راپۆرتی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
بۆ زیادكردنی رووبەری سەوزایی و جوانكردنی سیمای شاری سلێمانی، سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بەردەوامە لە دروستكردنی پارك و باخچەی نوێ، ئەندازیار بەهرۆز سالار بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی، لە دیدارێكدا بۆ كوردستانی نوێ باس لە ئاودێری، وشكە ساڵیی و گرفتەكانی ئەمساڵ دەكات.
ئەو بەڕێوەبەرە سەبارەت بەوەی چەند باخچە و پارک لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەن، وتی: تەنها لە سنووری جوگرافیی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی 510 باخچەمان هەیە، جیا لەوەش حەوت پاركی گەورەمان لەناو شاردا هەیە، 85 بلواری سەرەكیشمان هەیە كە سەرجەمیان سەوزكراون و خزمەت دەكرێن.
کێشەی کەمئاویی
باسی لەوەشکرد لە وەرزی هاویندا بەتایبەت ئەمساڵ، گرفتی زۆر گەورەیان هەیە و ئاو لەژێر زەویدا نەماوە و كەمبووەتەوە، بەهۆی كەم بارانییەوە، بەشێكی زۆری بیرەكانیان وشكبوون، بۆیە لە ئێستادا پلانیان ئەوەیە ئەو دار و دەوەن و گوڵ و درەختانەی هەن بیانپارێزن، ئەو دەڵێت: لە شوێنێكدا ئەگەر توانیمان چیمەنەکانیش ئاودەدەین، ئەگەر نەمانتوانی ئاوی نادەین، چونكە چیمەنەكان دوای ماوەیەك لە ئاونەدانیان خۆیان دووبارە هەڵەدەدەنەوە، بۆ نموونە ئێستا لە پاركی ئازادی زیاد لە یانزە بیری ئاومان هەیە، بەڵام بەداخەوە لەو ژمارەیە 10 بیریان وشكبوون، ئەوی دیكەشیان ئاوی كەم تێداماوە، ئەمانەش هەمووی گرفتن بەهۆی ئەو وشكەساڵییەی هەموو هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە روودەدەن، بەهرۆز سالار، وتیشی: ئێمە ئاودێرییەكانمان بە 29 تەنكەر دەكەین، بەشێکی بەكرێ دەگرین بۆ ئاودێریی، ئەویش لە ئێستادا گرێبەستی كۆمپانیاكە تەواو بووە، لەم 10 رۆژەدا كە ئەو بۆشاییە دروستبووە بە تەنكەرە حكومییەكانی خۆمان ئاودێریی دەكەین.
ساڵانە لە سلێمانیدا چەند نەمام دەچێنرێ؟
ساڵانە بەپێی پلانێكی زۆر باش، نەمام و دەوەن دەچێنین، لە ساڵی 2024 دا نزیكەی 135 هەزار نەمام و دەوەنمان چاندووە. هاوکات بە بڕیارێكی سەرۆكایەتی شارەوانیی و ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی، هەر وەبەرهێنێك یان لایەنێك یاخود سەرمایەدارێك لەو شوێنەی خۆیدا بینایەك یان سیتییەك دروست دەکات، یان زەوییەكی پێدەدرێت ئەگەر پرۆژەكە (25 %) ی سەوزایی تێدا نەبوو، قەرەبووی پێ دەدرێتەوە كە لە دەرەوە و جێیەکی دیکە باخچەی پێ دروست دەكرێت و پێشی خزمەت دەكرێت، بۆیە ئێستا لەم كاتەدا شەش باخچەمان لە سەوزكردندان، سیانیان تەواوبووە، سێ باخچەی دیكەشیان لە جێبەجێكردندان.
بەهرۆز سالار:
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان رێژەی سەوزایی (19.6 ٪)ە، لەبەرامبەردا رێژەی ستانداردی جیهانیی دەبێت (20 ٪) بێت،ئەوەش بە سەوزكردن و كردنەوەی پارك و باخچە و خزمەتكردن و نۆژەنكردنەوەیان، نزیك دەبینەوە لە رێژەی ستانداردی جیهانی بۆ سەوزایی
رێژەی سەوزایی
بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی سەبارەت بە رێژەی سەوزایی لە سلێمانی وتی: بەو پلانانە و ئەو سەوزكردنانەی هەمانە، نزیك دەبینەوە لە رێژەی ستانداردی جیهانیی بۆ سەوزایی، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان رێژەی سەوزایی (19.6 ٪)ە لـەبـەرامبەردا رێـژەی ستانداردی جیهانیی دەبێت (20 ٪) بێت، ئەوەش بە سەوزكردن و كردنەوەی پارك و باخچە و خزمەتكردن و نۆژەنكردنەوەیان نزیك دەبینەوە لە رێژەی ستانداردی جیهانی بۆ سەوزایی.
قەیرانی مووچە و خانەنشینبوونی بەشێك لە فەرمانبەران
بەهرۆز سالار باسی لە قەیرانی مووچە و خانەنشینی بوونی بەشێک لە فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتییەکەیان و کاریگەریی ئەو قەیرانە لەسەر کارەکانیان کرد و وتی: قورسترین كارمان لە مانگەكانی حەوت و هەشت و نۆدایە، كە لەو كاتەداین، لە لایەكەوە 65 فەرمانبەرمان خانەنشین بوون، لەلایەكی دیكەوە ئاوی ژێر زەوی و سەرزەویمان كەمی كردووە، گەرمایەكی پروكێنەر رووی تێكردووین و قەیرانی مووچەشی لەسەر بێت، هەمووی لەم كاتەدا سەختییەكە بۆ ئێمە، بەڵام بەدەستخۆشییەوە بۆ تیمەكانمان بۆ ئەندازیارەكانمان و بۆ لێپرسراوی بەشەكان و بۆ باخەوانە دڵسۆزەكان و ئاودێر و شۆفێرەكان، كە هیچیان تا ئەم ساتە بۆ تەنیا رۆژێكیش ئەرک و وەزیفەی خۆیان بەجێنەهێشتووە و بایكۆتیان نەكردووە، لە خەمی سەوزایی و ژینگە و باخچەی شارەكەدا بوون، بەردەوام بەدڵسۆزییەوە كاریان كردووە.
تیم و کارەکانی بەڕێوبەرایەتییەکە
سەبارەت بە تیمەكانیان لە گەڕەكەكانی سلێمانی، وتی: بە 17 زۆنی كشتوكاڵیی بەپێی گەڕەكەكان و سنووری جوگرافیایی شار، تیمەکانمان دابەشبوون، هەمووی ستافی خۆیان و ئیدارەی كارمەندی خۆیان هەیە، هاوكات ئامێری خۆشیان هەیە كە لە سنووری گەڕەكەكاندا لە كاردان.
دواجار بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی باسی لەوە کرد بەردەوام لە هەوڵدان بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان، داوای کرد هاوكاریان بن لە پاراستنی سەوزاییدا، چونكە دروستكردنی كارێكی ئاسان نییە و وتی: داواكارم هاووڵاتییان زیاتر هاوكاربن بە ئاودێریكردن، پاراستنی سەوزاییەكان بە تایبەت لە وەرزی هەڵپاچیندا، نەمامەكان هەڵنەپاچن، بۆئەوەی نەخۆش نەكەون و سەوزییە جوانەكەیان وەك خۆی بمێنێتەوە، چونكە هیچ زانستێك نییە داوامان لێبكات نەمام هەڵپاچین.