کاوە حاجی عەزیز
زانا و دانای جیهانی ئیسلامی (ئیبن عەرەبی)، بە یەکێــــک لە باڵاترین شرۆڤەکارە ئیسلامییەکان دەژمێردرێت، لە رێگەی ئەوەوە لایەنی ناخ و باتینی ئیسلام بە ئاشکرا باسکرا، مەسەلەکانی حیکمەت و فەلسەفەی ئیلاهیاتی خستۆتەوە بەر باس و لێکۆڵینەوە. سەربووردەی ژیان و نووسینەکانی تاکو ئێستاش مشتومرێکی زۆری لەسەر دەکرێت. ئەوەتا شاکارێکی گەورە لەشێـوەی رۆمــــان لەســەری نووســـراوە کە نووسەری عەرەب (محەمەد حەسەن عەلوان) نووسیویەتی و وەرگێڕی بەتوانا(حەیدەر عەبدوڵڵا) لە دووتوێی 621 لاپەرەدا کردوویەتی بە کوردی.
ئەم رۆمانە جگە لەوەی خـــەڵاتی پۆکەری عەرەبیی ساڵی 2017ی وەرگرتووە، هێندە ناوازەیە لەو باوەڕەدام ئەوەی بیخوێنێتەوە چێژێکی وای لەلا دروست دەکات کە نەتوانێت دەســـتبەرداری بێت و حەز ناکات تەواوی بکات و هەوڵی ئەوە دەدات تا جارێکی تر بیخوێنیتەوە.
بەڕاستی عەشقێکت لەلا دروست دەکات پەی بـــە نهێنییەکانی گەردوون بەریت و ژیان و ناخۆشی و کارەساتەکانی رۆژگار، بگرە مەرگیشت وا لەلا بچووک دەکاتەوە.ئەوەتا رۆمانەکەش هەر بەو ناوەوە ناوزەد کراوە، (مەرگێکی بچووک)، ئەم رۆمانە لە سەد بەش پێکهاتووە و هەر بەشێکی بۆخۆی ژیان و بەسەرهات و پلە و مەقامی ئیبن عەرەبی دەردەخات لەوانە، حەقیقەتی تەسەوف: کەلتوری تەسەوف لەلای ئیبن عەرەبی باڵایە و بەو جۆرەی کە مانا و حەقیقەتەکان، هەرچی زیاتر و باشتر ئاشکرا دەکات و تێگەیشتنیان ئاسان دەکات لەم رۆمانەدا هەست بەهێزی چێژ و بینین و هێزی تێگەیشتنی راســتەوخۆی مەســــەلەکانی تەســــەوف دەکەیت، ئەوەتا لەســــەر زاری ئیبن عەرەبی- یەوە رۆماننووس دەڵێت: "فەقیهەکان ئەقڵت لەکار دەخەن، فەیلەســــووفەکان دڵت وێـــــران دەکـــــەن، ئەولیای خواش دڵ و عەقڵت دەخـەنـــە ژێر شەپۆلی نوری خودا ...ل184."
لێکدانەوەی ئیبن عەرەبی بۆ (سروش، عەقڵ و دڵ) رایـــەڵەکانی ئەم وا بۆی دەچێت کە تەفسیر پردی سروش و عەقڵە و کەسێکی رووکەش بەرهەم دەهێنێت، بەڵام (تەئویل) رووی ســـروش و دڵــە و فەیلەسووف بەرهەم دێنێ، هەرچی خۆشەویستیشە دەبێتە پردی عەقڵ و دڵ کە سۆفی بەرهەم دێنێ.
دیارە ئیبن عەرەبی لـــە نووسین و بەرهەمەکانیدا زیاتر لەو مەسەلانە دەکۆڵێتەوە و بـــە شێوەیەکی روون و راشکاوانە باس لە تەسەوف دەکات کە پێش خۆی زانا ئیسلامییەکان بەوجۆرە باسیان نەکردووە، زیرەکیی رۆماننووس لەوەدایە ئــەو بۆچــوون و ململانێ فکرییانـــە وا تەوزیف دەکات، چیتر پێویستت بەوە نەبێت لەسەر ئەو زاتە بخوێنیتەوە، رۆماننووس بەجۆرێک بەرهەمەکانی خوێندووەتەوە کـــە بتوانێت شاکارێکی وا بنووسێت تا هەتایە ئیبن عەرەبی بە زیندوێتی بهێڵێتەوە. رەگەزەکانی رۆمان لە حاڵەتی (کوتوپــــڕ، گرێچــن، دیـــالۆگ و مەنـــــەلۆگ...هتد) وا نەخشاندووە لەوە دەریکردووە ئیبن عەرەبی بە رەگەز عەرەب بێت، بەڵکو کردوویەتیی بە موڵکی هەموو نەتەوەیەک کە عەوداڵی راستی بێ.
عەوداڵی سەفەر:
چەمکێکی ئەم رۆمانە سەفەرنامەی ئیبن عەرەبی تۆمار دەکات، هەست بە زۆر شوێن دەکەیت و لەگەڵیدا سەفەر دەکەیت، وا لە خوێنەر دەکات هەمیشە لە ســــەفەردا بێت و نەوەســــتێت، خۆی دەڵێت: (گەرەکە سەفەر بکەین تا وانە و پەندی پتر وەربگرین، مرۆڤی ئیماندار بەردەوام لە سەفەردایە، بوون هەمووی سەفەرە بەنێــو ســەفەردا ل482)یان دەڵێت: (هەر وەختێک دۆشــدامایت سـەفەربکە و بگەڕێ ل567.)
کاتیك ئەم رۆمانە دەخوێنیتەوە لەگەڵیدا سەفەر دەکەیت و وادەزانیت هاوسەفەری ئەویت دەڕۆیتە گەڕەکەکانی قاهیرە و دۆڵ و شیوەکانی مەککە و کۆڵانەکانی حەلەب و گەڕەکەکانی بەغدا بەیەکەوە دەگەڕێین بــــــە بیاباندا دەمانبــــات و لە دۆڵێکــــدا دەمانگیرسێنێتەوە دەمانباتە ئەندەلوس و مەغریب وەک رێبوارێک وایە ناحەوێتەوە و سەر بە کوچە و کۆڵانەکاندا دەکات، شەقام نییە لەو وڵاتانەدا پێت نەناسێنێ، باخچەی وات پێ دەناسێنێ بە دار و گوڵییەوە پێشتر لە هیچ شوێنێک نەتبینیوە!! ئامۆژگاریت دەکات بێتاقەت نـــــەبیت و هیممەت بکەیت لە ژیاندا تا ئەوکاتەی پیر دەبیت، بەڵێ بــــــــە جەستە دەمریت، بەڵام نەمر دەبیت، چونکە ئیبن عەرەبی پێی وایە: (هەر جەستەیەک هیممەت بەرهەم نەهێنێ پووچەڵە. ل593).
عەشق و خۆشەویستی:
خۆشەویستی لەلای ئیبن عەرەبی گشتگیرە چ بۆ ژن یان ئایین یان هاوڕێ و نیشتمان، هەر هەموویان لەم رۆمانەدا بە زەقیی دیارن و باسیان لێکراوە، قسەی خۆشیەتی کە دەڵێت: (خۆشەویستی مەرگێکی بچووکە). خۆشەویستی بۆ ژن پانتاییەکی فراوانی لەم رۆمانەدا بەرجەستە کردووە (مەریەم، نیزام، فاتیمـــە و ســــەفیە) ئەو ناوانەن لەم رۆمانەدا هەریەکەیان بوونەتە ئیلهامێک و هەروا بە ســــانایی بەلایدا گوزەری نەکردووە، بەتایبەتی لەگەڵ نیزامدا مەگەر خۆی بزانێ چی کردووە.
ئیبن عەرەبی پێی وایە: "خۆشەویستی نهێنییەکی خوا کردووە و هۆیەکەی زانرا ئەوا کۆتایی پێدێت ل335"، زیاتر پێداگری لەوە دەکات کە "هەر خۆشەویستییەک داواکاریی تێدا بوو، فلسێک ناهێنێ ل 391."
وەک ئاماژەم پێدا، ئەم رۆمانە لێوان لێوە لە باسی خۆشەویستی لە ژنەوە بۆ نیشتمان، کە دێتە باسی مەککە و بەغدا و شام، ئەندەلوس و مەغریب وا ئالوودە دەبیت حەز دەکەی سەردانیان بکەیت و هەر لە خۆتەوە خۆشت دەوێن، لە نیشتمانەوە بۆ هاوڕێ ئەو هاوڕێیانەی لە ژیانیدا بوون تا مردنیشی وازی لێنەهێناون (بەدر، ئیسحاق و سودکین) ئەو ناوانەن کە لە رۆمانەکەدا وەک هاورێی ئیبن عەرەبی ئاماژەیان پێکراوە، بۆ مەرگی بەدر و ئیسحاق لاواندنەوەیەک دەیلاوێنێتەوە هەر مەپرسە، زیاتر بڕوانە ل543، بەڵام سودکین بە مەرگی ئیبن عەرەبی رادەگات و لێی جیانابێتەوە. بە هەموو رووداوەکانی ئەم رۆمانە نووسەر ئەو وتەیەی ئیبن عەرەبی دەهێنێتەوە کە دەڵێ: (دنیا تەنێ مەنزڵگەی عاشق و مەعشوقەکانە) تا دەگاتە ئەو رایەی (شەمسی تەبرێزی) پیی دەڵێت: "خۆشەویستی، دڵی تۆی وەک دەریایەکی شیرین سیخناخ کردووە، هەموو مەلەوانەکانی بە هێمنی و ئارامی ژیان بەسەر دەبەن،" ل568
حەز دەکەم دواجار ئەو شیعرە بەناوبانگەی ئیبن عەرەبی باس بکەم کە بەردەوام بەڵگەی حەقیقەتی خۆشەویستی لای ئەو دەردەخات، دیارە ئەم شیعرە لە رۆمانەکەدا نییە بەڵام شەرحەکەی بەم شێوەیە یە:
دڵی من جێگەی هەموو شێوەکانی تێدا دەبێتەوە
بووە بە لەوەڕگەی ئاسکان و پەرستگای راهیبەکان،
بتخانەی بتەکانە و کەعبەی حاجیانی ماڵی خودا و
ئەلواحی تەورات و پەرتوکی قورئانە،
من پەیڕەوی ئایینی عەشقم
کەژاوە و کاروانی عەشق بۆ هەر کۆیلەیەک بڕوات،
منیش بەرەو ئەوێ دەچم
چونکە خۆشەویستی دیین و ئیمانی منە.
بڕوانە ( سێ فەیلەسوفی موسڵمان ل 258).
دوا سەرنج:
ئەم رۆمانەم بە عەرەبی نەخوێندۆتەوە تا لەرووی وەرگێڕانەوە هەڵسەنگاندنی بـــۆ بکەم، بەڵام چێژێکی وای پێ بەخشیم وامزانی بە کوردی نووسراوە، لەو وەرگێڕە تازانە نەدەچوو کە خوێنەر بێتاقەت بکات. دەتوانم بڵێم هەندێ وشەی تازەم بیست پیشتر نەمدەزانی ئەگەر ناوی وەرگێڕەکە نەنووسرایە، وامدەزانی (عەبدوڵڵای حەسەن زادە و شوکر مستەفا) وەریانگێڕاوە، بۆیە هەر لێرەوە تا ئەو شوێنەی حەیدەر عەبدوڵڵا تیایدا دەژی سڵاو و دەریایەک موحیببەتی پێشکەش بێت.