حەزم لە سەفەرێکە خاڵی سوور ببەزێنێ

05:20 - 2025-07-31
ئەدەب و هونەر
89 جار خوێندراوەتەوە

شلێر رەشید- سەقز

خۆم ناگرم 
نوقمم لە زێرابی تاریک
پڕم لە بۆگەنی وەستان
لێوەکانم سووتان بە نە وتنی ئەو هێڵانەی سوورن،
ون بوویەکی پشت دیوارەکانی یاسای دەسکرد، 
چەقم بەستووە لە نێوانی ئەو شەربەتەی
بیری تۆی تێکەڵ کرا،
ئێستە نەخۆشێکی بناوبێری وەرهەم هەڵێناوم
لە شێوازی شاعیرێکی رەشخوازدا.
حەزم لە سەفەرێکە
خاڵی سوور ببەزێنێ و
زەرفێکی پڕ لە فڕین ببمەوە بۆ بێچوەکان،
قەفەس هەموو وڵاتی گرتووە.
بلیتێکم دەوێ هێڵ بەزێن، ئەویش سوور
بچمە پیشانگەی ئەو ئازادییانەی زیندەبەگۆڕی وڵاتن،
بیانکەمە بووک بیانڕازێنمەوە بە جلی شین،
هەموو باخچەکان پڕ ببن لە باڵ،
زمانم ببێتە فەرماندە
 هەرای شەڕ بکات
دژی ئەو نیگا رەنگ پەڕیوانەی
تەنیا سنوور زاوزێ دەکەن و ئیتر هیچ.
بلیتێکم دەوێت ترووسکە ببارێنێ بە تامی شەراب
من لەنێو چاوەکانتدا لەتر بدەم و
هەموو ئەو واژووانە هەڵوەشێنینەوە
کە باڵمانی تێدا وەری و
 بێ دەربەست ناشتیانین.
حەزم لە مەزەی هەڵفڕینە بە تامی کاکێشان 
لەوێ سنوور لە نێو تۆفانی قەدەغەدا
 خنکابێت و
وانە بێژ تەنیا ئارامیی بڵێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان