نینۆکەکانی ئەم دەستە، سوور ... هەڵوەریون

05:17 - 2025-07-31
ئەدەب و هونەر
78 جار خوێندراوەتەوە

گوڵاڵە دروودیان- تاران

 
جا هەر بە جێم بێڵە بە توون!  
ئەم سەفەرەش، رێک نەبێ  کە چی؟  
نه دەستە گوڵێکم بۆ بێنە 
نە شیعرەکانت قاپم دەکەن   
نە نێوم دەبەی 
نە یاوێکم لە ماچێکا 
بە لێوتەوە ماسیو!  
-  وەرە دەستم مەگرە ...  
کەچی ئێستاش  
لە داوی خەونی تۆدا 
وەنەوز دەدەم پەپوولەیی 
- جا تۆ بە پەپوولە چی؟  
هەی تۆ!  
کە درۆیەکی گەورە بووی 
زەوی خستییە داوی داوێنمەوە 
چەنێ لە لاپەڕە نەنووسراوەکانی ئەم دەفتەرە دوورم 
 هێندە لە تۆ 
 
دوور دەبمەوە دوور 
هەڵم دەبم لە هەواتا 
بە عادەتی هەڵمەکانی ون بوو لە هەوادا...  
تۆ کە جگەرە بە جگەرە دادەگیرسێنی -  
خۆت نوقم دەکەی لە ژێستێکی تەماویدا -  
«هەڵم دەبم لە هەواتا « کەی تێ دەگەی؟!  
 
من لە مێژە  
لە هەڵمی شووشەکاندا 
تەنیا ئاخم کێشاوە 
سەرم بە ژانی ژانێکەوە هەر ئێشاوە  
راستت بوێ  
بتەوێ و نەتەوێ 
ئەم رۆژانە  
ئاوێنەم  بێ وێنە!  
لە بیرتە؟  
لە بیرتە نینۆکە سوورەکانمت رادەموسیی
لە فەنتازیای قژەکانم 
نۆڤێلێکت بۆم نووسی؟  
  
 قژەکانم هێندە قامکەکانتی لە بیرە 
 ئاوێتەی خەیاڵە و 
 هەوایەکی هەڵوەریو!  
          نینۆکەکانی  ئەم دەستە  
سوور  سوور هەڵوەریون، لەمێژە  
 رەش دەتنووسن 
هەستەکانی ئەم ڕیستە!  
دە بێڵە با ڕەش بتنووسن 
         نینۆکەکانی ئەم دەستە!

بابەتە پەیوەندیدارەکان