كورتە فیلمی «فایلی یەك» لە سیناریۆ و دەرهێنانی سۆنیا جەلیل زەنگەنەیە، بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی كوردسات و بەرهەمی بەشی فیلمسازیی زانكۆی سلێمانی و بە هاوکاری نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیسپانیا بەرهەمهێنراوە.
سۆنیا جەلیل زەنگەنە دەرهێنەری فیلمەكە بە دوالاپەڕەی وت: فیلمەكە بە شێوەیەكی تایبەت نمایش دەكرێت، واتە بۆ گشتی نییە، ناتوانم ئێستا ناوەڕۆكی فیلمەكە ئاشكرا بكەم، بەڵام دەتوانم بڵێم كە چیرۆكی فیلمەكە باسی گەلی كورد دەكات، دیمەنەكانی فیلمەكە لە شاری سلێمانی وێنەگیراوە و ستافێكی بە توانا لە پشت كارەكانی ئەم فیلمەوە بوون و زۆرینەی لۆكەیشنەكانی بە تایبەت لەلایەن ستافێكی شارەزاوە بۆ دروستكراوە.
سۆنیا وتیشی: ماوەی فیلمەكە 18 دەقیقەیە، واتە كورتە فیلمە، یەكێكیش لە ئەكتەرە سەرەكییەكانی فیلمەكە خانمە هونەرمەند نەرمین كاوانییە كە دوای چاكبوونەوەی لە نەخۆشییەكەی و زاڵبوون بەسەر شێرپەنجەدا فیلمی فایلی یەك دەستپێكی گەڕانەوەیەتی بۆ بەرهەمە هونەرییەكان جگە لەوەش چەندین ئەكتەری تر بەشدارن وەك، تێشوو نامیق، ئاری عومەر، ژینۆ كەیوان، بنار ئەبوبەكر، هەژار فەخرەدین و چەند ئەكتەرێکی دیكە بەشدارن، وابڕیارە لە داهاتووییەكی نزیكدا پۆستەر و تڕایلەری رەسمی فیلمەكە بڵاوبكرێتەوە.
شاتوو كەریم