ئا: دڵان سامان
گۆشۆ ئۆیاما-ی نووسەری (لێکۆڵەر کۆنان) کە ئێستا تەمەنی 61 ساڵە، کاتێک ساڵی 1994 دەستی بە نووسینی چیرۆکە وێنەییەکەی کۆنان کرد و لەساڵی 1996 دا لە شێوەی ئەنمی واتا زنجیرە کارتۆنی ژاپۆنی بڵاوکرایەوە، ئەگەر لە ساڵی نووسینی چیرۆکەکەوە دەستپێبکەین 31 ساڵی بەسەردا تێپەڕ دەبێت، سەرنجڕاکێشیی ئەم نووسەر و زنجیرە کارتۆنی لێکۆڵەر کۆنان لەوەدایە لەگەڵ ئەوەی تائێستا زیاتر لە هەزار ئەڵقەی لێ بەرهەمهاتووە، کەچی ئەو کەیسانەی کۆنان لە زنجیرەکەدا چارەسەریان دەکات هیچیان لەوی دی ناچێت، هەر کەیسێکیش تایبەتمەندی خۆی هەیە بەوەی زیاتر لە 250 فێڵ لە هەر یەکێکیاندا دانراوە و هەر فێڵێکیش ئەگەر لە واقیعدا تاقیبکەیتەوە 100٪ راست دەردەچن، واتا نووسەر گۆشۆ نەک تەنیا پرۆفێشناڵە، بەڵکو کەسێکی بلیمەتیشە.
گۆشۆ ئۆیاما بواری پزیشکیی و ئەندازیاریی و یاسای کردووەتە نێو ئەڵقەکانی لێکۆڵەر کۆنانەوە، تەنانەت مێژووی بەکارهێناوە، هەرچییەک لە زنجیرەکەدا دەبینیت لە ژیانی واقیعدا هەیە و هەر زانیارییەک کۆنان دەیڵێت راستە و ژمارەیەکی زۆر لەو زانیارییانەی دەیزانێت بۆ بەرهەمهێنانی ئەڵقەکانی زنجیرە سەرنجڕاکێشەکەی بەکاریهێناوە.
ئەو نووسەرە خاوەن ئەقڵێکە دەتوانێت رووداوەکان پێکەوە گرێ بدات، تەنانەت ئەگەر 10 ساڵ زیاتریش لەنێوانیاندا هەبێت، بۆ نموونە ئاماژە بۆ رووداوێک دەکات لە ئەڵقەی 54 دا روویداوە واتا پێش 26 ساڵ نووسیوێتی.
گۆشۆ کەسێکی بلیمەتە و کەم وێنەیە، بۆیە بەهۆی ئەو توانا ناوازانەی بووە بە باشترین نووسەرەکان لە بوارەکەی خۆیدا و لێکۆڵەر کۆنان تائێستا دووجار خەڵاتی (شوگاکوکان) بۆ مانگا(کە بەوجۆرە چیرۆکە وێنەییە ژاپۆنییانە دەوترێت) پێ بەخشراوە.