کەی کۆتایی بە لافاوی پلاستیک دەهێنرێت؟

09:49 - 2025-08-12
ژینگە
62 جار خوێندراوەتەوە
پلاستیک زریانێکی وێرانکەرە هەسارەکەمان ژەهراوی دەکات

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی


لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی گفتوگۆکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پلاستیک لەم مانگەدا، جیهان چاوەڕوانی ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی رزگاربوون لە پلاستیک دەکات (ئەو داهێنانەی مرۆڤ کە لە ساڵی 1907 ەوە وەک کۆتێک کردییە ملی و شۆڕشێکی لە بواری پیشەسازیدا بەرپا کرد، بەڵام لەدواییدا مەترسییەکانی ئاشکرا بوو) ئەگەر نا مرۆڤایەتی لە غەرقبوون لە لافاوی پلاستیکدا بەردەوام دەبێت. 
کۆتا خولی گفتوگۆکان دەربارەی پەیماننامەی پلاستیک لە جنێڤ-ی سویسرا، لە ماوەی سەرەتای ئەم مانگەوە بۆ ناوەڕاستی مانگی ئاب دەستیپێکردووە، تا چوارچێوەیەکی یاسایی زۆرەملێ بۆ سنووردارکردن و کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە بە پلاستیک دابنرێت، بە سەرنج وردکردنەوە لەسەر کۆی بازنەی ژیانی پلاستیک، هەر لە دیزایین کردنییەوە تا دەگات بە بەرهەمهێنانی و گەیشتن بە فڕێدان و ریسایکڵکردنی پاشماوەکانی.
بەرهەمهێنانی پلاستیک
جێی باسە دەبوو لە دیسەمبەری ساڵی 2024 دا گفتوگۆکان کۆتاییان پێبێت بۆ ئیمزاکردنی ئەو پەیماننامەیە لە بوسان-ی کۆریای باشوور، بەڵام چەند کۆمەڵەیەکی یەکگرتوو فشاریان دروستکرد بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرێک لە سنوردارکردنی بەرهەمهێنانی پلاستیک، ئەوەش وایکرد گفتوگۆکان شکستبێنن و بۆ خولێکی دیکە لە جنێڤ دوابخرێن.
ساڵانە لە جیهاندا زیاتر لە 450 ملیۆن تۆن پلاستیک بەرهەمدەهێنرێت، نیوەیان بۆ یەکجار بەکاردەهێنرێن، کەمتر لە 10 ٪ ی پلاستیکی بەرهەمهاتوو ریسایکڵ دەکرێنەوە، بەشەکەی دیکەشی لە پاشماوە پلاستیکییەکان دەکرێنە زبڵدانە گشتییەکانەوە و دەچنە خاک و ئاوی دەریا و زەریاکانەوە یان شیدەبنەوە و دەبن بە گەردیلەی مایکرۆ و نانۆپلاستیکیی، وەک توێژینەوەکانیش سەلماندوویانە پلاستیک ئیکۆسیستم تێکدەدات و تەنانەت دەچێتە نێو خوێنی مرۆڤ و هەموو ئەندامە گرنگەکانییەوە.
هاوکات بە پێی راپۆرتەکانی رێکخراوی هاوکاریی ئابووریی و گەشەپێدان بێت، بەرهەمهێنانی جیهانیی بۆ پلاستیک لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا دوو هێندە زیادی کردووە و واچاوەڕوان دەکرێت بە گەیشتن بە ساڵی 2060 سێ هێندەی دیکە زیاد بکات، بەوەش تسۆنامی پیسبوون بە پلاستیک دروست دەبێت و هێشتا هەموو کاریگەرییە تەندروستی و ژینگەییەکانیشی ئاشکرا نەبووە.  
گێژەڵووکەی پلاستیک
بیرۆکەی پەیماننامەی پلاستیک بریتییە لە دانانی کاپێکی جیهانی لەسەر بەرهەمهێنانی پلاستیک و وردە وردە کەمکردنەوەی، لە هەمانکاتدا سنووردارکردنی ئەو ماددە ژەهراویانەی لە دروستکردنیدا بەکاردەهێنرێن، شارەزایان ئاماژە بەوە دەدەن کە زیاتر لە 16 هەزار ماددەی کیمیایی لە بەرهەمە پلاستیکییەکاندا بەکاردەهێنرێن، زۆربەیان لە سووتەمەنی بەردینییەوە دێن، بەڵام تا ئێستا زاناکان مەترسیـی زیاتــر لە 60 ٪ ی ئەو ماددانەیان دیاریی نەکردووە.
توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی کۆلێژی گروسمان کە لە زانکۆی پزیشکیی نیویۆرک  کراوە، ئــاشــکرایــکردووە رۆژهــەڵاتــی نــاوەڕاســت و باشـووری ئاسیـا زیـاتــر لــە 41 ٪ ی مـردنەکان تێیاندا پەیوەندییان بە ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکانی پلاستیکەوە هەیە، دوای ئەویش رۆژهەڵاتی ئاسیا و زەریای هێمن دێت بە رێژەی 31 ٪، ئەم دوو ناوچەیە پێکەوە نزیکەی سێ لەسەر چواری مردنەکانی جیهان بەهۆی پلاستیکەوە پێکدەهێنن.
هۆکاری سەرەکی مردن بە پلاستیکیش بریتییە لە ماددەی (DEHP) کە نەرمکەرەوەیەکی پلاستیکییە و لە هەموو شتێکدا بەکاردەهێنرێت لە پاکەتەکانی خۆراکی تێدا هەڵدەگیرێت تا کەرەستە پزیشکییەکان. 
لە ساڵی 2018 دا تەنیا بەهۆی بەرکەوتن بەو ماددەیەوە زیاتر لە 356 هەزار کەس لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان بەهۆی بەکارهێنانی پلاستیکەوە بووە، لە نێوان گەورەساڵانیشدا تەمەن (55-64) ساڵ (13.5 %)ی مردنەکانی دڵ و خوێنبەرەکان پەیوەندییان بە مایکرۆپلاستیکەوە هەیە، ساڵانە جگە لە نزیکەی هەشت ملیۆن مەتر تۆن لە پلاستیکی دەریا و زەریاکان، لەنێویاندا 263 هەزار تۆن گەردیلەی پلاستیکە، کە بەرامبەر بە زیاتر لە یەک بارهەڵگری خۆڵوخاشاک دەبێت لە پلاستیک بۆ هەر خولەکێک دەچێتە زەریاکانەوە، ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی گەرمیی و ترشبوونی ئاوەکانیان، لەگەڵ وێرانبوونی جۆراوجۆریی بایۆلۆژی دەریایی، دواجار توانای دەریا و زەریاکان بۆ هەڵمژینی کاربۆن لاواز دەبێت، هەروەها پلاستیک لە سووڕی ژیانیدا ساڵانە بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی 1.8 ملیار تۆن گازی گەرمخانەیی بەرپرس لە پەنگخواردنەوەی گەرما.
پەیماننامەی پلاستیک
بە گشتی دانوستانەکان بۆ پەیماننامەی پلاستیک کە لە ساڵی 2022 دا دەستیپێکرد، رووبەڕووی ناکۆکی بنەڕەتی بووەتەوە، لە کاتێکدا زیاتر لە 100 وڵات و سەدان زانا و رێکخراو جەخت لەسەر پێویستیی سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی پلاستیک دەکەنەوە، بەڵام زۆرینەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری سووتەمەنی بەردینیی، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی پلاستیک و گروپەکانی لۆبی ئەمە رەتدەکەنەوە و داوای گرنگیدان بە باشترکردنی بەڕێوەبردنی پاشماوە و ریسایکڵکردنی پلاستیک دەکەن.
دەیڤید ئازۆلا پارێزەری باڵا لە سەنتەری یاسای نێودەوڵەتیی ژینگە بە رۆژنامەی گاردیانی راگەیاند: «ئەو بڕە پلاستیکانەی ئەمڕۆ بەرهەمی دەهێنین بە تەواوی کۆنتڕۆڵ ناکرێن، هیچ رێگەیەکیش نییە، چ لە رووی تەکنیکی یان سیاسییەوە، بۆ بەڕێوەبردنی، هاوکات ئامانجی کۆمپانیاکان ئەوەیە پلاستیکی زیاتر بەرهەمبهێنن، بەمەش دەبێت کاریگەرییەکانی بە شێوازێکی تر کەمبکرێنەوە».
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەیەکی نهێنی کە بەدەستی هێناوە، ئاماژە بەوە دەکات: «بوونی زۆر گروپی لۆبی پیشەسازیی، پێشکەوتنی پەیماننامەکە دەشێوێنن، ئەم ناهاوسەنگییە بەڵگە زانستییەکان لە بەرژەوەندی ئەجێندای کۆمپانیاکاندا پەراوێز دەخات، بەمەش پەیماننامەکە تێکدەدات». لە نێوان فشارەکانی کۆمپانیاکان و پیشەسازیی سووتەمەنی بەردینیی و ئاواتەکانی رێکخراوە ژینگەییەکاندا، ئەم خولەی کۆتایی کە لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت، دەرفەتێکی چارەنووسسازە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، چونکە جیهان رووبەڕووی تەحەدای زیاتر دەبێتەوە، کە لەم خولەدا بەڵگەی زانستیی بەهێزتر دەستەبەر دەبن، سەبارەت بەوەی چۆن پاشماوەی مایکرۆپلاستیک دزە دەکەنە نێو هەموو بەشێکی ژینگە و ئۆقیانووسەکان و جەستەمانەوە.
پلاستیک زریانێکی وێرانکەرە
زانایان و پسپۆڕان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش پێیانوایە، کۆمەڵگەی زانستیی بە بەڵگە سەلماندوویانە، پلاستیک زریانێکی وێرانکەرە، هەسارەکەمان ژەهراوی دەکات و ئیکۆسیستمەکان و ئەو سەرچاوانەی پێویستن بۆ ژیان لەناو دەبات، بەڵام چارەسەرەکان روونن، دەبێت وردە وردە بەرهەمهێنانی پلاستیک لە سەرچاوە سەرەکییەکانییەوە بوەستێنرێت، چوارچێوە و سنوورێکی جیهانیی بۆ دابنرێت وەک پەیماننامەی جیهانیی بۆ پلاستیک، بۆئەوەی گۆڕانکاریی ریشەیی لەو مەسەلەیەدا بکرێت.
هەروەها شارەزایان پێیانوایە ئێستا جیهان رووبەڕووی دوو هەڵبژاردەی ناڕاستەوخۆ دەبێتەوە، مەترسیدارترینیان بەردەوامبوونە لە سووڕانەوە لەناو گێژەڵووکەی پلاستیکدا، پشتگیریکردنی سیستمێکی ژەهراویی کە ژیانی مرۆڤایەتی لەپێناو قازانجدا دەکاتە قوربانیی یان سیستمێکی دیکە کە پابەند بێت بە داهاتوویەکی سەلامەتتر و تەندروستتر.
دواجار سەرکەوتن لە پەیماننامەکەدا واتا نەهێشتنی تەڵەی پلاستیکیی و کەمکردنەوەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و رێژەی شێرپەنجە و کەمکردنەوەی لەناوبردنی ژینگە و گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها بە مانای ملیۆنان دۆلار دێت لە تێچووی چاودێریی تەندروستیی، بەردەوامیی ژینگەیی، دەریا و زەریای تەندروستتر و لە سەروو هەمووشیانەوە ساڵانێک لە چارەسەرکردنی زیانەکانی پلاستیک پێش بەستنی پەیماننامەکە ئەگەر بگەنە رێککەوتن.
سەرچاوە: الجزیرة.نت

بابەتە پەیوەندیدارەکان