مامۆستایەكی زانكۆ هۆشداری دەدات لە مەترسییەكانی سەر فیدراڵی

سیستمی سیاسی عیراق، سیستمێكی ناچارییە

12:45 - 2025-08-10
هەمەرەنگ
34 جار خوێندراوەتەوە

ساڵۆنی كوردستانی نوێ لە درێژەی زنجیرە كۆڕەكانیدا، دوێنێ كۆڕێكی بە ناونیشانی (داهاتووی سیستمی سیاسی لە عیراق، پاش 20 ساڵ لە دەستوور) بۆ پ.ی.د. (جەلال حەسەن مستەفا) رێكخست.
سەرەتا د. جەلال كورتەباسێكی سەبارەت بە سیستمی فیدراڵی لە جیهاندا باس كرد و رایگەیاند: بۆ هەر پرسێك دەبێت پشت بە میتۆدی زانستی ببەسترێت بۆ ئەوەی خوێندنەوەی زانستی بۆ بكرێت، دەنا لە فاڵگرتنەوە دەچێت، سیستمی سیاسی لە عیراق بەپێی دەستوور، دیموكراسی و فیدراڵییە، ئێستا ئەو سیستمە مەترسی زۆری لەسەرە و نابێت جیاوازییەكان بەسیاسی بكرێن. 
ئەو مامۆستایەی زانكۆ باسی لە سیستمی ئێستای سیاسی عیراق كرد و رایگەیاند: سیستمی سیاسی ئێستای عیراق لە راستیدا سیستمێكی ناچارییە، ئەوەی كە زۆر جێی مەترسییە ئەوەیە كە جیاوازییەكان و پێكهاتەكان بەسیاسی بكرێن، كە بە داخەوە كراوە و ئەگەر بەو شێوەیەش بڕوات، سیستمی سیاسی عیراق بەرەو شكست دەڕوات، چونكە شتەكان بەسیاسی كراون. لە راستیدا ترسەكانی ئێمە خراونەتە دەستوورەوە، ترسمان زۆرە، بۆیە دەبێت لە رێگەی دەستوورەوە ترسەكانمان بڕەوێنینەوە، بەداخەوە هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان كاریگەریی خراپیان بەسەر دەستووری عیراقەوە هەبووە و هەیە.  
د. جەلال وتیشی: بەها دیموكراسییەكان لە عیراقدا زۆر لاوازن و ئەمەش مەترسییە بۆ شكستی سیستمی فیدراڵی، هەروەها رێزگرتن لە جیاوازییەكانیش زۆر كەمە و ئەمەش دەتوانێت مەترسییەكی تر بێت بۆ سەر فیدراڵی لە عیراقدا و نابێت پرسی پێكهاتەكان و جیاوازییەكان دووبارە ببرێنەوە بۆ ناو سیاسەت، ئێستاش عیراق بەرەو مەركەزییەت هەنگاو دەنێت، نەك پارچەپارچەبوون و دەكرێت بڵێین سیستمی فیدراڵی بەر لەوەی ئارەزوومەندانە بێت، حاڵەتێكی سەپێنراوی هەیە.
باشیلا جەعفەر
فۆتۆ: حەمە عومەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان