بەشیر موشیر، پیاوێکی بێنەزیر

01:03 - 2025-08-02
کەلتور
50 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا

ئەی بێ نەزیر و هەمتا هەر تۆی کە بەرقەراری
بێ دار و بێ دیاری، بێدار و پایەداری
بۆ باغی مەردی یاغی سەرمایەکەی خەزانی
بۆ مەزرەعەی فەقیران سەرمایەکەی بەهاری
حاجی قادری کۆیی

بەشیر موشیر ناوێكی دیار ‌و ئەستێرەیەكی پرشنگدار ‌و درەوشاوەی لاپەڕەكانی مێژووی گەلی كوردستانە.
موشیر كەسایەتییەكی هێندە دەگمەن  ‌و سەرنجڕاكێش بووە، بەهەشتی د.عەبدولڕەحمانی قاسملۆ لە یاداشتەكانیدا بە كەسایەتییەكی دەگمەن وەسفی دەكات‌ و لەو بڕوایەدا بووە كە هاوشێوەی لەناو هیچ گەلێكی دیکەدا نییە!.
ئەم پیاوە لە سەرانسەری كوردستان ‌و عیراقدا هەواداری هەبووە لەوانە (مام جەلال، د.قاسملۆ، د.كەمال فوئاد، ئەمین زەكی، ئەمین رواندزی، مەعرووف چیاووك، رەفیق حیلمی، عەلادین سەجادی، د.عزەدین مستەفا رەسول، د.جەمال نەبەز، پیرەمێرد، گۆران، هەردی، ئەسیری‌و چەندانی تر).
كەمترین زانیاری لەسەر بنەچە‌و ژیانی تایبەتی بەشیر موشیر هەیە.
هەوادارانی لە سلێمانی بە خەڵكی شارەكەی خۆیان قەڵەمیان داوە ‌و خۆشی وەسێتی كردبوو لە گردی مامە یارە لەتەنیشت پیرەمێردی نەمر لە سلێمانی بینێژن، بەڵام هەندێ‌ سەرچاوەی دیكە ئاماژە بەوە دەكەن كە زمان‌ و لەهجەی قسەكردنی هی دەڤەری نێوان هەولێر ‌و كەركووك بووە.
بەپێی رای بەشێك لە شارەزایان بەشیر موشیر لە نێوان ساڵانی (1880-1888) لەدایك بووە.
دوكانی بەرگدرووی لە شەقامی رەشیدی ناوچەی حەیدەرخانەی بەغدا هەبووە ‌و هەرچەند لە رۆژنامەكان زۆر ریكلام بۆ دوكانەكەی كراوە ‌و بەمقەستی زێڕین ناوی براوە، بەڵام لە كاری بەرگدروو بەردەوام نەبووە ‌و دوكانەكەی كردووە بە كتێبخانە ‌و كتێب‌ و گۆڤار و رۆژنامەكانی ئەو سەردەمەی تێدا فرۆشتووە.
ئەم كەسایەتییە نازناوەكانی (فەیلەسوف، شاعیر ، زەعیم ، موشیر)ی خراوەتە پاڵ.
بەڵام مامۆستا بەشیر خۆی بە فەیلەسوف ‌و شاعیر لە كاتی پێویست ناساندووە.
خاوەنی چەندین پارچە شیعری جوانە كە لە رۆژنامە‌ و گۆڤارەكانی ئەو سەردەمەدا بڵاوبونەتەوە.
نەك هەر رۆژنامەنووسەكانی ناوخۆ  باسی ئەم كەسایەتییەیان كردووە، بەڵكو رۆژنامەنووسە بیانیەكانیش پێی سەرسام بوون و لەسەریان نوسیوە.
ساڵی 1931 کتێبێکی بەناوی (سپارەی حەقپەرستی) لەبەغدا چاپ کردووە.
دەبوو لە كوردستان بایەخ بەم كەسایەتییە بدرێ‌‌ و پەیكەری بۆ دروست بكرێ‌‌ و شەقام‌ و دەزگا‌ و سەنتەری رووناكبیریی بەناوەوە بنرێت ‌و یادی بكرێتەوە ‌و بەرهەمەكانی لە چاپ بدرێنەوە، بەڵام بەداخەوە فەرامۆش كراوە.
ئەم كەسایەتییە ناودارەی كوردستان  لە 30ی تەمموزی 1963 لەشاری بەغدا كۆچی دوایی كرد، هەرچەند وەسێتی كردبوو لە گردی مامە یارە‌و لە تەنیشت پیرەمێردی نەمر بنێژرێ‌، بەڵام كەسوكارەكەی وەسێتەكەیان بەجێنەهێنا ‌و لە گۆڕستانی شێخ مەعرووف لە شاری بەغدا بەخاكیان سپارد.
دروودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی مامۆستا بەشیر موشیری روناكبیر‌و خۆشەویستی هەموان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان