بووم. تا بڕیامدا خۆم بڕۆم کۆتاییەکەی ببینم، حەزم لێیەتی بزانم لە وڵاتان چ باسە.»
ئەو پــــــــــەرەگرافە کە لە کۆمەڵێک وشەی ســــادە پێکهــــــــــــاتووە، هەموو مەرجەکانی خەونێکی دیتراو بە ئازادیی و سەربەستییەوەی تێدایە، ئەم وشانە پڕن لە درەوشانەوە و شەپۆلدان، پڕن لە جووڵە و بزووت، لێرەوە چیرۆکەکە سەرپێ دەکەوێ، ماشێنی گێڕانەوە بە گوڕ و گرمەگرم بە راست و چەپ دا خول و پێچ دەخوات.
ئەم بڕیارەی ماسیی رەشی چکۆلە لێوانلێوە لـــــــــــــە ســــــەرکێشی، لەڕوودا وەستانەوە، «نا»گوتنە بە یاسای ئاسنینی باوک و نەریتی باو، لەپێناو کنـــە وپشکنینی دنیـــــا، ترازانی دەرگایـە بۆ سۆراخ و بینینی ئەودیو ماڵـــــــــەوە کە جیهانە، شڵەقانی کڕی و کپییەکە هەمووان پێی رازین.
ئەم بڕیار و جووڵەیە هێزێک لەگەڵ خۆی پێکدەهێنێت، لە سەرەتادا رەنگە بڵێیت لە توانای ماسییەکی وەها بچووکدا نییە و ئەو زۆر لەوە لاواز و لەرزۆکترە دەرەقەت بێت، بەڵام لە درێژەی رێڕەو و رێبڕینەکەیدا دەیبینین ئەو هێزە وزەیەکی وەهای هەڵگرتووە، دەتوانێت ئەوانیتریش بخاتە سەر کەڵکەڵەی جووڵە و جیاوازبوون لەپێناو کەشفی دنیا و جوانیدا. ئەگەر بمانەوێ ئەم «جووڵە»یە لە روانگەی هونەری چیرۆکەوە بیخوێنینەوە، ئــــــــەوا دەتوانین بڵێین: بێ ئەم جووڵەیە، «ماسیی رەشی بچکۆلە» نەیدەتوانی ئەم چیرۆکە بێت کە ناسراوترین بەرهەمی نووسەرە.
لەم جووڵەدایە چیرۆک دەقەومێ، ئەم جووڵەیە هەر بەتەنها بزووێنەری فۆرمی چیرۆکەکە نییە، بزووێنەری ناوەڕۆکەکەشیەتی، لەگەڵ خۆیدا هەموو شتە جێگیرەکان دەلەقێنێت.
ئێمە دواتر شایەتی ئەو زەحمەتی و مەترسییانە دەبین کە دێنە رێی ماسیی رەشی بچکۆلە و سەفەرە درێژەکەی، بەڵام دەشبینین چۆن بەسەر ئەو بەربەستانەدا سەردەکەوێت کە دەبن بە رێگر و پێگر لە بەدیهێنانی خەونەکەی. چیرۆکەکە لەسەر تەوەرەیەکــــــی پتەو و تۆکمە هەڵچنراوە، داکۆکی لە خەونێک دەکات باجـــــــــەکەی ئەگەر بە خـــــــــــــودی ژیانیش بێت.
ئــــــــــــــــــــــــــەم جـــــــــــــــووڵــــــەیـــە لـــــــــــــــــــــە دەرەوەی چیــــــــــــرۆکــــــیش بــــــــــــــە بڕشــــــتـــــــــە، بــــــە ئامــــــادەکردنـــــی وەک دەقێـــــــک، دەتوانرێت بخرێتە سەر تەختی شانۆ و بنوێنــــــرێت، چونکــــــە خاوەنی جووڵەیەکی درامییە، پڕە لە هەڵکشان و داکشان، شێوەی پیشاندانی بەخۆوە گرتووە، هەر ئەوەشە وا دەکات بتوانرێت لە فیلمێکی سینەماییشدا پێشکەش بکرێت. ئەم چیرۆکە وەک چۆن دەتوانێت وزە و ورە بە خەیاڵ و فەنتازیای منداڵ بدات، دەتوانێت ختووکەی خەون و خەیاڵی گەورەکانیش بدات.
رەنگە ناسراویی و بەردەوام چاپکردنەوە و وەرگێڕانی ئەم چیرۆکەش هەر لەو سۆنگەیەوە بێت. (ئەوەندەی ئاگادار بم تا ئێستا بە زمانی کوردی پێنج
وەرگێڕانی جیاواز بۆ ئەم چیرۆکە بەردەستە). «ماسیی رەشی بچکۆلە» لە چەشنی ئەو چیرۆکانەیە سەر بە هیچ شوێن و زەمانێک نین، بەڵام دەتوانن بچنە هەموو سەردەم و شوێنێکەوە. پێم وایە «جووڵە» و «بڕیار»ێک کە کۆی چیرۆکەکەی لەسەر بنیاد نراوە، ئـــــایدیایەکە هەمیشــــەیی، لەگەڵ رووگە و ئاراستەی ژیاندا دەتوانێت بەردەوام رێ بکات، لە هەر جێیەکدا چەقبەستوویی و دۆگما هەژموونی پەیدا کرد، لە هەر جێیەکدا ژیان بوو بە بارگرانییەک لە رۆتین و دووبارەبوونەوە، جـــــووڵەی (ماسیی رەشی بچکۆلە)ت بیربێتەوە، بجووڵێ دژ بە رەوت، بەو بیرانەی تووشی جووینەوە هاتوون، بەو جێیانەی بوون بە زۆنگاو، جێی بهێڵە و دڵنیابە هەر خۆت نیت، بەڵکو ماسییەکی سووری بچکۆلــــــە و زۆری تریش هەن بە شوێن تـــــــــۆدا دێــــــــن، تاک تاک و پۆل پۆل.