با قژم بە پاییزەوە هەڵپاچم کورت

05:14 - 2025-07-31
ئەدەب و هونەر
108 جار خوێندراوەتەوە

سیمین چایچی- سنە

ئای... چ گیان سەخت
ساڵژمێر و کاتژمێر و چرکەژمێر
بەرگەی هەڕاک هەڕاکم‌ ناگرێ.
سووڕان سووڕانە ئازیز
چمانی‌ ویژدانی سەرگەردانی باپیران
لە حەوتەمین قاتی ژێرینی دۆزەخ
گەوزاوی ماچ و مەمک
                      ‌‌‌‌(خۆش) 
پڕبە مەیلی‌گوناە‌ و بەردەباران
شەوقم ئەمشە و سپی ...سپی‌...سپی
سپیترین خواژنی ئەم عەرزە رەشە و
رەش ...رەش...رەشترین سیمای
                    سپی ‌پێستانم.
با...بڕۆم ...بەدەم ...باوە 
        ‌‌            زنجیرمە شار.
وس... پێدەشتێک، پێدەکەنێ 
بە ختوکەی نەرمەڕەوی باران،
زەماوەندی هەورە نەزۆکەکانە
باران ...تەڕ...تەڕ...تەڕم دەکات.
با بڕۆم بە دەم  با...وە
دۆڕاندوومە ... دۆڕان
دەمێکە چەترەکەم 
لە شەڕی پرچ و بارانا دۆڕاندوە و
متمانەی باوشێک 
          کە ئیتر هی من نییە.
دەور، دەوری گوڵە بازاڕییە
بترسن ...
بترسن لەو رۆژەی باخچە گشتییەکان
بۆنی تەزوویر بگرن
گوڵدانی سەرمێزەکەتان و
رۆژەکانی ڤالانتاینیش
‌                   چەپک‌...چەپک
بە من چی، با تۆوی هەرچی رۆژە
 وشک بێ و
لە داوێنی کراسەکەمەوە
              
  داڕزێ، سوور...سوور.
با رووی هەرچی عەشقە‌ رەش بێ
وەکو چاوەکانی (بەهارە)ی کچم،
تا دڵە مردووەکان بە دەردی 
بێدەرمانی‌ خۆیانەوە دامرکێن و
                          منیش
منێک و نازناوێک کە لە باوکمەوە تا...
رووبەرگی کتێبەکەم
                  هەتا هەتاییمە.
با قژەکانم بەپاییزەوە ‌هەڵپاچم کورت
نەک‌ خۆی پێوە هەڵواسێ
                         ‌لەچک.

بابەتە پەیوەندیدارەکان